کارگەکانی ئارد لە #وان# ماوەیەکە ناتوانن بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ئاردەکانیان بفرۆشن و ئەوەش مەترسیی داخستنی لەسەریان دروستکردووە.
قەیرانی ئابووری کە بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتی ئاکەپەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروستکردووە. ئەو قەیرانە کە #ئەردۆغان# سەرۆک کۆماری تورکیا وتبوی 'لێی ڕزگاربووین' ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەریی زیاتر و خراپتر لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دادەنێت.
ئەو 7 کارگە ئاردە لە وان، کە سەدان کەس کاری تیادا دەکەن کاریگەرییەکی گرنگیان لەسەر ئابووری وان هەیە. ئەو کارگەیانە لە ساڵی 1934ەوە بەردەوامن لەکارکردن، بۆیە بوونەتە بەشێکی بنەڕەتی لە بەرهەمی کشتوکاڵیی وان. بومەلەرزە گەورەکەی ساڵی 2011 کاریگەرییەکی زۆر خراپی لە کارگەکانی ئارد کرد و ئێستا بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی قەیرانی قورستر بوونەتەوە.
کارگەکانی ئارد بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و کێشەی گواستنەوەوە ناتوانن ئارد بۆ کڕیارەکانیان بنێرن و ئیتر گەیشتوونەتە دۆخێک کە توانای فرۆشتنی ئاردیان نەماوە.
سەحەر کادیر ئۆغڵو چالاکوانی کۆمەڵەی ئیکۆلۆژیی میزپۆتامیا لە وان لەوبارەیەوە وتی نرخی ئارد زۆر بەرزبووەتەوە. نرخەکەی گەیشتووەتە 120 لیرەی تورکی. قەیرانی ئابووری تازە بە تازە بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خەڵک دروست دەکات. جوتیاران ئیتر ناتوانن کاری کشتوکاڵ بکەن و زەوییەکانیان بچێنن، چونکە هیچ قازانجێکیان لە کارەکەیان دەست ناکەوێت. لەبەر ئەوەی کە گەنم ناچێنرێت نرخی ئاردیش بەرزبووەتەوە. نانەواکان ناتوانن ئەو ئاردە بکڕن و نانی لێدروست بکەن. لەبەر ئەوەش هێدی هێدی نرخی نانیش بەرز دەبێتەوە. ئێستا گەیشتووینەتە دۆخێک کە مرۆڤ ئیتر ناتوانێت نان بکڕێت. کارگەکانی ئارد ناتوانن ئارد بفرۆشن، چونکە نانەواکان ناتوانن بەو نرخە گرانە ئارد بکڕن. نان پێویستییەکە کە هەموو کەس دەبێت بیکڕێت، نان پێویستییەک نییە بۆ جوانکاری یان ڕازاندنەوە بێت و مرۆڤ دەستبەرداری بێت، بەڵکو هەموو کەس پێویستی پێیەتی و پێویستییەکی بنەڕەتییە.[1]
#06-09-2018#