بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدییەکان و بەرپرسی دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێندراونی ئێزدی ڕایگەیاند، زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی لەلایەن #داعش#ەوە ڕفێندراون و زیاتر لە 100 هەزار کوردی ئێزدی بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە. هەروەها تاوەکو ئێستا 3102 ئێزدی بێسەروشوێنن.
بەرپرسی دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی دەڵێت، کوشتنی زیاتر لە 2500 سڤیل و دۆزینەوەی 62 گۆڕی بە کۆمەڵ و ڕفاندنی زیاتر لە شەش هەزار 400 کچ و ژن و منداڵ تەقاندنەوەی 68 شوێنی ئایینی ئێزدییەکان و بێ دایک و باوککردنی نزیکەی دوو هەزار و 800 منداڵ و ئاوارەبوونی زیاتر 460 کەس، ئەگەر بەشی ئەوە نەکەن بۆ ناساندنی ئەو ڕووداوە گەورەیە بە جینۆساید، ئەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕێی چی زیاتر دەکات تاوەکو ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێنێت؟
لەمیانی بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لەبارەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی ڕووداو، لە هۆڵی دیڤان، لە شاری #هەولێر# خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدییەکان و بەرپرسی دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێندراونی ئێزدی ڕیگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ ئێمەی لێرە کۆکردووەتەوە، باسکردنی کۆمەڵکوژییەکی دیکەیە دژ بە پێکهاتەیەکی ئاشتیخواز و ژیانخواز، کە لەلایەن دڕندەکانی ئەو سەردەمە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام- داعش ئەنجامدراوە، کە بووەتە هۆی کوشتنی زیاتر لە 2500 سڤیل، بێجگە لەو قوربانیانەی تاوەکو ئێستا لەنێو 62 گۆڕی بە کۆمەڵدان.
خەیری بۆزانی، دەڵێت: زیاتر لە شەش هەزار 400 کچ و ژن و منداڵ ڕفێندراون و 68 شوێنی ئایینی ئێزدییەکان تەقێندراونەتەوە، نزیکەی دوو هەزار و 800 منداڵیش بێ دایک و باوک کراون، زیاتر لە 360 هەزار کەسیش ئاوارە بوونە، کە ماوەی چوار ساڵە لە کەمپەکاندا ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدییەکان، لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار ئێزدی بۆ وڵاتانی دیکە کۆچیانکردووە، هەروەها لە دەرهاوێشتە خراپەکانی غەزووە شومەکەی داعشدا بە هەزاران دایک و منداڵ، ژن و مێرد، کوڕ و باب لەیەکە جیاکراونەتەوە، کە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەزاران خێزانی ئێزدی.
خەیری بۆزانی، دەشڵێت: گۆڕینی بەزۆر ئایینەکەیان و کۆیلایەتیکردن و بە سەبیکردنی کچان و ژنان و دەستدرێژکردنە سەریان و کڕین و فرۆشتنیان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و سووکایەتی پێکردن بە مەزار و شوێنە ئایینییەکان و شۆردنەوەی مێشکی منداڵان و مەشقپێکردنیان بۆ کارە تیرۆریستییەکان، لە دەرهاوێشتە خراپەکانی غەزووە شومەکەی داعشن.
خەیری بۆزانی، دەپرسێت، ئەگەر ئەو ژمارە مەترسیدارانە و ئەو ڕەفتارە نامرۆڤانە بەشی ئەوە نەکەن بۆ ناساندنی ئەو ڕووداوە گەورەیە بە جینۆساید، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕێی چیدیکە لەوە زیاتر دەکات تاوەکو ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێنێت؟.
بەرپرسی دۆسیەی ڕزگارکردنی ڕفێندراونی کوردانی ئێزدی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات زیاتر بە ئەرکی مرۆیی و ئەخلاقی خۆیان بەرامبەر ئێزدییەکان هەڵبستن.
خەیری بۆزانی، داواش دەکات، #شنگال# وەک دەڤەرێکی ململانێی سیاسی و سەربازی نەمێنێت و لە مین و تەقەمەنییەکان پاکبکرێتەوە و دەست بە ئاوەدانکردنەوەی بکرێت و ئەو تاوانبارانەشی دەستیان لە کوشتن و بڕین و سەبی و دەستدرێژی سەر خەڵکی شنگال هەبووە، ئەوانەشی لەڕووی مەعنەوی و لۆجستییەوە هاوکاری تیرۆریستانی داعشی کردووە، دادگایی بکرێن و خەڵکی زەرەرمەندی شنگال قەرەبوو بکرێنەوە، قەرەبووی گەورەش بە جینۆسایدناساندنی ئەو مەرگەساتەیە.
هەر بە گوتەی خەیری بۆزانی، لە کۆی شەش هەزار و 417 ڕفێندراوی کوردی ئێزدی، تاوەکو 3 هەزار و 315 کەس ڕزگارکراون، تا ئێستاش سێ هەزار و 102 کەس بێسەروشوێنن، تەنها ئێمە لە نووسینگەی ڕفێندراوان ئێزدی کە ڕاستەوخۆ سەر بە نووسینگەی تایبەتی ڕێزدار #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، 2011 کەسمان ڕزگارکردووە، بۆیە لێرەوە بەناوی خۆمان و خانەوادەی ڕزگاربووەکان سوپاس و پێزانینمان بۆ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەیە، کە لە ڕێگەی ماددی و مەعنەوییەوە لە نزیکەوە ئاگاداری کارەکانمان بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-8-2018، یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە هۆتێل دیڤانی هەولێر بەڕێوەدەچێت، کۆنفرانسەکە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو و ئۆفیسی ڕزگارکردنی ڕفێندراوە ئێزدییەکان ڕێکخراوە و تۆڕی میدیایی ڕووداو سپۆنسەری کۆنفرانسەکەیە.[1]
#15-08-2018#