ئاژانسی کوردپا: لە ساڵی ڕابردوو (96)، 1400 ژنی کورد لە ئێران هەوڵی خۆکوژیان داوە.
بەپێی ئامارێک کە لە لایەن بەرێوەبەری نووسینگەی چاودێری و هەماهەنگی لە کاروباری لاواندا بڵاو کراوەتەوە، لە ماوەی ساڵی 96دا سەرجەم 4992 حاڵەتی خۆکوژی لە ئێران ڕووی داوە.
ئومید موحەدس لەمبارەوە ئاشکرای کردووە، تەنیا لە پارێزگاکانی #ئیلام#، #کرماشان#، #لوڕستان#، #سنە# و #ورمێ#، 1395 حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کراوە کە بەواتای 28٪ی خۆکوژییەکان لە ئێران بە گشتیی بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پارێزگای ئیلام بە 550 هەزار حەشیمەتەوە، کە بە کەمحەشیمەتترین پارێزگای ئێرانە، زۆرترین ئاماری خۆکوژی تێیدا ڕوویداوە و گەیشتووتە 800 حاڵەتی خۆکوژی.
کرماشان 209 حاڵەت و لە پلەی شەشەم، ورمێ 151 حاڵەت و پلەی 10یەم، لوڕستان 135 حاڵەت و پلەی 12یەم و سنە بە 100 حاڵەت لە پلەی چواردەیەمدایە و لە ڕیزی ئەو پارێزگایانەدایە کە زۆرترین حاڵەتی خۆکوژی تێدا تۆمار کراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کۆی 1395 حاڵەتی خۆکوژی لە شارە کوردنشینەکان کە هەوڵی خۆکوژییان داوە، 570 کەس ژن بوون و 825 کەسیشیان پیاو بوون.
لە پارێزگای ئیلام، ڕێژەی خۆکوژی ژنان لە پیاوان زۆرتر بووە و بە شێوەیەک کە 407 حاڵەتی خۆکوژی ژنان لەو پارێزگایە تۆمار کراوە و خۆکوژی ژنانیش لە پارێزگاکانی کرماشان 67 حاڵەت، ورمێ 33 حاڵەت، سنە 32 حاڵەت و لورستان 31 حاڵەت بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هەژاری و بێکاری، هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لەو پارێزگایانە بوون.[1]
#25-08-2018#