ئەمڕۆ #08-09-2018# ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بارەگای سەرەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شارۆچکەی #کۆیە#. بەهۆی بۆردومانەکەوە (5) کەس لە بەرپرسانی و ئەندامانی ئەو حزبە گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی (30) کەسیشیان برینداربوون.
رژێمی کۆماری ئیسلامی، لەدوای ساڵی 1991 ەوە، بەردەوام هۆکارێک بوە بۆ نانەوەی پشێوی و نائارامکردنی بارودۆخی سیاسی وکۆمەڵایەتی کوردستانی عێراق. دەیان دەزگاو بنکەی جاسوسی لەناو هەرێمدا بڵاوکردۆتەوە. سەدان کەسی لە نەیارانی سیاسی ڕژێمەکەی لە کوردستانی عێراق تیرۆرکردوە. هەوڵیداوە لەڕیگای هاوکاریکردنی گروپ و تاقمە ئیسلامیە تیرۆریستەکان و هەروەها لەرێگای بەرژەوەندخوازی هەردووحزبی دەسەڵاتداری کوردستانەوە کە دەستی ئەو ڕژێمەیان ئاوەڵاکردوە، فەزای کۆنەپەرستی ئیسلامی بەسەر کوردستانی عێراقدا بسەپێنێ و ژیان و سەلامەتی هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازو عیلمانی بخاتەمەترسیەوەو کۆنەپەرستی ئیسلامی لەدژی ژنان پەرە پێبدات! ئەم ڕژێمە سەرچاوەی کێشە و کارەسات بوە بۆ خەڵکی کوردستان و هەرکاتێک بەرژەوەندیەکانی پێویستی کردبێت بۆ زیاتر ملکەچ کردنی یەکێتی و پارتی وەکو دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستان، دەستی بۆ هەموو کارێکی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان بردوە. ئەم ڕژێمە دڕندەو مرۆڤکوژە، هاوکاری ڕژێمی عێراق #حەشدی شەعبی# کرد بۆ هێرشکردنەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و دژایەتیکردنی سەرەتایی ترین مافی خەڵکی کوردستان عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا.
رژێمی ئیسلامی ئێران، کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی دەسەڵاتەکەی و هێشتنەوەی، دەستێوەردانیەتی لە ووڵاتەکانی ناوچەکەدا، کوردستانی عێراق وەکو ناوچەیەکی ئارام بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی تەماشا دەکات. بۆیە بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدات هەژمونی خۆی بەسەر هەردووحزبی دەسەڵاتداری کوردستاندا بەهێزبکات و بەپێی فەرمانی ئەو بجوڵێنەوە. ئێستاش کە پرسی پێکهێنانەوەی حکومەتی ناوەندی بوەتە گرێکوێرەیەکی سیاسی بۆ ئێران و تای ترازوی هێزی سیاسی بەزیانی ئەو ڕژێمە شکاوەتەوە، لەلایەکەوە بەشێک لە هێزە ئیسلامیەکانی شێعە کە لەدامێنی خۆیدا لەدایک بووبوون، لێی هەڵگەڕاونەتەوە، و لەلایەکی دیکەوە بێزاریەکی جەماوەری گەورە بەرامبەر دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری سیاسی ناوخۆی عێراقدا سەریهەڵداوە، بەورادەیەی خۆپیشاندەران لە بەسرە ڕەمزەکانی دەسەڵاتی لەشارەکەدا دەسوتێنن، ڕژێمی ئیسلامی ئێران، بە بەبۆردومانکردنی بارەگاکانی حزبی دیموکرات لە شاری کۆیە، بێجگە لەوەی گورزێک لە هێزێکی ئۆپۆزیسۆنی ڕژێمەکەی دەوەشێنێ، هاوکات وەکو کارتێکی فشار لەسەر پارتی و یەکێتی بەکاری دەهێنێ تا نەچنە ناو بەرەی دژی ئێرانەوە لە پرۆسەی دروستکردنی حکومەتی عێراقدا!
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هەرجۆرە دەستێوەردانێکی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاورباری سیاسی کوردستانی عێراق و هەروەها ئەو هێرشە دڕندانەیەی بۆسەر شارۆچکەی کۆیەو وبارەگای سەرەکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، کە ئێستا دەرگیری کێشەو گرفتی ناوخۆیی بوەتەوەو لەلایەن خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێرانەوە کەوتۆتە بەر نەفرەت و خواستی سەرنگونی ئە ورژێمە لە هەموکاتێک زیاتر پەرەی سەندوە، بەم پیلانگێرێ و ئاژاوەگێڕیە ناتوانێ باری لاری ڕاست بکاتەوە. ئەم ڕژێمە دژی کرێکاری و دژی ئازادیە درەنگ یان زوو وەڵامی خۆی لە خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران وەردەگرێتەوە.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
#08-09-2018#