گرانییەکانی ئێران ڕەنگە زیاترین کاریگەرییان لەسەر چینی کرێکار دانابێت. نرخەکان بەرزبوونەتەوە، بەڵام حەقدەستی کرێکاران هەر وەک خۆیەتی، نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەو حەقدەستە کەمەش یا بە قەرز و قۆڵە دەدرێ یا کارخانەکان چەندین مانگە هیچیان نەداوە.
بەگوتەی چالاکڤانانی کرێکاری، سەبەتەی بژێوی هەر بنەماڵەیەک 5 ملیۆن و 300 هەزار تمەنە، کەچی مووچەی ئێستای کرێکاران کۆتایی زستان بەپێی سەبتەی بژێوی 2 ملیۆن و 700 هەزار تمەن دیاریی کرا. کە لانیکەم حەقدەستی ئەمساڵ 1 ملیۆن و 116 هەزار تمەن ڕێککەوتنی لەسەر کرا.
ئەنجوومەنی باڵای کار کە لە نوێنەرانی حکومەت، خاوەنکارەکان و کرێکاران پێکدێت، لانیکەمی حەقدەست بەپێی هەڵاوسانی ساڵانەیان سەبەتەی بژێوی بنەماڵەیەک دیاریی دەکات.
سەبەتەی بژێوی خەرجییەکانی دەرمان، تەندروستی، خۆراک، خوێندن، هاتووچۆ و خەرجییە ڕۆژانەکانی دیکەی بنەماڵە دەگرێتەوە. نوێنەرانی کرێکاری دەڵێن: ئەمڕۆ کرێکاران 72 لەسەدی توانایی کڕینی خۆیان لە دەستداوە.
ئەمە نوێنەرانی کرێکارانی لە ئەنجوومەنی باڵای کاردا گەیاندە ئەو بڕوایەی، کە هەوڵبدەن لانیکەم حەقدەست بەرز بکەنەوە. یان ڕێگایەک بگیرێتەبەر کە قەرەبووی دابەزینی توانای کڕینی کرێکاران بکاتەوە.
ئەنجومەنی باڵای کار هەفتەی داهاتوو لەم پەیوەندییەدا کۆدەبێتەوە، بەڵام گەیشتن بەرێکارێک کە فریادڕەسی چینی کرێکار بێت، زۆریش ئاسان نیە.[1]
#23-08-2018#