ڕۆژی 17ی خەرمانی ئەمساڵ (8ی سیپتامبری 2018) ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد. ڕاست لە بەرەبەیانی ئەو شەوەدا کە جەللادەکانی ئەو ڕژیمە،3 بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حسێن پەناهییان لە دار دا، سوپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری #کۆیە# دایە بەر هێرشی مووشەکی. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران، 13 کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و
#پێشمەرگە#کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و، دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون. نزیکەی 40 کەس لە تێکۆشەران و بنەماڵەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەو هێرشە مووشەکییە، بریندار بوون کە بە داخەوە بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانی دڕندانەی ئێعدامی 3 لاوی ئازادیخوازی کورد، شەهیدان ڕامین حسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، هەروەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کومیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکا. ئێمە وێڕای هاوخەمیی قووڵمان لە گەڵ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان، چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەکانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بە ئاوات دەخوازین.
تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبووندا دەبێ و ناوەندی هاوکاریی بە ئەرکی خۆی زانیوە پێش ڕوودانی ئەم کارەساتانە لە ڕێکەوتی 27 جوولای بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئاگادار بکات.
ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هیزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو وەڵامێکی ددانشکێن بەرەوڕووی ئەو ڕێژیمە نەبنەوە.
ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو ڕاستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، 19ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان، چۆڵکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان و بازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزاربوون و نا گوتنی خۆتان بەو ڕژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە. لە هەموو چالاکێکی ئازادیخوازی کورد لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن.
ڕسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆر و سەرکوت و تاوان، کۆماری ئیسلامیی ئێران
سەرکەوێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- حیزبی دیموکراتی کوردستان
18ی خەرمانانی 1397
#09-09-2018#