(شەهید لووتکەی هەڵوێستی ئینسانە
جەماوەری بە شەرەفی نیشتیمان، ئاشقانی ژیان و مرۆڤایەتی، هۆگرانی ئاوەدانی و ئاشتی
وەک ئاگادارن لە درێژەی بەرگری له بەرامبەر ئاگری ماڵوێرانکەری ڕق و قین، نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 3ی خەرمانانی 1397ی هەتاوی گیانی چوار هاوڵاتی #مەریوان#ی ستاند کە دوان لەوانە لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەوزی چیا بوون. ئەمە خەسارێکی بەرچاوی لە ڕەوتی بزووتنەوەی مەدەنی ئەم کۆمەڵگایەدا کە بێ گومان قەرەبوو کردنەوەی ئێجگار ئەستمە.
تاریک پەرەستان و دوژمنانی ژینگە و ئاوەدانی هیچ ڕێگایەک نەماوە نەیگرنە بەر بۆ کاولکاری و خاپوور کردنی ئەم نیشتمانە و بنەڕەتەکانی مرۆڤایەتییان کردوەتە ئامانج. بێ ئاگا لەوەی کە سروشتی ژیانەوەی ئەم دەڤەرە پڕاوپڕە لە سەرهەڵدانی قەقنەس ئاسا و لە هەمان ساتدا کە خەیاڵی خاویان نایگاتێ لە خۆڵەمێش گڕمان سەر هەڵدەداتەوە و کەڵە سوارانێکی تری وەک شەریف و ئومێد بەدی دێنێتەوە. نازانن ئێرە لانکەی قارەمانان و کەڵە سوارانە، مەکۆی هەڵقوڵینی هزر و هەڵوێستی شێرانەیە، ئەوان قەد بە خەیاڵیشیان نایەت کە تەرمی بە جێماوی ئەو دوو فەرماندەیەی بەرگری، لە ژینگە تا چەندە گڕکانی دڵی ئاشقانی ژینگە و ژیان ئەبووژێتەوە و ڕووناکی ئەداتە ڕێگای پڕ لە شەرەفی ڕەوتی ماندوویی نەناسانەی خێڵی بەرگران. خۆڵەمێشی بە جێ ماویان ئەبێت بە سورمەی چاوی گلایەک و شەقەی هزریان باڵ ئەکێشێت بەسەر هەموو چەمکەکانی گەشەدا.
ئێستا زرێبار دەس لە ئەژنۆ هەڵکورماوە و لە باوەشی دارستان و چەم و ڕووباردا جەستەی بە جێماوی ڕۆڵەکانی ئەلاوێنێتەوە، چەم و دار و بەرد خاوەن پرسەن و دەستە دەستە وەڵامی سەرەخۆشی ئەدەنەوە، ئێستا کاتی سەرەخۆشی لە ژیانە، ژیان و مانەوە قەرزاری ئەو دوو پڵنگەن، پڵنگانێک کە تا هەتایە کاریگەرییان لەسەر هەناسە و ژیانی ئەم دەڤەرە ئەمێنێتەوە. ئەوان بوون کە جڵەوی بزووتنەوەی ژینگە و یەکسانییان گرتە دەست و لە ئاکامدا بوونە ئەستێرەیەکی پرشنگداری ئاسمانی ژینگە و پێکەوە ژیان. ئەوان بوون کە چۆکیان بە بوومەلەرزە دانەدا و ئاستی مرۆڤایەتییان چەن هەنگاو بردە سەرەوە و بوونە چرای هەمیشە داگیرساوی ڕێگای پیرۆزی ئاشتی و ئاوەدانی.
ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا وێڕای پرسە و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی ئازیزیان و هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، دیسانەوە جەخت ئەکەینەوە کە ئەو دوو شەهیدە بۆ هەمیشە ئەبنە چرای ڕێگای پیرۆزی چیا. چیا بۆ هەمیشە خۆی بە قەرزاری هزر و هەڵوێستی ئەو دوو بەڕێزە ئەزانێت و بیرەوەرییان بەشێکی بەرچاوە لە ڕێگامان.)
#26-08-2018#