بەپێی وتەی کڕیار و فرۆشیاران لە مەیدانی ئاژەڵان بەهۆی جەژنی قوربان یەک کیلۆ گۆشتی سوور بڕی هەزار و 500 دیناری چوەتە سەر و وەزارەتی کشتوکاڵیش ڕایدەگەیەنێت، کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ بەراورد بە پارساڵ زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار ئاژەڵ بە هەموو جۆرەکانیەوە لە جەژنی قوربان سەردەبڕدرێن و پێداویستی ناوخۆی ڕۆژانەی پارێزگاکانی هەرێم بە گۆشتی سوور بەمشێوەیەیە، #هەولێر# 1700 تەن، #دهۆک# 1200 تەن، #سلێمانی# 2000 تەن.
هەر بەپێی ئامار و داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لەڕۆژێکی ئاساییدا لە هەر پارێزگایەک لە نێوان 100 بۆ 120 ئاژەڵی گەورە سەردەبڕدرێت و زیاتر لە 200 ئاژەڵی بچوکیش لەسەربڕخانەکان سەردەبڕدرێن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئاب، نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی هەرێم کوردستان بەمشێوەیەیە، مەڕ (بەردیل): 4000 دینار، بەران (شەک): 4250 دینار، خەرت (تەگە): 4000 هەزار، سەرەمەڕ: 3500 دینار، بزن:3750 دینار، گۆلک: 5500 دینار، جوانە گا : 5000 دینار و چێل: 4000 دینار.
وەک نەریتێکی ئاینیش، ساڵانە لەجەژنی قورباندا بەشێک لە هاووڵاتیان و خێرخوازان ئاژەڵ دەکڕن و دوای سەربڕینی، گۆشتەکەی دەکەن بەخێر و بەماڵاندا دەیبەخشنەوە، ئەمەش نرخی گۆستی سووری بۆ هەر کیلۆیەک هەزار و 500 دینار بەرزکردۆتەوە.
خەسرۆ یاسین کە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر کاری کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکات بۆ دواڕۆژ ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر بەراورد بکەین لەگەڵ جەژنی قوربانی پارساڵ بە ڕێژەی 20% بۆ 30% قوربانیکردن زیادیکردوە، به و هۆشەیەوە نرخی گۆشتی زیندە قەپان زیادیکردوه و بەشێوەیەکی گشتی یەک کیلۆ گۆشت هەزار و 500 دیناری هاتۆتە سەر بەراورد بە ڕۆژانی ئاسایی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئاژەڵی بچوک زیاتر دەفرۆشرێت وەک لە ئاژەڵی گەورە.
رەسوڵ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەپێی ئه و ڕێژەیەی تائێستا هەیە، دەردەکەوێت قوربانیکردن ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشوو کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، ڕێژەکە زیاتر بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، کۆمەڵێک هۆکار هەیە لەوانە باشتربوونی باری دارایی و گوزەرانی خەڵک بوونەتە هۆکاری ئەوەی خەڵک زیاتر توانای هەبێت ئاژەڵ بکڕێت بۆ قوربانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ ئاژەڵێکی زۆر هاوردەی هەرێم کراوە، بەڵام به و جۆرەی ئێستا کە خەڵک زیاتر قوربانی دەکات وایکردوە گۆشت لە مەیدانەکان نرخی بەرزبێتەوە.[1]
#20-08-2018#