#شەڕڤان#انی هێزەکانی سوریای دیموکرات نەوجەوانێکی ئێزدی بەناوی سەعدۆ خەلیلیان لە چنگی چەتەکان ڕزگارکرد و ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە، ئەویش دەربارەی ژیانی لەناو چەتەکاندا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
سەعدۆ خەلیل، 15ی ئابی 2014 لە گوندی کۆچۆی سەربە شەنگال لەلایەن چەتەکانی #داعش#ەوە ڕفێندرابوو، لەم دواییانەدا شەڕڤانانی قەسەدە ئەو گەنجەیان ڕزگارکرد و لەڕێگای ئەنجومەنی خۆبەێوبەری دیموکراتی شەنگالەوە ڕادەستی خانەوادەکەیان کردەوە.
سەعدۆ ئەو کاتەی ڕفێندرا تەمەنی 10 ساڵان بوو، بەم شێوەیە بەسەرهاتی خۆی لە چنگی چەتەکاندا بۆ ڕۆژنیوز دەگێڕێتەوە: ئەو کاتەی وتیان داعش هاتووە زۆر ترساین، دەمانویست بچینە شەنگال، بەڵام وتیان مەترسن و کاریان بەسەرتانەوە نییە، ئێمەش گەڕاینەوە، ئەو ڕۆژەی هاتنە گوندەکەمان جەژن بوو، خەڵەتاندیانین و هەموومانیان لە خوێندنگای گوندەکە کۆکردەوە، هەموو پیاوەکانیان کوشت، ژن و منداڵەکانیشیان کۆکردەوە لەگەڵ خۆیان بردیانین بۆ تەلەعفەر، پاش ماوەیەک چیدی ڕێگایان نەدەدا منداڵەکان لەگەڵ دایکیان بمێننەوە، لە تەلەعفەر کۆیان کردینەوە بردیانینە خوێندنگایەک کە دایکەکانیان لەوێ ڕادەگرت، وتیان بڕۆن دایکتان بدۆزنەوە، بەڵام من دایکمم نەدۆزییەوە.
سەعدۆ بەردەوامی بە قسەکانی دا: چەتەکان بۆ ئەوەی بمانکەنە #موسڵ#مان هەموو کارێکیان دەکرد، ئێمە چوار منداڵی ئێزدی پێکەوە بووین، بەتایبەتی پەروەردەی ئاین، قورئان و نوێژیان دەکردین، ئەگەریش باش فێر نەبووینایە لێیان دەداین، دواتریش وەک کۆیلە فرۆشتیانین، سەرەڕای ئەوەی زۆر بچوک بووم هەموو کارێکیان پێدەکردم، خواردنم دروست دەکرد، ئەگەر خواردنەکە ناخۆش بووایە لێیان دەدام، چەند جارێک هەوڵم دا ڕابکەم لە چنگیان، جارێک خەڵەتاندیانم، یەکێک وتی وەرە ڕزگارت دەکەم، بەڵام بردمی و ڕادەستی چەتەکانی کردمەوە.
ئەوەش دەڵێت، کە زۆر خۆشحاڵە بە ڕزگاربوونی لە چەنگی چەتەکانی داعش و ئەو ژیانەی بەسەریاندا سەپاندبوو.
شەوکەت خەلیل، برای سەعدۆش بەم شێوەیە خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت: چوار ساڵە براکەی خۆمم نەبینیبوو، سوپاس بۆ خوا، هەڤاڵان گەنجانی ئێزدی ڕزگاردەکەن، هیوادارم هەموو دایکان و منداڵان لە چنگیان ڕزگار بکرێن، زۆر سوپاسی شەڕڤانان دەکەین کە بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی ئێزدی گیانیان فیدادەکەن.
حەمید ڕەشۆ، لەسەر ناوی ئەنجومەنی خانەسۆریش وتی: ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵین کە قەسەدە گەنجێکی دیکەی ڕزگارکردووە، سوپاس و دەستخۆشیی #یەپەگە#، #یەپەژە# و قەسەدە دەکەین.[1]
#16-09-2018#