بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە ڕووداوەکانی شاری بەسڕا و گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکی ناڕازیی و پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەو شارە زۆر نیگەرانین، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.
لەگەڵ ئەوەی خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بە مافی خەڵک دەزانین لە هەمانکاتدا پێمانوایە خەڵکی ئەو شارە مافی خۆیانە لە ژیانێکی شاییستەدا بژین.
جێی سەرسوڕمانە کە لە دەوڵەمەندترین شاری دونیادا خەڵک بە دەستی کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بناڵێنێت و ئەو مەحروومیەت و پشتگوێخستنە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.ئێمە هەرگیز لوتف و گەرمی و موحەبەتی خەڵکی بەڕێزی شاری بەسڕا لەیاد ناکەین کاتێک بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بارزانیی نەمر و یاوەرانی کرد کە لەبەر خەباتیان لەدژی ستەم و جیاکاری بۆ ساڵانێکی درێژ پەنایان بۆ یەکێتی سۆڤییەت بردبوو.
بۆیە لێرەدا هاوسۆزیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ هاووڵاتیانی شاری بەسڕا ڕادەگەیێنین و هیوادارین ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت و داخوازییەکانیان جێبەجێ بکرێن کە لە ڕاستیدا ئەو داواکارییانە سادەترین مافە کە پێویستە هەر مرۆڤێک هەیبێت.
داوا لە خەڵکی بەڕێزی شاری بەسڕا دەکەم کە بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک نەکەوێتە مەترسی خۆپێشاندانەکان ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بن. بە دڵنیاییەوە خەڵکی هەرێمی کوردستانیش ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ هاووڵاتیانی شاری بەسڕا درێخی ناکەن.
#مەسعود بارزانی#
#05-09-2018#