جەنابی #مەسعود بارزانی# - سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#
بەرێزان/ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی
سڵاوی هاوخەباتی گەرم..
خۆشحاڵین، بەناوی مەکتەبی سیاسی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ەوە، بەبۆنەی (72) ساڵەی دامەزراندنی پارتە تێکۆشەرەکەتان، پیرۆزبایی گەرمتان لێبکەین.
(72) ساڵ لەمەوبەر، لەهەلومەرجی دوای جەنگی دووەمی جیهاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ باشتر ڕێکخستن و ڕابەرایەتیکردنی لایەنە سیاسیەکانی کوردایەتی، لەسایەی کۆمارە بەکۆرپەیی ڕوخێندراوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دامەزراو له و قۆناغەداو، لەمێژووی نوێی سیاسی ئه و سەردەمەدا، هەتا شۆڕشی ئەیلول، پارتی ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا. لەدوای خیانەتنامەی جەزائیرو بەرپابونەوەی شۆڕشی نوێشدا، سەرەڕای دۆخی دژواری شۆڕشەکه و دۆخەکە، دیسان، پارتی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو.
لەدوای دامەزراندنی بەرەی کوردستانییەوە، پەیوەندی یەکێتی و پارتی، هەروەها لایەنەکانی تری کوردستانی، گوێزرایەوە بۆ قۆناغی بەرپرسیارێتی ڕزگاری و دیموکراسی نەتەوەیی هاوبەش. سەرەنجامەکەی ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بوو. پاشان، گەوهەری ئەم پەیوەندییە، گەیەندرایە ستراتیژی ڕوخاندنی سەدام و دەستکەوتە مێژووییەکان دوای ئەوە، لەپێشەوەدا، دەستەبەرکردنی فیدراڵ لەدەستوری هەمیشەیی عێراقدا.
کۆی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، هەتا هەنوکەش، بەری خەباتی هاوبەشمانن. دیارە هێشتا مێژوو ئەرکی گەورەی خستۆتە ئەستۆمان..
یەکێتی، ئەم بۆنە پیرۆزەتان بە هەل دەزانێ. جەخت بکاتەوە کەوا:
بە ئەزمون وەرگرتن، لەتەواوی ئەزمونەکانمان، ئامادەی درێژەپێدانی خەباتی هاوبەشین لەعێراق و کوردستان و ناوچەکەشدا. بەئومێدی ئەوەی، هەردوولامان، ماف و ئەرکەکانمان بزانین و هاوسەنگی دابینکردنی مافەکان و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان، لەسەرجەم بوارەکاندا، بهێنینەدی.
بەرێزینە!
هێشتا ڕێی خەباتمان دورودرێژە. هێشتا ڕێڕەوی هاوبەشمان پڕ لە کەندو کۆسپە. بۆیە ئەرکمانە، یەکڕیزیی ماڵی کوردستان ببوژێنینەوه و حکومەتی کوردستان کاراتر بکەینەوه و تەنگوچەڵەمەکان چارەسەر بکەین، لەپێشەوەدا، گۆڕانکاری لەسیستەمی حوکمڕانی و سەروەری یاساو ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی. بۆئەوەی، بەم یەکڕیزییه و بەحکومەتێکی بەهێزو بەدڵنیایی سیاسیەوە، بەشداری کاریگەر لەپێکەوەنانی حکومەت دوای هەڵبژاردنی عێراق بکەین و ئەمجارە، بەکردەوە، حکومەتی عێراق، پابەندی دەستورو پشکی ڕاستەقینەی کورد بێ، لەپێشەوەدا، مافی ئابوری و مافەکانی پێشمەرگه و ڕێسای نوێی نەوت و گاز و جێبەجێکردنی مادەی (140).
خوشک و برایان!
یادی پارتیتان پیرۆز بێ. گیانی پاکی شەهیدانتان لەگەڵ تێکڕای شەهیدانی کوردستان، ئاسودە بن. ئاڵای چارەی خۆنوسینمان هەر شەکاوە بێ.
لەگەڵ ڕێزی
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#16-08-2018#