دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم بڕیاریدا وەرگرتنەوەی قەرزی بچووک لە لاوانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی یەک ساڵ دوابخرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئاب، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند بەپێی بڕیاری وەزارەتی کار بە ژمارە (1061) لە 8ی ئابی 2018، بڕیاردراوە بۆ ماوەی یەک ساڵ وەرگرتنەوەی قەرز لە لاوان دوابخرێت.
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان لە وەزارەتی کاروو کاروباری کۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەهۆی قەیرانی دارایی و خراپی گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم ئه و بڕیارە دراوە.
پڕۆژەی قەرزی بچووک، لە ئەیلولی 2011 دەستیپێکردووه و لەسەرەتای کانوونی دووەمی 2016 بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەستێنراوە، بەڵام تائێستا هەشت هەزارو 137 کەس سوودمەند بوونە و بڕی 76 ملیارو 600 ملیۆن دینار بۆ لاوان خەرجکراوه و 31 ملیارو 113 ملیۆن دیناریش لە لاوان وەرگیراوەتەوە، هاوکات تائێستا 15% ئافرەتان و 85% پیاوان لە وەرگرتنی قەرزەکە سوودمەند بوونە.[1]
#13-08-2018#