بەڕێوەبەری #بەنداوی دوکان# ڕایگەیاند، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەنداوەکەیان 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کەمتری تێدایە و گوتی، ئاستی ئاوی بەنداوەکە سێ مەتر لە ساڵی پێشوو نزمترە.
حەمەتاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەکەیان کەمیکردوە، چونکە ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا چوار ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا هەبوو، ئێستا بووەتە سێ ملیار و 500 ملیۆن مەترە سێجا.
بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان باسی لەوەشکرد، هۆکاری کەمکردنی ئاوی بەنداوەکە پەیوەندی بە کەمی باران و گرتنەوەی بەشێک لە ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێرانەوە هەیە و گوتیشی گرفت بۆ ئاوی خواردنەوەی ماڵان دروستنابێت، چونکە ئێستا بۆ ئەو مەبەستە ئاوی عەمبارکراوی پێویست هەیە.
بەنداوی دووکان لەساڵی 1959 لەلایەن کۆمپانیایەکی بەریتانی وەک یەکەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستکراوە، تەواوی بەنداوەکە حەوت ملیار مەترە سێجا ئاو دەگرێت و ئێستا سێ ملیار و 500ملیۆن مەترە سێجا ئاوی تێدایە. لەڕێگەی ئەو بەنداوەوە ئاو بۆ سنووری پارێزگای #سلێمانی# دابیندەکرێت.
لە کاتی دروستکردنی بەنداوەکەوە تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بەتەواوەتی بەنداوەکە پڕ ئاو نەبووە و زۆرترین ئاو لەو بەنداوەدا عەمبارکرابێت ساڵی 1988بووە کە ئەو کاتە شەش ملیار مەترە سێجا ئاوی تێدابووە.[1]
#20-08-2018#