خێزان و کەسوکاری بەهار جەژنیان لە بەردەم نەخۆشخانە بەڕێکرد، چاوەڕێ بوون پزیشکەکان هەواڵێکی خۆشیان بدەنێ لەبارەی کچەکەیانەوە، بەڵام پزیشکەکان هەواڵی مەرگیان پێدان.
رۆژی 18/8/2018 ئافرەتێکی تەمەن 28 ساڵ بەناوی بەهار عەبدوڵڵا حوسێن، دایکی دوو منداڵ و دانیشتووی شارەدێی هەڵشۆی سەر بە شارۆچکەی پشدەر سووتا و دوای هەفتەیەک لە نەخۆشخانە مرد.
پۆلیس و نەخۆشخانە و کەسوکاری دەڵێن خۆی سووتاندووە، بەڵام کەسوکاری هاوژینەکەی دەڵێن ڕووداوەکە قەزاوقەدەر بووە.
هادی عەبدوڵڵا کە برای بەهارە، دەڵێت هەڵسوکەوتی زاواکەیان لەگەڵ خوشکەکەی خراپ بووە، هەر ئەوەش ناچاری کردووە خۆی بسووتێنێ. هادی گوتی: خوشکەکەم پێشتر لە مێردەکەی تووڕە بوو، هاتەوە لای ئێمە، بەڵام هەر خۆی گەڕایەوە لای و گوتی دەرفەتێکی دیکەی دەدەمێ، بەڵکو چاک ببێ.
هادی باسی ڕۆژی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت بەهار ئێوارە خۆی سووتاندبوو، ڕۆژی دواتر تەلەفۆنەکەیان دابووە دەستی بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ ئێمە بکات. ئەو گوتی لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا سووتاوە، برینەکەشی سووکە، بەڵام کە چووینە نەخۆشخانە دەرکەوت خۆی سووتاندووە و یەکسەر سکاڵای لەسەر مێردەکەی تۆمار کرد.
هادی دەڵێت، ئەو ڕۆژەی کە خوشکەکەی، خۆی سووتاندووە، لەلایەن مێردەکەیەوە لێیدراوە.
ئومێد-یش کە خزمێکی نزیکی بەهارە، هاوژینی بەهار بە هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو ژنە دەزانێ و دەڵێت: ئەو پیاوە پێشتریش ژنی هەبووە و لەگەڵی باش نەبووە و تەڵاقی داوە. لەگەڵ بەهاریش خراپ بوو، بەهار زۆر ئامۆژگاری دەکرد، بەڵام بە قسەی نەدەکرد.
کەسوکاری بەهار ڕێگەیان نەدا هەندێک لە خزمەکانی زاواکەیان بەشداری لە پرسەکەیدا بکەن، چونکە پێیانوابوو ئەوان هاندەر بوون بۆ ئەوەی بەهار خۆی بسووتێنێت.
عەبدوڵڵا ئەحمەد کە برای هاوژینی بەهارە ڕەتیکردەوە کە ئەو ژنە خۆی سووتاندبێ و گوتی: بەهار سەرەتا لە نەخۆشخانە گوتبووی ڕووداوەکە قەزاوقەدەر بووە و سووتاوە، بەڵام پێموایە لەژێر گوشاری کەسوکارەکەیدا گوتەکانی گۆڕی و سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمار کرد.
عەبدوڵڵا باسی کاتی ڕووداوەکەی کرد و گوتی: ئەوکاتەی ڕووداوەکە ڕوویدا منداڵەکەی هات و گوتی مامە وەرە دایکم بە غاز سووتاوە، تا گەشتمە ئەوێ دایکم و خوشکم و براکانم کوژاندبوویانەوە.
عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی شەهیدانی #قەڵادزێ# لەبارەی ئەو ڕووداوە گوتی: ئەو ژنە هێنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان، نزیکەی 60%ی جەستەی سووتابوو، ڕووداوەکەش قەزاو قەدەر نەبووە، ژنەکە خۆی سووتاندبوو.
هەر لەوبارەوە ڕائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە (رووداو)ی گوت: ئەو ژنە سەرەتا لە نەخۆشخانەی قەڵادزێ گوتی ڕووداوەکە قەزاوقەدەر بووە، بەڵام لە نەخۆشخانەی #سلێمانی# ئیفادەکەی گۆڕی و سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمارکرد، بۆیە پۆلیس هاوژینەکەی دەستگیرکرد.[1]
#06-09-2018#