دواڕۆژ، هۆگر کەمال
نزیکەی مانگێکە زۆرینەی گەڕەکەکانی شاری #سلێمانی# بەهۆی قەیرانی کەمی ئاوی خواردنەوە توشی کێشە بوون بەڵام ئه و قەیرانە بۆ خاوەنی تەنکەرەکانی ئاو بووەتە هۆی گەرمبوونی بازاڕیان بەهۆی ئەوەی زۆربەی هاوڵاتیان پەنا بۆ کڕینی ئاو دەبەن ئەوەش لەکاتێکدایە بەرپرسی ڕاگەیاننی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات کە کێشەکە چارەسەرکراوە و دەست بە دابەشکدرنی ئاو دەکەنەوە.
ماوەیەکە زۆر بێ ئاوین و چەندین جار بەشی دەستشۆرینیش ئاومان نەماوە، بۆیە بەناچاری دوای سەرەیەکی زۆر تەنکەرە ئاومان کڕیووە. ئەمە وتەی نەوشیروان کەمال یەکێک لە دانیشتوانی شاری سلێمانییە کە گەڕەکەی کەمئاو بووە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە دیاریدەی کڕێنی ئاو بەتەنکەر لە سنوری شاری سلێمانی زیادیکردووە بەهۆی کەمی ئاوەوە کە =KTML_Red=نرخی تەنکەرێکی 20 بەرمیلی 20 هەزار دیناری عێراقییە=KTML_End=.
محەمەد عەلی، شۆفێری تەنکەری ئاو، بە دواڕۆژی وت ماوەیەکە بەتایبەت لە پێش جەژنی قوربانەوە گەڕەکەکانی سلێمانی زۆر بێ ئاون، ئەوەش هەموو گەڕەکەکانی گرتۆتەوە، بۆیە ناچارن ئاو بە تەنکەر بکڕن.
وتیشی پێشتر نزیکەی 10 شەمعەی ئاوی مەدەنی لەناو سەنتەری سلێمانی هەبوو، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ئاو و قایمقامیەت هەموویان داخستووە، بەهۆیەوە تەنکەرەکان ئاو لە شەمعەکانی (تاسڵوجە، تانجەرۆ، ژاڵە) دەهێنن.
ئه و شۆفێری تەنکەرە باسی لەوەشکرد ئێستا کڕینی ئاو لە شەمعەی دەرەوە گرانە و بە 7 هەزار تەنکەر پڕ دەکەین و دەبێت سێ بۆ چوار کاتژمێر سەرە بگرین تا بەرمان دەکەوێت و لە تاسڵوجەوە بیهێنینە یەکێک لە گەڕەکەکانی ناو شار، بۆیە ئێمەش ناچارین بە گرانتر بە خەڵکی بفرۆشینەوە، =KTML_Red=نرخەکانیشمان لە 15 هەزارەوە دەستپێدەکات تا 40 هەزار دینار بەپێی ئه و بڕە ئاوەی ماڵان دەیانەوێت=KTML_End=، بەڵام پێشتر تەنکەرمان لە شەمعەکانی ناو شار بە دوو بۆ چوار هەزار پڕدەکرد و گواستنەوەکەشمان ئاوا دوور نەبوو بە هەرزانتر بە خەڵکمان دەفرۆشتەوە.
ئازاد ئەحمەد کە شۆفێرێکی تری تەنکەری ئاوە بە دواڕۆژی وت هەموو گەڕەکەکانی شار بەبێ جیاوازی بێ ئاو بوون، ئێستا بەشێک لە ماڵە بەرپرسەکانیش وەک هاوڵاتی ئاسایی بێ ئاون، بۆیە بەناچاری ئاو لە ئێمە دەکڕن و ڕۆژانە ئاویان بۆ دەبەین.
باسی لەوەشکرد ئێمە بە گرانتر و بە سەرەیەکی زۆر لە شەمعەیەکی دوور لە شار ئاومان دەست دەکەوێت، بۆیە بە ناچاری بە گرانتر دەیفرۆشینەوە، خەڵک دەبێ سەرە بگرن تا بەریان دەکەوێت، ماڵ هەبووە بە دوو ڕۆژ سەرەی بەرکەوتووە و تەنکەرمان بۆ بردووە.
بەر لە قەیرانەکە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بەسێ ڕۆِژ جارێک ئاویان پێدەدرا بەڵام ئێستا زیاتر بووە بۆ پێنج ڕۆژ جارێک.
ئامانج جەلال بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت بەهۆی شکانی بەشێک لە پەمپەکانی #دوکان#- سلێمانی، بەشێک لە گەڕەکەکانی شار بێ ئاوبوون، جگەلەوەش پڕۆژەی ئاوی سەرچناریش کەمیکردووە.
وتیشی ئێستا پەمپەکان چاکراونەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە و دابەشکردنی ئاو دەستیپێکردۆتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند ڕۆژێک هاوڵاتیان ئاویان نەبووە، وا هەست دەکەن هەر بێ ئاو دەبن، بەپێی ئه و بەرنامەیەی دامانناوە ئاو بەسەر سەرجەم گەڕەکەکان دابەش دەکرێتەوە.[1]
#31-08-2018#