هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی جزیرەی ڕۆژاوای کوردستان ڕایدەگەیەنێت: بۆ ئەمساڵی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی جزیرە 23 هەزار مامۆستا بە پرۆگرامەکانی نوێی خوێندن وانە دەڵێنەوە.
سەمیرا حاج عەلی، هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی جزیرەی ڕۆژاوای کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند:پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ڕۆژاوای کوردستان لە پۆلی یەک تاوەکوو پۆلی دە گۆڕاوە و بۆ ئەمساڵی خوێندنی 2018-2019ەش خوێندن بە پڕۆگرامە نوێیەکان دەبێت، لە ئێستادا ساڵی نوێ خوێندن لە ڕۆژاوای کوردستان دەستی پێ کردووە.
وتیشی:لە پڕۆگرامەکاندا زمانی کوردی و عەرەبی و سریانی هەیە، بەڵام قوتابییانی کورد لە پۆلی چواری بنەڕەتییەوە دەست بە خوێندنی زمانی عەرەبی دەکەن، بۆ ئەمساڵی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی جزیرە 23 هەزار مامۆستا بە پرۆگرامەکانی نوێی خوێندن وانە دەڵێنەوە.
هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی جزیرە ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی قوتابییانی کورد لە هەرێمی جزیرە دەتوانن بچنە زانکۆی ڕۆژاوا کە لە هەمان هەرێمە و لە ئێستادا حەوت کۆلێژی تێدا کراونەتەوە.
ڕۆژی 9ی ئەیلول، 300 هەزار خوێندکار لە دوو هەزار و 234 قوتابخانەی هەرێمی جزیرە ساڵی نوێی خوێندیان دەستپێکرد.[1]
#14-09-2018#