زۆرێک لە گەشتیاران ئەو شوێنەی گەشتی بۆ دەکەن بە پاشماوەکانیان پیسی دەکەن و سیمایەکی ناشرین با ناوچەکە دەکەن، بەشێکی دیکەی گەشتیاران و بەرپرسێکی گەشتوگوزاری #هەڵەبجە#ش خاوێن ڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان بە ئەرکی دوو لایەنەی گەشتیار و حکومەت دەزانن.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی، کە ڕۆژنیوز لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە وەریگرتووە، لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژنی قورباندا نزیکەی 30 هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانیی ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کردووە لەو ژمارەیەش نزیکەی 90٪ یان سەردانی سەرچاوەی زەڵم و سەیرنگای ئەحمەد ئاوایان کردووە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، زۆربەی گەشتیارەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون.
ئەوەی جێگای نیگەرانییە، گەشتیاران، لەکاتێکدا سەدان کیلۆمەتر دەبڕن بۆ بینینی جوانییەکانی هەورامان، بەڵام گرنگیی بە پاکژیی ژینگەی ناوچەکە نادەن و لەپاش خۆیان پاشماوە و زبڵ و خاشاکێکی زۆر بەجێدەهێڵن، خۆ ئەگەر کارمەندانی شارەوانیی بەزوویی ناوچەکە خاوێن نەکەوە، ئەوە لە جیاتیی جوانییەکان، زبڵ و خاشاک دەبێتە جێگای سەرنجی گەشتیاران و ئەو شوێنەی، کە خۆیان پیسی دەکەن لەبەرچاویان ناشرین دەبێت و جارێکی دیکە ڕووی تێناکەن.
نزار عەبدولقادر، یەکێک لەو گەشتیارانەی، کە لە #گەرمیان#ەوە ڕووی لە سەرچاوەی زەڵم کردبوو، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ئاماژەی بە کەمتەرخەمیی گەشتیاران کرد و وتی: لەلایەن تیمەکانی شارەوانیی و گەشتوگوزارەوە تا ڕادەیەک سەلەی خۆڵ و جێگای تایبەت بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک و پاشماوەی گەشتیاران دیارییکراوە، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە گەشتیاران پابەند نین بە خاوێن ڕاگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان و ئەو پاشماوەیەی کە هەیانە لە دوای خۆیان یان کۆی ناکەنەوە یاخود جێی دەهێڵن، ئەمەش سیما و سروشتی ناوچەکەی پیس کردووە.
سۆری ئیسماعیل، گەشتیارێکی دیکەیە و لە شاری #هەولێر#ەوە ڕووی لە سەیرانگای ئەحمەدئاوا کردبوو، ئاماژەی بەوەکرد، کە تیمەکانی شارەوانیی و گەشتوگوزار ناتوانن وەک پێویست کۆنترۆڵی ئەو هەموو گەشتیارە بکەن لەڕووی خاوێن ڕاگرتنی ژینگە و بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: خاوێن ڕاگرتنی ژینگە کارێکی دوولایەنەیە، چونکە بە تەنها کارمەندانی شارەوانیی و گەشتوگوزار بۆخۆیان ناتوانن بەو ئەرکە هەستن ئەگەر گەشتیارانیش بۆخۆیان هۆشیارەکی ژینگەییان نەبێت.
وتیشی: لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەبێت ڕێنمایی ژینگەیی لەم شوێنان دابنێت و جێگاکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی پاشماوەی گەشتیاران زیادبکەن، چونکە ئەم جێگا گەشتیارییانە دواجار وەک موڵکی گشتیین و دەبێت بە هەموان پارێزگارییان لێبکرێت.
هەروەها، کازم محێدین، بەرپرسی بەشی خزمەتگوزرییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەوەی لە تواناماندا بووبێت ئەنجاممان داوە بۆ خزمەتکردنی گەشتیاران و پاکڕاگرتنی ژینگەی ناوچەکە، بەڵام بەهۆی کەمیی ژمارەی فەرمانبەرەکانمانەوە کە ژمارەیان تەنها 13 کەسە ناتوانین کۆنترۆڵی هاتنی ئەو هەموو گەشتیارە بکەین.
سەبارەت بە کەمیی ژمارەی سەلەکانی کۆکردنەوەی خاشاک-یش، کازم محێدین، وتی: ئێمە سەلەی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکمان داناوە، بەڵام لەبری ئەوەی پاشماوەکانی تێبکرێت لە دەرەوەی ئەو سەلانەوە پاشماوەکان فڕێدەدرێن ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆمان دروستکردووە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەکی گشتیی کۆمەڵگا هۆشیار بکەینەوە لە گرنگیی پاراستن و پاک ڕاگرتنی جێگا گەشتیارییەکان.[1]
#24-08-2018#