وەکو ئامارەکانی پۆلیس دەریدەخەن، تاوانەکانی دزی و کوشتن لەنێو شاری #کەرکووک# و دەوروبەری ڕوو لە هەڵکشانن. پۆلیس دەڵێت هۆکاری زۆربەی تاوانەکانی کوشتن و دزی، هەژاری یان کێشەی کۆمەڵایەتییە.
عەمید ئەفراسیاو کامیل، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماری تاوانەکانی کوشتنی لە هەشت مانگی ڕابردوودا (لە یەکی کانوونی دووەم تاوەکو 31ی ئاب) بۆ (رووداو) ئاشکرا کرد و گوتی: لەم ماوەیەدا 80 حاڵەتی کوشتن لە کەرکووک و دەوروبەری تۆمارکراون، تۆمەتباری 60 لەو تاوانانە دەستگیرکراون، 20 تۆمەتبارەکەی دیکەش هەڵاتوون بۆ دەرەوەی کەرکووک.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی ئەو هەشت مانگەدا 611 حاڵەتی دزی لە کەرکووک تۆمارکراوە، زیاتر لە 400 کەس لەسەر ئەو دزییانە دەستگیرکراون. بەگوتەی عەمید ئەفراسیاو، هەندێک لەوانەی لەسەر دزی دەستگیرکراون تەمەنیان 15- 16 ساڵە، بەڵام زۆربەی تۆمەتبارەکان تەمەنیان لە 35 ساڵ بەسەرەوەیە.
دوایین تاوانی دزی کە لە نێو دۆسیەکانی پۆلیس لە کۆتایی مانگی ئابدا تۆمارکراوە، دزینی ئۆتۆمبێلی ئافرەتێک بووە. عەمید ئەفراسیاو دەڵێت، هەژاری و بێکاری هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی تاوانی دزی.
کەرکووک نەک دۆخە سیاسییەکەی، دۆخە کۆمەڵایەتییەکەشی ناجێگیرە. زوو زوو هەواڵی کوشتنی کەسێک لە میدیاکانەوە بڵاودەبێتەوە کە بە بڕوای پۆلیس و خەڵکیش هۆکاری زیادبوونی ڕووداوەکانی کوشتن بۆ زۆریی ئەو چەکانە دەگەڕێتەوە کە بە دەست خەڵکەوەن.
مانگی ڕابردوو ئافرەتێک لە نێو ماڵەکەیدا، هاوژینەکەی خۆی دایە بەر دەستدڕێژی گوللە و کوشتی، کاتێک ویستی بەرەو شاری #سلێمانی# ڕابکات، لەلایەن بازگەیەکی ئاسایشەوە دەستگیرکرا. دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کەسێک لە تاوانەکەدا هاوکاریی کردووە و دواتر پۆلیس ئەویشی دەستگیرکرد.
عەمید ئەفراسیاو کامیل، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت: زۆربەی ڕووداوەکانی کوشتن لە کەرکووک و دەوروبەری بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتین. گوتیشی :چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ ئێمە زۆر ئاڵۆز و زەحمەتە.
پارێزەر یونس عومەر کە پارێزەرە لە دادگای کەرکووک بە (رووداو)ی گوت :زۆربەی ئەو کەیسانەی من لە دادگا کاریان لەسەر دەکەم، کۆمەڵایەتین، هۆکاری زۆربەشیان دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن و ناهۆشیاری، هەندێک کەیس زۆر سادەن، بەڵام لایەنەکانی کێشەکە گەورەیان کردووە و گەیشتووەتە ئاستی خوێنڕشتن. گوتیشی: هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی بوونەتە بۆماوەیی، نەوە بە نەوە لەگەڵی هاتوون و تۆڵەی خۆیان کردووەتەوە.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەدا کە قورسترین دۆسیە لە دادگاکان، ئەوانەن کە تاوانی کوشتنەکە بەهۆی تۆڵەکردنەوەیە، چونکە زۆرجار تاوانەکە تەشەنە دەسێنێ و خەڵکی زیاتری تێدا دەکوژرێ. دواجار چارەسەر و کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم دەبێ. جگە لە دادگاکان، هەندێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە دیوەخانی سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقوڵان چارەسەر دەکرێن.
بارام محەممەد، 60 ساڵ، کە بەشداری لە چارەسەرکردنی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتیدا کردووە، گوتی: زۆربەی کێشەکان لە بەرامبەر بڕێک پارە بۆ خوێنی کوژراوەکە چارەسەر دەکەین و ناهێڵین بگاتە دادگا، چونکە هەندێک کێشە بە دادگاش چارەسەر ناکرێن. هەندێک جاریش ئێمە کارئاسانیمان بۆ دادگا کردووە و لەوێ چارەسەرکراون.
لە کاتی ڕوودانی تاوانێکی کوشتندا هەندێک کەس یەکسەر پەنا بۆ تۆڵەکردنەوە دەبەن، بەمەش کێشەکە گەورەتر دەکەن، هەندێکیشیان کارەکە بۆ یاسا جێدەهێڵن.
(س.م) برای قوربانییەکە، بە (رووداو)ی گوت :براکەم تەمەنی 16 ساڵ بوو، بە ناهەق کوشتیان، تا ئەو کاتەی تاوانبارەکە دەستگیر نەکرابوو، پێداگیریم لەسەر ئەوە دەکرد کە تۆڵەی خوێنی براکەم بکەمەوە، بەڵام کاتێک تاوانبارەکە دەستگیرکرا، لە دادگا لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا و سزا درا، ماڵی تاوانبارەکە داوای لێخۆشبوونیان کرد، بۆیە بڕیارمان دا بیر لە تۆڵە نەکەینەوە.[1]
#21-09-2018#