بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
ئەی گەلی عێراقی نەبەز،
ئەی ڕۆڵەکانی بەسرەی حەیفا،
سڵاوی خوداتان لێ بێت،
بەبایەخێکی زۆرەوە سات بەسات بەدواداچون دەکەین بۆ گۆڕانکارییەکانی باری ئێستای پارێزگای بەسرە دەرەنجامی بەردەوامبونی خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتییان و ناڕەزایی دەربڕینیان لە ئاست درێژەکێشانی خراپیی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو و بڵاوبونەوەی بێکاریی و هەژاریی، کە لەم ڕۆژانەی دواییشدا زیاتر پەرەیان سەندوە بە هۆی زیاتر سوێر یونی ئاوی خواردنەوە و پیسبونی ئاوی شەتولعەرەب، کە بەداخەوە ڕوبەڕوبونەوەیان لێکەوتەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا، دەرەنجامەکەیشی کوژران و برینداربونی ڕۆڵەکانمان بو لە نێو خۆپیشاندەراندا کە هەندێکیان بە هۆی توڕەوییەوە ئاگریان بەردایە هەندێک شوێن و موڵک و ماڵی حکومیی.
ئێمە لە کاتێکدا هەوڵی لێبڕاوانە و بەردەوام دەدەین لە هەمو ئاستەکاندا بە ئامانجی دانانی ڕێوشوێنی بەپەلە و دەستەبەجێی واقعیانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و جێبەجێکردنی داوا ڕەواکانی ڕۆڵەکانی بەسرە بۆ چاککردنی ژیانی خزمەتگوزاریی و ئابورییان و چارەسەر کردنی دیاردەکانی گەندەڵیی و بێ ئومێدیی لە هەمو بوارەکانی تایبەت بە خۆیان، لە هەمان کاتدا تەواوی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە بەسرە ئاگادار دەکەین بە تایبەتیی خۆپیشاندەرە ناڕازییەکان گیانی ئارامیی زاڵ بکەن و دان بەخۆدا بگرن و خۆ بەدور بگرن لە پێکهەڵپژان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و زیان نەگەیاندن بە دەزگا حکومییەکان.
داواش لە کاربەدەستانی ئەمنیی دەکەین هەرچی زوە بە لێپرسراویەتییەوە لێکۆڵینەوە بکەن لە کوژرانی خۆپیشاندەر (مەکی کەعبیی) و هەمو هاوڵاتییە بێدیفاعەکانی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە، هاوکات داوا لە حکومەتی خۆجێیەتی لە پارێزگاکە و حکومەتی فیدراڵییش دەکەن کاری جدیی و بەپەلە بکەن بۆ بەدەنگەوە چونی داواکارییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران و گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلە و عەمەلیی بۆ چاککردنی خزمەتگوزارییەکان، بە تایبەتیی کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاریە گشتییەکان و چارەسەرکردنی کۆسپەکان کە هاوڵاتییان لە ناوچە جیا جیاکانی پارێزگاکەدا بەدەستییەوە دەناڵێنن.
لە کاتێکدا داوا لە پەروەرگار دەکەین شیفای هەرچی زوتری بریندارەکان بدات و داوا لە هێزە ئەمنییەکانی بەسرە دەکەین ئاسایشی هاوڵاتییان بپارێزن و مافی خۆپیشاندەران زامن بکەن لە دەربڕینی بە ئاشتیی خواست و داواکانیان، دوپاتی دەکەینەوە ڕێگریی بکرێت لە بەلاڕێ بردنی خۆپیشاندانەکان لە ڕێگە ڕاستەکەی، داوا لە خۆپیشاندەرانیش دەکەین خۆ بپارێزن لە پێکهەڵپژان لەگەڵ هێیزە ئەمنییەکاندا کە لە بنەڕەتدا ئاسایش و بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزن. هەڵوێستی نەگۆڕیشمان نوێ دەکەینەوە بۆ پێویستیی هەرچی زوتری چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان لەسەر بنچینەی زامن کردنی مافە دەستورییەکان و ڕێزگرتنی قانونە پەیڕەوکراوەکان، لەگەڵ هەمو ئەوانەدا بە پێویستی دەزانین بە خێرایی ژیانی ئاسایی هاوڵاتییان لە بەسرە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی پێشوی بۆ هەمیشە و بەردەوامیی.
هیوادارین و دڵنیاین کە هەموان ئه و مەسەلانە ڕەچاو بکەن و پێکەوە هەوڵ بدەن لە پێناوی کاری جدیی و بەردەوام بۆ دان بەخۆدا گرتن و ڕەخساندنی کەش و هەوایەکی گونجاو بۆ چارەسەری بە ئاشتیی بنیاتنەر و دەستوریی کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی بپارێزرێت، شانبەشانی سەلماندن و زامنکردنی مافەکانی هاوڵاتییان و چاککردنی هەلومەرجەکانی ژیانی ڕۆژانەیان.
فوئاد مەعسوم
سەرۆک کۆمار
#06-09-2018#