دواڕۆژ، نوسینگەی #هەولێر#
ئاژانسێکی هەواڵی جیهانی ئاشکرایدەکات، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابدا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بەخۆیە بینیوە، لەکاتێکدا لە مانگی تەمموزدا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوت بڕی 22 ملیۆن دۆلار کورتهێنان لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبووە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەم مانگەدا بۆ نزیکەی 350 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبۆتەوە، لەکاتێکدا مانگی تەمموزی ڕابردوو ڕۆژانە 318 هەزار بەرمیلی هەناردەکردووە.
پێشتر دواڕۆژ بڵاویکردەوە بەهۆی کەمبوونەوە لە ئاستی هەناردەکردن و پارەدان بۆ شایستەی دارایی بەرهەمهێنەرانی نەوت و سوود و ڕسووماتی دیکە پەیوەندیدار بە کڕیارەکانەوە داهاتی نەوتی هەرێم بڕی 22 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە، چونکە لە 5 مانگی ڕابردوودا مانگانە بڕی 378 ملیۆن دۆلار دەدرایە #وەزارەتی دارایی# بۆ مووچە، بەڵام مانگی ڕابردوو ئه و بڕە بۆ 356 ملیۆن دۆلار کەمکرایەوە.
لەمانگی تەمموزدا بڕی نەوتی فرۆشراو لە ڕێگای بەندەری جیهانەوە، زیاتر لە 292 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و بڕی 26 هەزار بەرمیلیش دراوە بە پاڵاوگەکانی ناوخۆی هەرێم.
سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ زیادبوونی ئاستی هەناردەکردن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی پارەی تەرخانکراوی بۆ وەزارەتی دارایی زیادنەکردوە.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند لەگەڵ زیادبوونی ئاستی هەناردەکردن، ئەو داهاتەی دەستی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکەوێت دوای هەموو دانەوەی قەرز و دەرهێنانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و خەرجی گواستنەوەی بۆری نەوت بڕەکەی زیاترە لە 378 ملیۆن دۆلار، بەڵام پێویستە سەرۆکایەتی حکومەت داوای زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بکات.
وتیشی چەند جارێک بەدواداچونمان کردووە پێمانڕاگەیاندراوە تەنیا 378 ملیۆن دۆلار ڕەوانەدەکرێت و هیچ داهاتێکی دیکە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.[1]
#25-08-2018#