داکشانی سەرسووڕهێنەری نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار، گرانبوونی کاڵاکان و مانەوەی مووچە و داهاتی خەڵک لە شوێنی خۆی وایانکردووە، کە تاعونی هەژاری بەسەر سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاوببێتەوە.
سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شاردنەوە و سانسۆری ئامارەکان، نیشانەکانی هەژاری و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک لە هەموو کونج و گۆشەکانەوە خۆی دەردەخات.
$ئامارەکان مەترسیدارن$
ئابوری ناسان و پەرلەمانتارانی ئێران ڕۆژانە ئاماری سەیروسەمەرە بۆ سەلماندنی ئەو قەیرانە کە هەموو ڕووەکانی ژیانی خەڵکی گرتووەتەوە دەخەنەڕوو، وەحید شەقاقی، مامۆستای بەشی ئابوری لە زانکۆی تاران لەم دواییانەدا ئاشکرایکردووە، کە توانای کڕینی کاڵای هاوڵاتیان لە ماوەی هەشت مانگدا 80٪ کەمی کردووە.
حسێنعەلی حاجی دەلیگانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی پەرلەمانی ئێران ئەو ڕێژەیەی بە 50٪ ڕاگەیاندووە و ئاشکرایکردووە، کە لە ماوەی شەش مانگدا بەهای ماددەی خواردن و خواردنەوە 9٪ بەرزبووەتەوە.
هەندێک لەو ئامارانەی کە دەزگا ڕاگەیەندنە ناوخۆکانی ئێران بەگوێرەی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئاشکرای دەکەن، کە بەهای هەندێک لە کاڵا تایبەتەکان بۆ 73٪ بەرزبووەتەوە، کۆی بەرزبوونەوەی بەهای ماددە خۆراکییەکانیشیان لە 26٪ وە بۆ 50٪ ڕاگەیاندووە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، ژمارەی ئەو کەسانەی هیچ مووچەیەک وەرناگرن زیادیان کردووە، ئەوانەش لە کاتێکدان، ڕەوشی کرێکاران لەو وڵاتەدا تا دێت خراپتر دەبێت، بۆنمونە لە ساڵی ڕابردوودا کرێکارانی ئێرانی سەدان خۆپیشاندانیان لە دژی پاشکەوت، یان نەدانی مووچەکانیان ئەنجام داوە.
کۆمیتەی ئەنجومەنی باڵای کار، کەمترین مووچە بۆ کرێکاری ئێرانیی دوو ملیۆن و 700 هەزرا تمەن ڕاگەیاندووە، ئەوە لە کاتێکدایە، کە کرێکاران دەڵێن ئەو مووچەیە دەبێت پێنج ملیۆن تمەن بێت، لەو نێوانەدا سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە کۆمیتەی ئەنجومەنی باڵای کار ملیۆنێک و سێسەد هەزار تمەنی بە کەمترین موچە بۆ کرێکار پەسندکردووە، واتە سێ ملیۆن و 700 هەزار تمەن کەمتر لەو بڕە پارەیەی کرێکاران پێیان وایە دەبێت بیاندرێتێ.
هاوکات نرخی بیمە گرانتربووە و بەشێکی زیاتر لە جارانی مووچەی کرێکاران بۆ بیمە دەبڕدرێت.
$ئەوانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین ڕێژەیان زیادیکردووە$
هەر لە سەرەتای مانگی ئابدا، ڕەسوڵ خزری، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی پەرلەمانی ئێران ئاشکرایکرد، کە ژمارەی هەژاران یان ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەراورد بە ساڵی پار چوار ئەوەندە زیادیکردووە، هەروەها هۆشداریشی داوە، ئەگەر بەرنامە ئابورییەکانی دەوڵەت بەو شێوەیە بەردەوامی هەبێت لە چەند مانگی داهاتوودا چوار بۆ پێنج ملیۆن هاوڵاتی دیکەش دەچنە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
ئەو ئامارانە، کە هەموویان لە ناوەندە فەرمی و حکومییەکان یان سەرچاوە فەرمییەکانی پەرلەمانەوە وەرگیراون، دەیسەلمێنن کە دۆخی ئابوری ئێران لە سەرەوخواریی توندی قەیراندایە، ژمارەی هەژاران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەکات، بەهای تمەن تا دەچێت زیاتر دادەکشێت و بەهای کاڵاش بەردەوام بەرز دەبێتەوە، بەڵام مووچەی کارمەندان و کرێکاران، کە ڕێژەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکدەهێنن ناگۆڕێت.
$کاریگەریی گەمارۆکانی سەر ئێران$
ئەوە لە کاتێکدایە، کە هێشتا گەمارۆ ئابورییە سەرەکییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەدژی دەوڵەتی ئێران جێبەجێ نەکراون و وابڕیارە لە ڕۆژی 5ی نۆڤەمبەردا ئەو گەمارۆیانە بخرێنە سەر ئێران.
هەر لە هەفتەی ڕابردوودا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد، کە لە ماوەی سێ مانگدا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی دەرەوە 29 ملیۆن بەرمیل لە مانگدا کەمیکردووە، ئەوەش کەمبوونەوەی داهاتی حکومەت دەگەیەنێت، تەنانەت پێش ئەوەی گەمارۆ ئابورییە سەرەکییەکانی ئەمریکا جێبەجێکرابن.
لەلایەکیترەوە، دۆناڵد ترامپ دوێنێ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، کە ئەگەر هەیە سیاسەتەکانی دەوڵەتەکەی دژی ئێران ببێتە هۆی ڕووخانی ئەو حکومەتە.
$هەژاری وەک تاعونێک بڵاوبووەتەوە لە ئیراندا$
چاودێرانی سیاسی و ئابوری ناسان، وای لێکدەدەنەوە، کە خێرایی لەکۆنتڕۆڵ بەدەری بڵاوبوونەوەی هەژاری لە ئێراندا، وەک تاعونێکی بێ چارەسەر وایە و تەنیا لێکەوتەشی، سەرهەڵدانی چینە خوارووەکانی کۆمەڵگا دەبێت.[1]
#02-09-2018#