نووسینی: هاوکار عەبدوڵڵا شێخ وەسانی
هەولێر 2017
پەرتووکی (دین و جیهانبینی مەلای گەورە) سەرجەمی نووسینەکانی ناوی هەڵێنجراوی نێو تەفسیری مەلای گەورەن، کە پێکهاتووە لە زیاتر لە (35) باس (بحث)م کوورت و درێژ.
تەفسیری مەلای گەورە یەکێکە لە شاکارە هەرە گەورە و درەشاوەکانی پەرتووکخانەی کوردی، بە جۆرێک بە شایەتی زۆربەی شەرعزان و موفەسیرەکان ئەگەر ئەم تەفسیرە بە زمانی عەرەبی کرابووایە دەچووە ڕیزی تەفسیرە بەناوبانگەکانی جیهانی ئیسلامی.
نووسەر و ئامادەکاری (دین و جیهانبینی مەلای گەورە) لە پێشەکی پەرتووکەکەدا دەنووسێت: “سەرەتا کە دەستم بە خوێندنەوەی تەفسیرەکەی مامۆستای گەورە کرد لە هەر شوێنێک ڕستەیەک یان باسێک سەرنجی ڕاکێشابام ڕاستەوخۆ لە کۆمپیوتەر تایپم دەکرد، کاتێکیش سەرجەمی دە بەرگەکەم تەواوکرد سەرەتا بڕیارمدا ناوێک بۆ کۆی بابەتەکان هەڵبژێرم و بە شێوەیەکی پەرش و بڵاو با ڕێکخستن بە چاپیان بگەیەنم، بەڵام هەستم کرد لەبەر بڵاوی بابەتەکان و پچڕانیان لە یەک لەوانەیە وەک پێویست کەڵک نەگەیەنن بە خوێنەر، بۆیە هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و لێک نزیکن لەژێر ناوێک کۆم کردنەوە و لە شێوەی (بەحس) ڕێکم خستن، بەم شێوەیە زیاتر لە (35) بەحسی گەورە و بچووکیان لێ بەرهەم هات”
وە لە بارەی ڕێنووسی ئەم پەرتووکە نووسەر ئێژێت: “بە پێویستی دەزانم لێرەدا بڵێم لەکاتی نووسینەوەی ئەو بابەتانەی لە تەفسیری مەلای گەورەم دەرهێناون، ڕاستەوخۆ هێناونم بۆ سەر ڕێنووسی نوێی کوردی، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ماناو مەبەستەکە. مەگەر وشەیەک یان ڕستەیەک بیرم چووبێت، یاخود بە هێنانە سەر ڕێنووسی نوا مانا سەرەکییەکەی بگۆڕێت، لەم حاڵەتە بەباشترم زانیوە وەک خۆی بیهێڵمەوە، بۆ ئەوەی شێوەی نووسینەکەی مامۆستا نەگۆڕم و چێژی نووسینەکەی تێک نەدەم”
کاری نووسەر لەم پەرتووکەدا بەدواداچوون و ڕێکخستنی هەموو ئەو پرسە گرنگانەیە کە مەلای گەورە لە تەفسیرەکەیدا بایەخێکی باشی پێداون، بۆ درێژنەکردنەوەی باسەکان هەوڵی داوە کەمترین کۆمێنتی خۆی هەبێت لەسەریان. بۆیە لێرەدا زیاتر کار لەسەر ئاشناکردن و ناساندنی بیر و هزری مەلای گەورە کراوە لە ڕوانگەی تەفسیرکردنی ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز.
جێگەی ئاماژەکردنە دەتوانین بڵێین پەرتووکی (دین و جیهانبینی مەلای گەورە) کوورتە و پوختەی بابەتە گرینگەکانی تەفسیری مەلای مەلای گەورەیە کە کاتی خۆی مەلای گەورە لە ساڵی 1934 بۆ 1943 لە ماوەی 10 دە ساڵ لە دوو توێی دە بەرگدا تەفسیرەکەی نووسیوە.
شایەنی باسە بەشی دووەمی پەرتووکەکە ژیان و ئەزموونی مەلای گەورە نووسەر لەم پەرتووکەدا هەوڵیداوە کارێکی تەواو جیاواز بکات لە سەرجەمی ئەو نووسینانەی کە تا ئێستا لەسەر ئەم کەڵە زانایە کراون، بە جۆرێک قسەی کردووە لەسەر کۆی ئەو کار و هەڵوێستانەی کە لە ژیانی مەلای گەورە پنتێکیان داگیر کردووە و ئەسپی خۆی تیادا تاوداوە، بۆ ئەم مەبەستە سوودی وەرگرتووە لە بەرهەم و نووسینەکانی مەلای گەورە و بۆچوونی نزیکانی مەلای گەورە و ئەو پەرتووکانەی کە لایەنێکی ژیانی ئەم زانایەیان دەرخستووە.