دوای چوار ساڵ لە بێ بودجەیی، حکومەتی عێراق نزیکەی 80 ملیار دیناری وەکو بودجەی 2018 خستە سەر حیسابی بانکیی #کەرکووک# و، پارێزگار دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، ئه و بودجەیە خەرج بکات.
71 ملیار دینار بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکانە و، نزیکە نۆ ملیاریش پارەی یەک ساڵی پترۆدۆلاری شارەکەیە، بەغدا هیچ ئاماژەیەکی بۆ ئەوە نەکردووە: بودجەی چوار ساڵی ڕابردووی کەرکووک خەرج بکات.
راکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت ڕایگەیاند توانیمان بودجەی پەرەپێدانی ساڵی 2018 وەربگرین، کە لەهەمانکاتدا بودجەی پترۆدۆلاریشە، سوپاسی وەزیری دارایی دەکەین کە لە 100%ی بودجەکەی خەرجکرد، ئەوەش دەکاتە نزیکەی 80 ملیار دینار و، خراوەتە سەر حیسابی کەرکووک لە بانکی ناوەندیدا.
نزیکەی ساڵێکە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەکارکەوتووە، پەرتەوازەیی ئەندامەکانی وایکردووە توانای چاودێریکردنی پرۆژەکانیان نەبێت، بۆیە گومانیان لە چۆنیێتی خەرجکردنی ئه و بودجەیە هەیه.
ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی پرۆژەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ کارانەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پەرتەوازەبوونی ئەندامانی، کارێکی کردووە: هیچ جۆرە چاودێرییەکمان لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان نەبێت، کە ئێستا پەکیان کەوتووه، یان گەندەڵییان تێدایە، لەبەرئەوەی پرۆژەکان بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەن دەستنیشاندەکرێن.
نەبوونی ئاو و کارەبای نیشتمانی و کەمی پرۆژەی خزمەتگوزاری، کێشەی زۆربەی گەڕەکەکانی کەرکووکە، خاڵکی شارەکە ناردنی ئه و بودجەیە لەچاو بەرهەمی نەوتی پارێزگاکە، به کەم دەزانن.
ئۆژین جۆڵا، هاونیشتمانیێکی کەرکووکە و دەڵێ: لە ڕابردوودا 43 ملیار دینار بۆ ئەم شارە هات، بەڵام نەزانرا چۆن خەرجکرا، ئێستاش کە ئه و بودجەیە هاتووه لە کاتێکدا ئەنجوومەن پەکخراوه، نازانرێت 80 ملیار دینارە چۆن خەرج دەکرێت.
سەیوان ئەمین، هاونیشتمانیێکی دیکەی کەرکووک دەڵێ 80 ملیار دینار بۆ شارێکی وەکو کەرکووک زۆرکەمه، لەکاتێکدا ئەم شارە خاوەن سەرچاوەیەکی گەورەی ئابوورییە، پێمان وا نییە ئه و پارەیە بەشی تەواوکردنی پرۆژەکان بکات.
هێشتا لێکۆڵینەوەکان لە پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، لەسەر دیارنەمانی 43 ملیار دینار، کە بەر لە سێ مانگه بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە تازە کۆنترۆڵکراوەکان نێردرابوو، تەواونەبووە کەچی بەغدا لە خەرجکردنی بودجەی 2018 سەرپشکی کردووە.[1]
#11-09-2018#