لەگەڵ کردنەوەی ڕێگای پردێی نێوان #هەولێر# و #کەرکووک#، ژمارەی گەشتیاران لە ناوچە گەشتیارییەکانی باشووری کوردستان زیاد بووە، بەجۆرێک ناوچەیێکی وەکو دەڤەری #سۆران#، ڕۆژانە نزیکەی 15 هەزار گەشتیاری عەرەبی بۆ دەچێت.
ئێستا گەشتیاران لە کەرکووکەوە بە کەمتر لە سێ کاژێر دەگەنە هاونیهەواری بێخاڵ، بەڵام هێشتا گەشتیاران گلەییان هەیە.
سارا کەریم یەکێکە لەو گەشتیارانەی بۆ جەژنی قوربان ڕووی لە ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران کردووە و دەڵێ ئێستا ڕێگا زۆر باشە و بازگەکان کاری گەشتیاران دواناخەن، بەڵام بۆ هەر کەسێک 10 هەزار دیناری ئیقامە وەردەگرن، ئەگەر ئەوەش نەمایە گەشتیارێکی زیاتر لە بەغداوە ڕوویان لە کوردستان دەکرد.
ئەمساڵ 80 کۆمپانیای گەشتیاری عێراقی گرێبەستی هێنانی گەشتیاریان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و، ڕۆژانە لە ڕێگەی کەرکووکەوە نزیکەی 25 هەزار گەشتیار دەهێننە سنووری پارێزگای هەولێر.
عەبدوڵا محەممەد، کارمەندی کۆمپانیای گەشتیارییە و دەڵێ ئێستا جیاوازی ڕێگا لەگەڵ پێشوودا چوار کاژێرە، پێشتر ئێمە بە حەوت کاژێر دەگەیشتینە ئێرە، بەڵام ئەمڕۆ سێ کاژێرمان پێویست نەبوو بۆ گواستنەوەی گەشتیاران لە کەرکووکەوە بۆ گەلی عەلی بەگ.
لە شەش مانگی ئەمساڵدا ژمارەی گەشتیاران ئاستی پێوانەیی لە باشووری کوردستان تۆمارکردووە، بەجۆرێک لە یەک ملیۆن گەشتیار تێپەری کردووە.
مەولەوی جەبار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2013 ژمارەی گەشتیاران لە ملیۆنێک تێپەری کرد، بەڵام شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان بوو بە یەک ملیۆن و 310 هەزار کەس، کە ئەمەش دڵخۆشکەرە.
لە پاڵ وەبەرهێنان لە ناوچە گەشتیارییەکاندا، تائێستا پاڵنەری سەرەکی بنەمای گەشتیاری خۆڕسکە کە ئه و ژمارە زۆرەی گەشتیارەی له و دەڤەرە کۆکردووەتەوە.[1]
#23-08-2018#