دواڕۆژ، سامان قوبادی
=KTML_Bold=زیاتر لە 200 کافتریای نێرگەلەکێشان لە #سلێمانی# هەیە، گەنجانیش بەهۆی بێکاری و بۆشایی لە ژیانیاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوویان له و دیاردەیە کردووە. لە بەشێک له و کافێیانەدا قوماریش دەکرێت.=KTML_End=
$کافتریاکان و هەلی کار$
عەلی ڕەئوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند زیاتر لە 200 کافتریای نێرلەگەلەکێشان لە سلێمانی کراونەتەوە، بۆ پێدانی مۆڵەتیش سەرەتا نووسراو دەکرێت بۆ شارەوانی سلێمانی بۆ ئەوەی بزانرێت شوێنەکەی گونجاوە یان نا، دواتر نووسراو دەنێرین بۆ باج-ی دەرامەت و ئاسایش، هەمانکات پێویستی بە بوونی ژمارە حسابێکی بانکی هەیە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی لەبارەی ئه و ڕێژە زۆرەی کافتریای نێرگەلەکێشانەوە وتی کۆمەڵێک مەرجی یاساییمان داناوە. دواتر خاوەنی کافتریاکە خۆی بەرپرسیارە و ئێمە ڕێگریی ناکەین، بەڵکو کافتریایەک هەلی کار بۆ زیاتر لە 5 کەس دەرەخسێنێت و سوودی لێوەردەگرن، بۆیە سنوورداری ناکەین بۆئەوەی قۆرخکاری دروست نەبێت، بەڵام هەر کافێیەک شوێنەکەی نەشیاو بێت بەدواداچوونی بۆ دەکەین، بۆ ئه و مەبەستە سێ لیژنەمان هەیە دەگەڕێن بەسەر کافتریاکاندا بۆ دۆزینەوەی کەموکورتییەکانیان.
$قومار لە کافتریاکاندا دەکرێت$
بەشێک لە کافتریاکان تەنها بۆ نێرگەلەکێشان و کاتبەسەربردن بەکارناهێنرێن، بەڵکو هەندێکجار قوماریان تێدادەکرێت، به و هۆیەشەوە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین گەنج لە کافتریاکانی سلێمانی دەستگیرکراون.
لەوبارەیەوە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی بەهۆی قومارکردن بە پارەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 60 کەسمان دەستگیرکرد، دواتر نزیکەی 22 کەسی دیکەمان دەستگیرکردووە. هەندێک له و کەسانەی کافتریایان داناوە بۆمان دەرکەوتووە بەکاری دەهێنن بۆ قومارکردن، خەڵک هەیە هاتووەتە لامان پارەی دۆڕاندووە و تووشی کێشەبووە، به و هۆیەوە لەماوەی ڕابردوودا دوو کافتریا لە ناو شاری سلێمانی داخران، هەر کافتریایەکی تریش قوماری تێدابکرێت بۆی دەچین.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت ئێمە لەگەڵ ئه و ڕێژە زۆرەی کافتریادا نین، بۆ نموونە ناکرێت لەسەر شەقامێکی وەکو ئاشتی 5 کافتریا هەبێت. بۆ نەهێشتنی ئه و دیاردەیە پۆلیس و ئاسایشی نهێنیمان هەیە لە کافتریاکان بۆ چاودێریکردنی ئەوانەی ڕوودەکەنە ئه و شوێنانە تا بزانرێت کێن و چی دەکەن.
$هۆکارەکانی ئالودەبوونی گەنجان بە نێرگەلەوە$
چەندین هۆکاری جیاجیا بوونەتە هۆی ئەوەی گەنجان ڕووبکەنە کافتریاکان و نێرگەلەکێشان، ئەمەیش بێجگە لە لایەنە خراپە تەندروستییەکەی، مەترسیی لەسەر ژیانی ئایندەی گەنجان-یش هەیە.
زانست زانا توێژەری کۆمەڵایەتی، بۆ دواڕۆژ، باس لە هۆکارەکانی زیادبوونی ئالودەبوونی گەنجان بە نێرگەلەکێشانەوە دەکات و دەڵێت بوونی بۆشایی لەناو ژیانی گەنجان و نەبوونی کار هۆکاری سەرەکین، بەشێکی پەیوەستە بە سروشتی ئێستای کوردستانەوە، هاوکات پەیوەندیی بە لایەنی ڕۆحیی کەسەکەوە هەیە. بەجیهانیبوون ئه و بۆشاییەی دروستکردووە کەوا گەنجان بە شتێکی تەرفیهی بێ کەڵکەوە کاتەکانییان پڕدەکەنەوە. هۆکارێکی تری پەیوەستە بە پاشەکشێی حیزبە سیاسییەکان و دامودەزگاکانی وەکو پەروەردە و زانکۆ و خێزان به و پێیەی ناتوانن گەنجان لەخۆبگرن و سەرقاڵیان بکەین بە کۆمەڵێک بابەتی سوودبەخش. جگەلەوە هاتنی گەشتیاران بەتایبەت لە ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کاریگەریی هەبووە لەسەر زیادبوونی دیاردەی نێرگەلەکێشان، بۆیە کاتێک ئەم بۆشاییە پڕناکرێتەوە گەنجان پەنادەبەنە بەر نێرگەلەکێشان.
توێژەرە کۆمەڵایەتیەکە پێیوایە، دیاردەی چاولێکەریی لەناو گەنجاندا وای کردووە زیاتر پێوەی ئالودەببن به و پێیەی هەموان وەکو مرۆڤ کاریگەرین بە ڕووداوەکان و زۆربەی دەسەڵاتدارەکانی جیهان دەیانەوێت شوێنی نێرگەلەکێشان زۆر بێت و گەنجان پێوەی سەرقاڵبن، تا بەدوور بن لە بواری سیاسی و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات.
سەبارەت بە مەترسییەکانی ئالودەبوون بە نێرگەلەکێشانەوە لەسەر ئایندەی گەنجان، زانست دەڵێت دەکرێت گەنج سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارە و کارکردن و زانست یان دروستکرنی خێزان بێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەهێزبکات، لەجیاتی ئەمانە پەنا دەباتە بەر نێرگەلەکێشان و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک گەنجی گەندەڵ و ناچالاکمان بۆ بەرهەم دێت، جگەلەوەی سەر ئێشە و گرفتن، ناتوانن شتێک پێشکەشی کۆمەڵگەیش بکەن.[1]
#23-08-2018#