رۆژی 25-08-2018 هاوکارمان #عومەر کالۆ#، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی ڕووداو، ئەوکاتەی لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی لەشارەکەی خۆی کۆبانێ بەرەو شاری حەلەب دەڕۆیشتن بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکانیان، لە نێوان مونبیج و حەلەب لەلایەن بازگەی هەواڵگری سەربازی حکومەتی سووریا، لە هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەی جیادەکرێتەوە و دەستگیردەکرێت. لەوکاتدا کە هەواڵگری سەربازیی سووریا ڕێگە بە هاوژین و دوو منداڵەکەی دەدەن بچن، لەهەمانکاتدا پێیاندەڵێن دوای چەند پرسیار لێکردنێک دواتر عومەر کالۆش ئازاد دەکەن. بەڵام تائێستا لەلایەن هەواڵگریی سەربازییەوە لەشاری حەلەب گیراوەو ئازاد نەکراوە. بەپێی قسەی کەسوکاری بڕیارە هاوکارمان عومەر کالۆ بگوازرێتەوە بۆ ئەمنی سەربازی (لقی فەلەستین) لە دیمەشق.
ئێمە داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین کە هاوکارمان عومەر کالۆ ئازاد بکات. عومەر کالۆ، ڕۆڵێکی زۆر دیاری هەبوو لە ڕووماڵکردنی شەڕی دژی #داعش# لەشاری کۆبانێ وەک پەیامنێری ڕووداو لەوشارەدا، هەروەها بەردەوام بەشێوەیەکی پیشەییانە ڕووماڵی ڕووداوەکانی کردووە بەوهۆیەشەوە کەوتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە و بەناچاری پێش سێ ساڵ ڕوویکردە #هەولێر# و، وەک بێژەری هەواڵەکانیش لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ڕووداو کاری خۆی زۆر بە پیشەییانە ئەنجامداوە.
عومەر کالۆ، خوێندنی خۆی لە کۆلیژی ڕۆژنامەڤانی زانکۆی دیمەشق تەواوکردووە و، پێش کارکردنیشی لە تۆڕی میدیایی ڕووداو کاری ڕۆژنامەڤانی کردووە لەشاری کۆبانێ و بە کەسێکی پیشەیی و بێلایەن ناسراوە.
لە هەمان ڕۆژی دەستگیرکردنی هاوکارمان عومەر کالۆدا، زانیاریمان پێگەیشت، بەڵام لەسەر داوای بنەماڵەکەی هەواڵەکەمان بڵاونەکردەوە، ئێستاش دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنەکەی لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی ناوخۆییەوە، ئێمە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو، بەداخەوە ڕاستی ئەو هەواڵە ڕادەگەیێنین.
تۆڕی میدیایی ڕووداو
#04-09-2018#