بەپێی ئامارێکی ڕۆژنیوز، پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هەشت خوێندنگای ناوەندی و دواناوەندی لەگەڵ 38 خوێندنگای سەرەتایی کوردی لە #خورماتوو# هەبووە، کە 23 هەزار خوێندکاری سەرەتایی و چوار هەزار و 600 خوێندکاری ناوەندی و ئامادەیی تیایاندا خوێندوویانە.
لە یەکێک لە خوێندنگاکانی گەڕەکی کۆماریی خورماتوو، کە گەڕەکێکی کوردنشینە بەناوی شەفەق-ی سەرەتایی و هەردوو خوێندنی کوردی و عەرەبی تێدایە، لەکاتی دەستپێکردنی ناونووسین ساڵی نوێی خوێندنەوە تاوەکو ئێستا 105 خوێندکار ناوی خۆیان تۆمارکردووە و سەرجەمیشیان بەنەتەوە کوردن، بەڵام لەو ژمارەیە تەنها 14 خوێندکاریان ناوی خۆیان بۆ خوێندنی کوردیی تۆمارکردووە، ئەوانی تر هەمووی خراونەتە بەر خوێندنی عەرەبیی، ئەمەش بەوتەی بەڕێوبەری خوێندنگاکە.
محێدین هادی، بەڕێوبەری خوێندنگەی شەفەق، وتیشی: ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا 60 خوێندکاری پۆلی یەکمان هەبوو لە خوێندنی کوردی، بەڵام ئێستا دوو هەفتەیە ناودەنووسین تەنها 14 خوێندکاری کوردیی هەیە، ئەمەش بۆ خۆی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر خوێندنی کوردی لەم شارۆچکەیە.
هۆکاری ئەمەش بەلای فەریدون قادر-ی سەرپەرشتیاری کارگێڕیی له پەروەردەی خوێندنی کوردیی شارۆچکەی خورماتووەوە بۆ چەند هۆکارێک دەگێڕێتەوە، کە بریتین لە متمانە نەکردنی هاوڵاتیانی خورماتوو بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوڕدانەوە لەو شارۆچکەیە، هەروەها وەرگرتنی کەمتریین دەرچووی پۆلی شەشی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوانەشدا کەمیی مامۆستای کوردیی لە شارۆچکەکە.[1]
#15-09-2018#