حکومەتی ئێران، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا 517 چالاکی سیاسیی لەسێدارەداوە، کە 20٪یان هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، چالاکانیش دەڵێن: ئامانجی ئەو حکومەتە سەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخوازانە.
بە گوێرەی ئەو ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ی وەرگرتووە، لە ساڵی 2016 دا نزیەکەی 40 کەس سزای لە سێدارەدانیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بەسەردا جێبەجێکراوە، کە 27 کەس لەوانە کورد بوون، هەروەها لە ساڵی 2017 ژمارەکە بۆ 517 کەس بەرز بووەتەوە، کە لە 20٪ی ئەو کەسانەی سزای لە سێدارەدانیان بەسەدا جێبەجێ کراوە لە کوردانی ڕۆژهەڵاتن.
حکومەتی ئێران بە بێ گوێدانە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، سزای لە سێدارەدان بەسەر گیراوان و زیندانیاندا جێبەجێ دەکات، چالاکانی سیاسیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیش، کە دەربازبوونیان لە سزاکانی حکومەتی ئێران لە باشوری کوردستان دەژین، لەڕێگای ڕۆژنیوزەوە باس لە ئامانجی ئەو سیاسەتەی حکومەتی ئێران دەکەن.
زاگرۆس #سنە#، کە چالاکێکی سیاسییە و ماوەی چوار ساڵی لە زیندانی سنەدا بەندکراوە، وتی:گومان لەوەدا نییە، کە ڕژێمی ئێران دەوڵەتێکی دیکتاتۆری خوێنڕژ و خوێنمژە، بۆ سەرکوتکردنی ئازدیخوازان هەموو ڕێگایەکی دژ بە مافەکانی مرۆڤی گرتوەتە بەر، لەو چوار چێوەیەشدا جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ژێرناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێم، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە، کە هەر کەسێک هەوڵی ئازادیی بدات لەناو دەبرێت.
زاگرۆس، ئاماژەی بەوەکرد، کە لە زیندانەکانی ئێران-دا بەندکراون لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان دەکرێن، بۆ ئەوەی بۆ ڕای گشتیی وادەربخەن کە گوایە ئەمان یاسا جێبەجێ دەکەن و دەیانەوێت دژبەرانی یاسا لەناو بەرن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان و ئازادیخوان بەکارهێناوە بەتایبەت گەلی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەو چالاکوانە، بە ئەرکی هاوڵاتیان و چالاکانی سیاسیی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەزانێت، کە لەم جۆرە سیاسەتەی حکومەتی ئێران بێدەنگ نەبن و بڕژێنە سەر شەقامەکان کۆتایی بە سزای لە سێدارەدانی کوردان بهێنن.
ڕۆژین ڕۆژهەڵاتی، یەکێکی دیکەیە لەو چالاکوانانە و باسی لەوەکرد، کە حکومەتی ئێران ئەو کەسانە بە مەترسیی بۆسەر مانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەبینێت، کە بۆ ئازادیی تێدەکۆشن، بۆیە بە سزای سێدارە وەڵامی دەداتەوە.
ناوبراو، ئاماژەی ئەو سیاسەتە کرد، کە بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگا پەیڕەوی دەکات و وتی:گەنجان ئالودەی مادەی هۆشبەر و کۆمەڵێک دیاردەی دزێو دەکات بۆ ئەوەی بیر لە سەربەخۆیی و ئازادیی نەکەنەوە لەپاڵ ئەوەشدا بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەیانخاتە زیندانەوە و دواجار سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ دەکات.
هەروەها، عەدنان ڕەشیدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو پێوەرانەی باسکرد، کە حکومەتی ئێران بۆ جیبەجێکردنی سزای لەسێدارەکدان پەیڕەوی دەکات و ووتی:دوو جۆر پێوەرە، جۆرێکیان پشتبەستنە بە بنەماکانی شەرعی ئیسلام و لەو جۆرەدا زیاتر قازییەکان ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن لە دۆسییەکاندا و جۆرێکی تریش پشت بەو یاسایانە دەبەستێت. کە کاربەدەستانی ڕژێم دایان ناوە و هەموو ئەو کەسانە بە سزای لەسێدارەدان مەحکوم دەکات، کە گوایە مەترسین بۆسەر دەستەڵاتی ڕژێم.
وتیشی: ئەوەی لە ئێران پەیڕەو دەکرێت بەهیچ جۆرێک لەگەڵ بنەمانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ یەک ناگرێتەوە، چونکە دەرکردنی بڕیارەکان و دواتر جێبەجێکردنی سزاکان بە شێوەی هەڕەمەکیی بەڕێوەدەچن، چونکە بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ئێمە لە کۆی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسیان دادگاییەکی ڕێک و پێکیان بۆ ساز نەکراوە بەڵکو قازییەکان بۆخۆیان بڕیاری کۆتاییان لەسەرداون.[1]
#11-09-2018#