خەڵکی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا بەخێراییەکی سەرسووڕهێنەر هەژار تربوون، ئەوەش بەتایبەتی پاش چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان دوو حکومەتەکە ڕوویداوە، کاڵا گران بووە و هەر لەو ماوەیەشدا بەهای دۆلار لە چوار هەزار تمەنەوە تا 15 هەزارتمەن بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران، نزیکەی 14 ملیۆن هاوڵاتی لە ئێران کرێکارن، کە ژمارەیان بە خانەوادەکانیانەوە دەکاتە 43 ملیۆن کەس لە ژمارەی دانیشتووانی ئێران، ئەوە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەمساڵدا مووچەی کرێکاران 20٪ زیادی کرد و ئێستا بەهای کاڵا سەرەکییەکانی ژیانی خەڵک زیاتر لە 70٪ بەرزبووەتەوە.
ئەمساڵ حکومەتی ئێران ملیۆنێک و 115 هەزار تمەنی بە کەمترین مووچەی دیاریکراو بۆ کرێکاران ڕاگەیاند، ئەوە لەکاتێکدایە کە خانەوادەیەک بە ژمارەی کەمەوە بۆ کرینی تەنیا کاڵا سەرەکییەکانی، لە مانگێکدا پێویستە بە پێنج ملیۆن و 300 هەزار تمەن دەبێت.
هەر لەو چەند مانگەدا کرێکارانی سەدان کارگە و کۆمپانیا لە ئێران بەهۆی نەدرانی موچەکانیان مانیان لە کارکردن گرتووە، ئەوەش دەیسەلمێنێت، کە حکومەت ئەو پارە کەمە دیاریکراوەش لە کاتی خۆیدا ناداتە کرێکاران.
قەیرانی ئابوری تەنیا دۆخی کرێکارانی ئێران ناگرێتەوە، بەڵکو چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگا وەک کاسبکاران و دووکاندارانیش تووشی قەیران کردووە، وەکچۆن بیندرا هەر لەو چەند مانگەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران وەک ئیسفەهان و تارانی پایتەخت بازاڕەکان مانیان گرت و دووکانەکانیان داخست.
پسپۆرانی ئابوریناس ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابوری لە چەند مانگی ڕابردوو بە 40٪ مەزەندە دەکەن، ئەوەش توانای کڕینی کاڵا لەلایەن چینی خوارەوە و ناوەڕاستی کۆمەڵگای کەم کردووەتەوە، واتە ڕێژەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران تا دەچێت هەژارتر دەبن.
لەگەڵ ئەوانەدا نرخی ئۆتۆمبێلە ناوخۆییەکانی ئێران و هەروەها خانوو و کرێی خانوو لە ڕادەبەدەر هەڵکشاوە، بەشێوەیەک کە نرخی ئۆتۆمبێلی پراید (وەک هەرزانترین ئۆتۆمبێل لە ئێران) لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا لە 24 ملیۆن تمەنەوە بۆ 40 ملیۆن تمەن هەڵکشاوە، لەلایەکەوە نرخی خانوو و زەوی لە شارە گەورەکان 62٪ بەرزبووەتەوە.
ئەوەش لێکەوتەی قورسی کۆچی هاوڵاتیانی ناو شارەکان بەرەو پەراوێزەکانی شاری بەدووادەبێت، کە خۆی دەتوانێت ببێتە قەیرانێکی گەورە بۆ بەڕێوبەرایەتیی شارەوانییەکانی ئێران.
چاودێران دەڵێن ئێران لە ئێستایدا وەک بەرمیلی باڕوت وایە و چاوەڕێی چەخماخێکە بۆ ئەوەی بتەقێتەوە، ناڕازیبوونی دوو چینی هەرە گەورەی کۆمەڵگای ئێران، لە دۆخی ئێستادا نزیکبوونی ئەو گریمانەیە لە ڕاستی دەسەلمێنێت.[1]
#14-09-2018#