دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەنکەرە و واشنتۆن، بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برونسون و دابەزینی بەهای لیرەی تورکی، کاریگەری ئه و دابەزینە سنوری تورکیای تێپەڕاند و کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی دراو و بانکە عەرەبی و ئەوروپییەکان دەرکەووتوە.
پێنوێنی MSCI نێودەوڵەتی کە چاودێری ئاڕاستەی پشکەکان و پێنوێنەکان لە 47 وڵات دەکات، ئاشکرایکردووە، بەهۆی قەیرانی تورکیا و دابەزینی بەهای لیرە بەرێژەی 0.5% هاتەخوارەوە.
بەپێی ئاماری بانکی پاکتاوی نێودەوڵەتی، شایستە هەندێک لە بانکە نێودەوڵەتییەکان کە لای بانکە تورکییەکانە، بەمشێوەیە: قەبارەی مەترسیەکانی بانکە ئیسپانیەکان لە تورکیا 83.3 ملیار دۆلارە، قەبارەی بەشداری بانکە ئیسپانیاکان لە تورکیا نزیکەی 4.53%.
شایستەی قەرزدەرە فەرەنسییەکان 38.4 ملیار دۆلارە، بەپێی بانکی JB MORGAN قەبارەی بەشداری فەرەنسا لە تورکیا 1.14% ە.
قەبارەی مەترسییەکانی بانکە ئیتاڵیەکان لە تورکیا 17 ملیار دۆلارە و بڕی بەشدرایان لە تورکیا 2.05%، قەبارەی مەترسی بانکە ئەڵمانیەکان لە تورکیا 12 ملیار دۆلارە و شایستەی بانکەکانی ژاپۆن 14 ملیار دۆلارە و شایستەی بانکە بریتانیەکانیش 19.2 ملیار دۆلارە، بەڵام قەبارەی مەترسیەکانی ئەمریکا لە تورکیا 18 ملیار دۆلارە.
هاوکات ڕۆژنامەی فایننشاڵ تایمز لە لاپەڕەی یەکەمدا لە ڕاپۆڕتێکدا ئاماژەی بە کارییگەرییەکانی پەتای دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لەسەر ئابووریی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو کردوە.
رۆژنامە نوسیویەتی ڕەشەبای قەیرانی تورکیا زۆریبەی بازاڕی پشک و سەندات و دراوەکانی شڵەژاندوە و پسپۆرانیش هۆشداری دەدەن، کە ئه و پەتایە وڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە بانکی ناوەندی ئەرجەنتین بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو تێکڕای بەهای سوودەکانی بەرێژەی 5% بەرزکردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بۆ شەشەم ڕۆژ لەدوای یەک بەهای (بیزو)ی ئەرجەنتینی هاتەخوارەوە.
کاتی نیکسون سەرۆکی کەرتی وەبەرهێنان لە کۆمپانیای نوردن ترانس بۆ خزمەتگوزاریی دراو دەڵێت مەترسی ئەوە هەیە کە ئه و لە تورکیادا ڕودەدات، تەنیا لە ناو تورکیا نەمێنێتەوە.
بانکی ناوەندی ئەوروپاش بەوردی چاودێری هەڵوێستی قەرزەدەرە ئەوروپییەکان دەکات کە قەرزیان بەتورکیا داوە، هەوڵ دەدات هەر گرفتێک هەبێت بەپەلە چارەسەری بکات.
رۆژنامەی گاردیانی بریتانیش لەسەروتاری ژمارەی ئەمڕۆدا باسی لە قەیرانی دارایی تورکیا کردوە و نوسیویەتی کاتێک دەکەوێتە چاڵێکەوە باشتروایە وازلە هەڵکەندنی چاڵەکە بهێنێت و قوڵتری نەکەیت، بەڕێز ئەردۆغان.
گاردیان، نوسیویەتی پێشبینی ناکرێت ئه و ڕێوشێنە کتوپڕانەی ئەردۆغان ڕایگەیاندووە بەس بێت بۆ ئەوەی چارەسەری بارودۆخەکە بکات، پێشبیشی کردووە بانکی ناوەندی تورکیا بەشێوەیەکی کتوپڕ بەهای سووەکان بەرزبکاتەوە، ئەوە دەبێتەوە هۆی پشوێی ئابووری و زیادبوونی بێکاری لە تورکیا کە ئەردۆغان دژییەتی.[1]
#15-08-2018#