هاوڵاتیانی سەربەرزی کوردستان
خەڵکی هۆشمەند و تێگەیشتوو
لای هەموتان ئاشکرایە هاوپەیمانی بە ڕاستگۆیی و بێ پێچ و پەنا هەڵوێستە سیاسییەکانی خۆی خستۆتەڕوو. لەمڕوەشەوە، بە ئاشکرا، داوای دیالۆگی نیشتمانی کردو هەر زووش لەلایەن سەرجەم هێزە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدارەکانەوە پێشوازی لێکرا. ووتومانە و بەبێ دوو دڵی دەیڵێینەوە کە ئەگەر و پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق دەخوازێ لەم دۆخە سیاسە چەقبەستووە دەرباز بین. دواتریش لەم چوارچیوەیدا، هەنگاوی پراکتیکی بۆ نراو زنجیرەیەک کۆبونەوە بەڕێوەچووە. خۆ ئەگەر بانگەشەی هەڵبژاردن نەبوایە، ڕەنگە هەنگاوی گەورەتر بۆ ڕێکەوتنی سیاسی بەرفراوان بنرایە.
ئێستاش لەبەرئەوەی هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی نەکردوە، هەربۆیە ڕاستگۆیانە بەردەوامە لە هەنگاوەکانی و سەرقاڵی گفتوگۆیەکی تێروتەسەلی هەمەلایەنەیە لەگەڵ هێزە کوردستانی و عیراقییەکان لەپێناو کۆتاییهێنان بە قەیران و کێشەکان.
لەم نێوەندەشدا، لەسەر داوای کەسانی دڵسۆز و خەمخۆر و تیکۆشەرانی هاوپەیمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی ڕێکەوتنێکی سیاسین بە ئامانجی چارەسەرکردنی تەنگژەکان و چاککردنی باری بژێوی خەڵک و ڕێکخستنەوە و سازدانی تواناکانمان بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گەل. کە چاوەڕوان دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکان فراوان بکرێت بەرووی هێزە سیاسییەکانی دیکەدا.
هەرکەسیش بەهەر مەبەستێک هەوڵی شێواندنی ئەم ڕاستییانە بدات، ئەوا درۆیەکی گەورەیەو هەوڵێکە بۆ خەڵەتاندنی خۆی و خەڵک لەپێناو کۆکردنەوەی چەند دەنگێکی کەمی هەڵبژاردن.
لەکۆتاییدا هاوپەیمانی دڵنیای خەڵک و هاودیدان دەکاتەوە کە پەیام و پرۆژەکەی بەردەوامەو سەرقاڵی خۆسازدان و خۆرێکخستنەوەیە بە ئاراستەی زیاتر بەهێزکردنی پێگەکەی و ئاراستەکردنی هاودیدانمان بەرەو کایەی خزمەتکردن و ڕیکخستنەوە و یەکخستنەوەی توانای هیزە چاکەخوازەکان. هیچ هەوڵێکی نەزۆکیش ناتوانێت ئامانجەکانی هاوپەیمانی بۆ دیهینانی لە حوکمرانی باش و دادپەروەر ڕابگرێت.
سەرکەوتوو سەرفراز بن
وتەبێژی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری
#14-09-2018#