راگەیەندراوێک بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
هەڵبژاردن، ئەرک و مافی هەموو هاووڵاتیەکە کە مافی دەنگدانی هەبێت، هەر کاندیدێکیش کە لەلایەن حیزبەکەیەوە پاڵێوراو بێت بۆی هەیە بەپێی یاساو ڕێنماییەکان، ڕیکلام بۆ خۆی یان لیستەکەی بکات.
بەداخەوە چەند هاووڵاتیەک کە پێیانوایە خزمەتی حیزبەکەیان دەکەن، دەستیانکردوە بەدڕاندن یان شکاندنی پۆستەرو فلێکسی هەندێک کاندید.
لێرەوە، داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی هەموو حیزبەکان دەکەم، ڕێز لە پۆستەر و فلێکسی کاندیدەکانی حیزبەکانی تر بگرن و دوور بکەونەوە لەهەر کارێک کە بانگەشەکەمان بەرەو نا ئارامی ببات.
هەروەها بەتایبەت داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان دەکەم، هیچ ڕەدفعلێکی سلبییان نەبێت بەرامبەر بەپۆستەری هیچ کاندیدێکی لایەنێکی تری سیاسی وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ دڕاندن یان شکاندی پۆستەرەکانم.
ئێمە بۆیە ئارامیمان هەڵبژاردوە وەکو دروشمی سەرەکیمان، چونکە دەمانەوێت پێکەوە بەجیاوازیەکانمانەوە لە کوردستانێکی ئارامدا بژین. خۆ سبەینێ بانگەشە تەواو دەبێت و لایەنەکان دووبارە لەمێزی گفتوگۆ یان لە هۆڵی پەرلەمان بەیەکەوە دادەنیشنەوە، بۆیە پێویست ناکات دۆخی کوردستان و بەتایبەت بانگەشەکەمان بەرەو دۆخێکی نائارامدا ببەین.
لە پێناوی ئارامی، هەلی کار و خزمەت
براتان
#قوباد تاڵەبانی#
کاندیدی ژمارە 1ی لیستی 105ی یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان
#20-09-2018#