سایتی خواکوڕک و پەیجەکەی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵێکی ناڕاستیان بڵاو کردۆتەوە کە گوایە ئاسیاسێل پێش هێرشی ئێران بۆ سەر هەردوو حزبی دیموکرات، خەتی مۆبایلی بەرپرسانی دیموکراتی لەکار خستووە.
ئاسیاسێڵ کە باش دەزانێت کێ لە پشت ئەم سایتە هەواڵییە ناڕاستگۆیەوەیە داوا دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و داواکاری گشتی و دەزگا پەیوەندیدارەکان ڕێگری بکەن لە کارکردنی ئەم جۆرە سەرچاوانە کە جگە لە بوختان و هەواڵی ژەهراوی هیچ سوودێکیان نییە.
ئاسیاسێڵ وەک کۆمپانیایەکی خزمەتگوزار و خێرخواز و سیستماتیک، داوای یاسایی لە سەر دەزگای خواکوڕک و هەموو ئەو کەسانەی کە ئەم دەزگایە بەڕێوە دەبەن تۆمار دەکات و دەیانداتە دادگا تا ڕاستییەکان بسەلمێندرێن بۆ هەمووان.
ئاسیاسێڵ کە خاوەنی کەسێتی مەعنەوی و بەهای بەرزی کارکردنە و خاوەنی ئیدارەیەکی هۆشیارە کە پەیڕەوکاری ئاکاری بزنز و پێودانگە یاساییەکانە، هەرگیز بەم بوختانانە ناوو ناوبانگی لەکەدار نابێت.
ڕاگەیاندنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ
#سلێمانی#
#08-09-2018#