دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و لەباریی کەشوهەواکەیەوە، لەناوچەی هەورامان ساڵانە باشترین جۆری گوێز بەرهەمدەهێنرێت، بەوتەی هەورامییەکانیش هەرچەندە گوێزی دەرەکی هاوردەی بازاڕەکان دەکرێت، بەڵام لەنرخی گوێزەکەی ئێمە کەمناکاتەوە و کڕیاری تایبەتیمان هەیە، بەرپرسانی کشتوکاڵی ناوچەکەش دڵخۆشن بە بەرهەمی ئەمساڵی گوێز.
$ئەمساڵیش جۆر و بڕ و کوالیتی گوێزی هەورامان لە ئاستێکی باشدایە$
ئاوێسەر هەورامی، یەکێک لە خاوەن باخە گوێزەکانی تەوێڵە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی هاوینی ئەمساڵ پلەکانی گەرما تاڕادەیکی زۆر بەرزبوونەوە و لەگەڵیشیدا هەندێک نەخۆشی ڕووبەڕووی دارگوێزەکانی هەورامان بوویەوە، بەڵام خۆشبەختانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەکردە سەر بڕ وجۆر و کوالیتی بەرهەمی گوێز، هاوکات ئێستا وردەوردە دەستمان کردووە بە تەکاندن و کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گوێز و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو تەکاندنی گوێز بەردەوامیی دەبێت.
$گوێز بە سێ جۆر نرخی جیاواز دەفرۆشرێت$
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرەتای تەکاندنی گوێز و کۆکردنەوەی بەرهەمەکەیەتی، بۆیە هێشتا نرخێکی دیاریکراو لەسەر گوێز دانەنراوە، بەڵام پێدەچێت هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش سێ جۆر نرخ بۆ گوێز دابنرێت، بەجۆرێک هەزار گوێزی نمرە یەک بە بڕی 65 هەزار تا 70 هەزار دینار و گوێزی نمرە دوو بڕی 55 هەزار و گوێزی نمرە سێش بڕی 45 تا 50 هەزار دینار دیاریکری بکرێت.
$گوێزی هەورامان کڕیاری تایبەتی هەیە$
سەعدی محەمەد، یەکێک لە خاوەن باخە دارگوێزەکانی شارەدێی بیارە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی بە بەراورد بە باخە دارگوێزەکانی تەویڵە ئەوانەی بیارە درەنگتر پێدەگەن و دەتەکێندرێن، بەڵام ئەمە کاریگەریی ناکاتە سەر ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان، چونکە گوێزی بیارە و تەوێڵە لە باشترین جۆری گوێزەو ساڵانە پێش وەرزی پێگەیشتینان لەلایەن خەڵکی #سلێمانی# و شارەکانی ترەوە ئاگادار دەکرێینەوە کە بەرهەمەکانمان نەبەینە بازاڕەوە ئەوان لێمان دەکڕن، چونکە ئێستا خەڵک لەوە تێگەیشتوون ئەو گوێزە لە وڵاتانی ترەوە دێت هەرچەندە لە ڕووی نرخەوە هەرزانە، بەڵام لەڕووی جۆر و کوالیتییەوە ناگات بە گوێزی هەورامان.
$هەورامییەکان سودیان لە ئەزموون و شارەزایی باوباپیرانیان وەرگرتووە$
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی تا ئێستا ماوەتەوە و توانیومانە درێژەی پێبدەین ئەوەیە کە سودمان لە شارەزایی و ئەزمونی باوباپیرانمان وەرگرتووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دارگوێزەکاندا بەو جۆرەی کە باشترین جۆری گوێز بەرهەمبهێنین ئەو نازناوەی کە هەورمان هەیەتی لە باشترین جۆری گوێز بپارێزین، بۆیە ئێستاش ئەرکی ئێمە سەختتر بووە کە نەوەکانی ئێستا فێری ئەو شارەزاییە بکەین بۆ ئەوەی هەورمان هەر بە باشترین جۆری گوێز بە ناوبانگ بێت.
$لە سنوری #هەڵەبجە# 80 هەزار دارگوێزی بەردار بونیان هەیە$
ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بۆ دواڕۆژی ڕونکردەوە، بەشێوەیەکی گشتی لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 80 هەزار دار گوێزی بەردار بونیان هەیە کە زۆربەیان دەکەونە ناوچەی هەورامان بەتایبەت تەوێڵە و بیارەو و گوندی هاوار، ساڵانەش بە دەیان تۆن لەباشترین جۆری گوێز بەرهەم دەهێنن، بەڵام دار گوێزەکانیش بە دوور نین لە چەندین نەخۆشی و گرفت کە ئەوە ئەرکی ئێمەیە چارەسەریان بکەین.
ئەوەشی وت: ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی دارگوێز لە سنورەکەدا کەم بوو، بەڵام بەرزی پلەکانی گەرما لە هاویندا کاریگەری خراپیان لەسەر باخە دارگوێزەکان جێهێشت، بەڵام ئەوەش نەبووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمی ئەمساڵ خراپ بێت، بۆیە هەرکات خاوەن باخەکان داوایان لێکردبێتین ئێمە توانیومانە لەڕێگەی دەرمانی قڕکەرەوە چارەسەری ئەو نەخۆشییانە کە ڕووبەڕووی دارگوێزەکان بووەتەوە، بکەین.[1]
#12-09-2018#