بریکاری پێشووی #وەزارەتی دارایی# عێراق ڕایگەیاند کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، کاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێران دەبێت، بە درێژەکێشانیشی زیان بە ئابووریی عێراق دەکەوێ.
دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئەمریکا بەشێک لە گەمارۆکانی گەڕاندەوە سەر ئێران. سەپاندنی گەمارۆکان بە دوو قۆناغ دەبێ، قۆناغی یەکەمیان لە ڕۆژی شەشی ئەم مانگە چووە واری جێبەجێکردن و گەمارۆ خراوەتە سەر بازرگانیی ئۆتۆمبێل، زێڕ و مادە کانزاییەکانی دیکە، لەقۆناغی دووەمیش کە لە 5/11/2018 دەستپێدەکات، گەمارۆ دەخرێتە سەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە و بانکی ناوەندیی ئێران.
هەرچەندە هێشتا هەموو وڵاتان ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران نەپچڕاندووە، بەڵام لەئێستاوە کاریگەری گەمارۆکە لەسەر ئابووریی ئێران دەرکەوتووە و تومەن بەهای خۆی تا ئاستێکی زۆر لەدەستداوە.
د.فازڵ نەبی، برێکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بە (رووداو)ی ڕاگەیاند: گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەری لەسەر جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران دەبێت، چونکە لە بواری نەوت و غازدا، ئاڵوگۆڕێکی گەورە لەنێوان هەردوو وڵات هەیە.
ئەگەرچی عێراق پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام بە گوتەی فازڵ نەبی، عێراق ناتوانێ پابەندی بڕیارەکانی ئەمەریکا نەبێت چونکە مامەڵە داراییەکانی عێراق لە ڕێگەی بانکەکانی ئەمەریکاوەیە، بەتایبەتیش بانکی جی پی مۆرگن کە پاڵپشتیی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لەڕووی داراییەوە بکەوێتەوە سەرپێ، بۆیە ئەگەر تەنیا ئەم بانکە واز لە پاڵپشتی عێراق بهێنێ، عێراق تووشی گەورەترین نسکۆی دارایی دەبێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، د.فازڵ نەبی، گوتی: گەمارۆی سەر کەرتی نەوتی ئێران، کاریگەری زۆری لەسەر هەرێمی کوردستان نابێ، چونکە هیچ پەیوەندییەکی لە بواری وزە لەگەڵ ئێراندا نییە، بەڵام کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەت لەسەر ئەو کاڵایانەی کە بازرگانان ئێران و هەرێمی کوردستان وەک ترانزێت بەکاردێنن.
د.فازڵ نەبی پێیوایە ئەگەر هەرێمی کوردستان ژیرانە مامەڵە بکات و دەرفەتەکان بقۆزێتەوە، دەتوانێ سوود لەو گەمارۆیەی ئەمریکا وەربگرێ :بەهۆی دابەزینی نرخی تومەن، ئێستا خەڵکی کوردستان کاڵای ئێرانییان بە هەرزان دەستدەکەوێت، حکومەتیش لەڕێگەی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەتوانێ کارگەی زۆر گەورەی وەبەرهێنانی کاڵا خۆراکییەکانی ئێران لە کوردستان دابمەزرێنێ، لە جیاتی هاوردەکردنی کاڵای ئێران، کاڵا بەرهەم بهێنێ.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی، لە دوو ساڵی پێشتر و شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هەرێمی کوردستان بایی 3 ترلیۆن و 974 ملیار و 405 ملیۆن دینار ئاڵوگۆڕی لەگەڵ ئێراندا هەبووە. لە ساڵی 2016دا یەک ترلیۆن و 818 ملیار و 405 ملیۆن دینار. لە ساڵی 2017دا ترلیۆنێک و 320 ملیار دینار، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە گەیشتووەتە 736 ملیار و 600 ملیۆن دینار، کە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو نزیکەی 10% زیادی کردووە.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی بە (رووداو)ی گوت :بەهۆی دابەزینی نرخی تومەن، بازرگانان ڕوویان لە هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی کردووە. ڕۆژ بە ڕۆژ قەبارەی هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان لەزیادبووندایە.
نەوزاد ئەدهەم پێیوایە ئەگەر عێراق گومرگ لەسەر ئەو کاڵایانە دانەنێ کە لە کوردستانەوە هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرێن، ئەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییە دوو هێندەی ئێستا دەبوو.
#نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبوون بە گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران لە چوارچێوەی بڕیارەکانی عێراقدا هەنگاو دەنێت و پابەندی بڕیارەکانی عێراق دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوامان لەئەمەریکا کردووە و لەگەڵ عێراقیش لەوبارەوە قسەمان کردووە، دەمانەوێت شاندێکی ئەمەریکا سەردانی ئێمە بکات و بەرچاوڕوونیمان پێبدات لەسەر ئەوەی چ شتێک دەبێت بکرێت و چ شتێک نابێت بکرێت.
نەوزاد ئەدهەم، دەڵێت: تا عێراق پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکانی ئەمەریکاوە ڕانەگەیەنێ، ئێمە هیچ کۆتوبەندێکمان لەسەر بازرگانان بۆ هاوردە و هەناردەی کاڵا بۆ ئێران، لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان نابێت.
هەرچەندە هێشتا عێراق بڕیاری ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی هیچ کاڵایەکی لەگەڵ ئێران نەداوە، بەڵام لەئێستاوە بەشێک لە بازرگانان ترسیان لێ نیشتووە.
حاجی فەقێ هەڵشۆیی، خاوەنی کۆمپانیایەکی هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی دەڵێت: بەهۆی هەڵکشان و داکشانی نرخی تومەن، کارگەکانی ئێران بەگوێرەی نرخی تومەن بەرامبەر بەدۆلار نرخ بەرز و نزم دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هەرزانبوونی بەشی زۆری کاڵاکان بەراود بەساڵی ڕابردوو، قەبارەی هاوردەکردنی کاڵامان 150% زیادی کردووە.
حاجی فەقێ ساڵانە بایی 2 ملیۆن دۆلار کاڵای ئێرانی هاوردە دەکات، ئەو دەڵێت: ساڵی ڕابردوو لەم وەرزەدا مانگانە نزیکەی 5 ترێلە کاڵامان دەهێنا، بەڵام ئێستا مانگی وا هەیە 30 ترێلە کاڵا هاوردە دەکەین، بۆیە ئەگەر بازاڕ بەم شێوەیە خۆش بێت، لەوانەیە ئەمساڵ قەبارەی هاوردەکردنی کاڵامان بکاتە 4 ملیۆن دۆلار.
بە گوتەی حاجی فەقێ هەڵشۆیی، ئێستا کاڵای ئێرانی هەرزانترینە لە بازاڕ، بەو هۆیەوە خواست زۆر بووە، بەڵام ترسی هەیە کە عێراق پابەند بێ بە بڕیارەکانی ئەمریکا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران ڕابگرێ.
$نرخی گواستنەوەی کاڵا زیاد بووە$
گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، نرخی گواستنەوەی کاڵای لە چین و وڵاتانی دیکەی ئاسیاوە بۆ بەندەر عەباسی ئێران سێ بەرامبەر زیادکردووە.
بیلال سدیق، بازرگانێکی شاری #هەولێر#ە، کەلوپەلی ئەلیکترۆنی و نێوماڵ لە چینەوە بەڕێگەی ئێراندا دەهێنێتە هەرێمی کوردستان. ئەو دەڵێت: بەهۆی گەمارۆی ئابووریی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بەشێک لە وڵاتان گەشتی کەشتییە بارهەڵگرەکانیان بۆ بەندەر عەباس ڕاگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی نرخی هاوردەکردنی کاڵا لەچینەوە بۆ هەرێمی کوردستان بەرێگەی ئێراندا، بۆ نموونە مانگێک بەر لەئێستا کۆنتێنەرێک کاڵا لەچینەوە بۆ بەندەر عەباس بە 500 تاوەکو 600 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بۆ 2,250 دۆلار زیاد بووە، ئەمەش لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵای ئەلیکترۆنی و نێو ماڵ دەبێت.[1]
#16-08-2018#