خەڵکی کوردستان لە پارێزگاکانی #ورمێ#، #ئیلام#، #سنە# و #کرماشان# بەگشتی لە تەواوی شارە و گوندەکانی ڕۆژهەڵات لە #ماکۆ# لە باکوور و هەتا ئیلام باشووری کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە 21ی خەرمانان بە داخستنی بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکان و شوێنی کار و کاسبی، بە بەشداریی بەربڵاو و یەکپارچە لە مانگرتنی گشتیی سیاسی-مەدەنیی، ناڕەزایەتیی گشتیی خۆیان بە نیسبەت ئێعدامەکانی ئەم دواییانە زیندانییانی سیاسی و مووشەکبارانی نووسینگەی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها درێژەی سەرکوت و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و مافی خۆیان ڕاگەیاند و پیشان دا.
لەسێدارەدانی 6 زیندانیی سیاسی، ڕامین حوسێنپەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، کەماڵ ئەحمەدی نژاد، ئەحەد شەباب و ناسر عەزیزی و هێرشی مووشەکیی بۆ ناوەند و نووسینگەی حیزبە کوردییەکان و کوژرانی 15ی کەس لە ڕێبەران و کادری سیاسی و مەدەنیی دوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردستان بەتایبەتی سویلا قادری، نەسرین حەداد، کەریم مەهدەوی، ئیبراهیم ئیبراهیمی، ڕەحمان پیرۆتی، هاشم عەزیزی، عوسمان عوسمانی، کەریم ڕەسووڵزادە، پێشەوا سەید عومەر، جەماڵ ئەکبەری، مەنسوور ئەکبەریپوور، فاروق حەسەن حەیات، موختار قادرپوور، محەممەد حەسەنپوور و هاوڕێ کارساز، لە ڕێکەوتی 17ی خەرمانان، لەگەڵ ناڕەزایەتی و تووڕەیی سەرتاسەریی خەڵکی ڕۆژهەڵات کوردستان بەڕەوروو بوونەوە.
ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێرای مەحکوومکردنی دووبارەی ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و کوژرانی ڕێبەرانی حیزبە کوردییەکان، سپاس و پێزانینی بەشداریی بەربڵاو و بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە مانگرتنی گشتی لە 21ی خەرمانان ڕۆژهەڵات لە یەکەیەکی بەشداربووانی ئەو مانگرتنە دەکات.
#14-09-2018#