بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی بیرگون، لە سەرەتای ساڵی نوێی 2019وە داڕمانێکی گەورەی ئابووری لە تورکیا دێتە ئاراوە.
لە هەواڵی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە تەنها لە مانگی کانوونی دوویەم/ڕێبەندان دا دوو هەزار و 417 کۆمپانیا، لە مانگی شوباتد/ڕەشەمە 682 کۆمپانیا، لە مانگی ئادار 780 کۆمپانیا، لە مانگی نیسان 623 کۆمپانیا، لە مانگی گوڵاندا 652 کۆمپانیا و لە مانگی حوزەیران /پووشپەڕدا 752 کۆمپانیا، لە تورکیا داخراون. بەو شێوەیەش لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، لە تورکیا لانیکەم پێنج هەزار و 906 کۆمپانیا داخراون.
بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان لە مانگی کانوونی دوویەم-ی ساڵی 2017دا هەتا مانگی حوزەیران-ی ئەمساڵ، 20 هەزار و 607 دوکان و کارگەی بچووک داخراون. بەو شێوەیەش بە تێکڕایی دەکاتە 38 کارگە لە ڕۆژێکدا کە داخراون.
یەکێتی ژووری بازرگانی تورکیا ئاشکرایان کردووە کە لە ساڵی 2017 دا 14 هەزار و 701 کارگە داخراون.
لە ئێستادا ئابووری تورکیا بەشێوەیەک داڕماوە کە تەنانەت بانکەکانیش لە قەیراندان. بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووریەوە بانکەکان لقەکانیان لە شار و شارۆچکەکاندا دادەخەن. بۆ نموونە لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا، 458 لق و نوسینگەی بانکی تورکیا لە شوێنە جیاوازەکانی ئەو ووڵاتەدا داخراون. لەو ڕێژەیەش، ساڵی پار 325 لق و نووسینگەی بانک داخراون، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا 133 لق و نووسینگەی تری بانکەکانی تورکیا داخراون.[1]
#11-08-2018#