ماوەی چەند مانگێکە شاری بەسرە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی خزمەتگوزاری بووەتەوە، یەکێک لەو کێشانەش نەبوونی ئاوی شیرین و خاوێنە لە ماڵەکان، کە بەو هۆیەشەوە تاوکو ئێستا سەدان کەس تووشی نەخۆشی و سکچوون بوون.
وەک هاوکارییەک بۆ دانیشتووانی کەمدەرامەتی ئەو شارە، دەزگای خێرخوازی بارزانی ملیۆنێک و 200 هەزار بوتڵی ئاوی بەسەر دانیشتووانی بەسرەدا دابەشکرد.
بەهۆی سوێری و پیسی ئاوی شەتولعەرەب زۆرینەی خەڵکی پارێزگاکە ئاوی پاک و خاوێنیان دەستناکەوێت. مەترسی بڵاوبوونەوەی کولێراش لە شارەکە دەکرێت.
دانیشتووانی بەسرە نیگەرانن لە هەڵسوکەتی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە شارەکەیان و ئاماژە بەوەدەکەن کە حکومەت بەهیچ شێوەیەک لە خەمی دانیشتووانی شارەکەیاندا نییە.
ئافرەتێکی بەساڵاچوو دەڵێت داواکاریمان ئەوەیە کە ئاومان نییە. پیاوەکانمان دانیشتوون، ژیانمان پڕ لە نەهامەتییە و چارەنووسمان بەدبەختییە. داوەشێ ئەم حکومەتەی ئێمە.
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت بەخودا ڕەوشمان زۆر خراپە. یەکەم بێکارین، دووەم تینویەتی ئێمەی کوشتووە. سێیەمیش هیچ کەس نییە بەبەزەیی بێت لەگەڵتدا.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند، ئەوان دەبنە پردێک بۆ گەیاندنی هاوکاری لەنێوان خەڵکی بەسرە و هەر خێرخوازێکدا کە بیەوێت هاوکاری دانیشتووانەکەی بکات و ئەوان هەموو کارئاسانییەکی لۆجیستی بۆ دەکەن.
تاوەکو ئێستا 18 هەزار کەس لە بەسرا تووشی سکچوون، ڕشانەوە و نەخۆشی جۆراوجۆر بووەن. بەرپرسانی شارەکە داوادەکەن حکومەتی پارێزگاکە بە شوێنێکی نەشیاو بۆ ژیان بناسێنێت بۆ ئەوەی هاوکاری نێودەوڵەتی بکرێن.[1]
#31-08-2018#