ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (#هەپەگە#) لەبارەی چالاکیی هێزی گەریلا لە بارزان و چەلێ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. هەروەها هەپەگە ناسنامەی گەریلایەکی بڵاوکردەوە، کە لە #ئامەد# شەهید بووە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە
لە چەلێ 2 سەنگەری دوژمن تێکشکێنرا
هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید پیرۆز و شەهید ئاگری لە 10ی ئابی 2018 و لە کاتژمێر 09:50 دا لە گردی خەرەگۆل لە ناوچەی چەلێی جۆلەمێرگ چالاکییەکیان لە دژی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر ئەنجامدا. لە چالاکییەکەدا گورزی قورس لە سەنگەر و پەناگەکانی دوژمن دران و لە ئەنجامدا 2 سەنگەر و پەناگەیەکی دوژمن تێکشکێنران. ڕوون نەبووەتەوە لەو چالاکییەدا چەند سەربازی دوژمن کوژراون و برینداربوون.
لە بارزان 2 سەربازی تورکیا کوژران
هەر لەو ڕۆژەدا لە کاتژمێر 20:20 هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیدا لە گردی بایراق لە هەرێمی بارزان لە باشووری کوردستان هێزی داگیرکەریان کردە ئامانجی چالاکییەک. لەو چالاکییەدا گورزی قورس و سەرکەوتوانە لە سەربازانی دوژمن درا و لە ئەنجامدا 2 سەرباز کوژران. دوای چالاکییەکە هێزە داگیرکەرەکان بە تۆپی ئۆبیس و هاوەن ناوچەکەیان تۆپباران و هاوەنبارانکرد.
لە پاسوور ئۆپراسیۆن
سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر ڕۆژی 8ی ئابی 2018 بە پشتیوانیی یەکەی شاراوە لە نێوان پاسوور و باشووری مووش لە ئامەد دەستیکرد بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن. ئۆپراسیۆنەکە بە بەشداریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی ئاسمانی دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.
لە ئامەد گەریلایەک شەهید بوو
لە ڕاگەیاندراوی ڕۆژی 29ی تەمووزدا ڕامانگەیاندبوو، هێزەکانمان ڕۆژی 28ی تەمووز لە نزیک گوندی کژلنز لە ناوچەی لیجەی ئامەد خاڵێکی چاودێری و پشکنینی دوژمنیان کردبووە ئامانجی چالاکییەک و لە چالاکییەدا 8 سەربازی دوژمن کوژرابوون. لەو شەڕەدا هەڤاڵ ئارام بریندار بوو بوو و بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەکەوێتە دەست دوژمن بۆمبایەکی بە خۆیدا تەقاندووەتەوە و شەهید بووە. لە میدیای دوژمندا ڕاگەیاندرابوو، هەڤاڵ عوسمان گولەن ناسراو بە ئارام شەهید بووە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە و لەو شەڕەدا هەڤاڵ موراد چیفچی ناسراو بە هەڤاڵ ئارام شەهید بووە.
نازناو: ئارام ئامارگی
ناو و پاشناو: موراد چیفچی
شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ
ناوی دایک و باوک: سەبرییە - ناسر
شوێن و کاتی شەهیدبوون: ئامەد / 21ی تەمووزی 2018
هەڤاڵ ئارام ئامارگی لە چەلێی جۆلەمێرگ لەدایکبووە. هەڤاڵمان ئارام لە دوای لە دایکبوونی وەک شاهیدێکی شەڕی کوردستان گەورە بوو. کاتێکیش لە زانکۆدا خوێندوێتی دژبەیەکیی سیستم و دوژمنی لە نزیکەوە هەست پێکردووە. دوای ئەوە بڕیاریداوە بەشداری ڕیزی تێکۆشکانی ئازادیی کورد بێت.
هەڤاڵ ئارام ساڵی 2012 بەشداری ڕیزی گەریلا بوو. کەسایەتییەکی خاکیی هەبوو. بە پێداگری و داخواز و ورەیەکی بەرزەوە بەشداریی لە هەموو کار و ئەرکەکاندا دەکرد. چووە ئەیالەتی ئامەد، کە شەڕ تیایدا زۆر قورسە و تاوەکو دوا هەناسەی لەوێ فیداییانە و لێبوردانە بەشداریی کار و چالاکییەکانی کردووە. هەڤاڵ ئارام تاوەکو ساتی شەهیدبوونی وەک میلیتانێکی دڵسۆزی ڕێبەر ئاپۆ جوڵاوەتەوە و بە هەڵوێستە فیداییەکانی تاوەکو دوا گوللەی شەڕی کردووە.
بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵ ئارام، سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی چیفچی دەکەین و سەرەخۆشیش لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین و جارێکیتریش بەڵێن دەدەین، تاوەکو گەیشتنمان بە خەون و خولیای شەهیدەکانمان بۆ ڕێبەرایەتیی ئازاد و کوردستانێکی ئازاد بەشێوەیەکی بێ وێنە درێژ بە تێکۆشانەکەیان دەدەین.[1]
#11-08-2018#