رۆژانی 21 و 22ی مانگ، کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بە بەشداریی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بە ئامادەبوونی وەفدێک لە مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، پلنیۆمی ئاسایی خۆی بەست.
بەرنامەکانی پلنیۆم بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزنان لە ژیانی و خەباتی سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆشیالیزم و بە سرودی ئینتەرناسیۆنال دەتسی پێکرد. دواتر وتاری کردنەوەی پلنیۆم لەلایەن عوسمان حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیەوە پێشکەش کرا.
بەرنامەی کاری پلنیۆم بریتی بوون لە:
1- ڕاپۆرتی مەکتەبی سیاسی و ئۆرگانە ڕابەریەکانی حزب
2- بارودۆخی حزب و ئامادە سازی ڕابەری بۆ وەڵامدانەوە بە گۆڕانکاریە سیاسیەکان و مەسەلەو پرسەکانی پەیوەندی بە خەباتی چینی کرێکار.
3- بارودۆخی سیاسی کوردستان و گۆڕانکاریەکانی دوای ڕوداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەرو ڕێگاچارەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان.
4- دارایی حزب
5- کۆنگرەی حزب
6- بڕیارو ڕاسپاردەکان
7- هەڵبژاردن
سەبارەت بە قسەوباس لەسەر بارودۆخی حزب و ئامادەسازی ڕابەری، خاڵە لاوازەکانی دیاریکران و چەند هەنگاوی عەمەلی دەست نیشان کراون و بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە درا.
سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان، بەدوای قسەوباس و لێکدانەوە لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان و ئەو ئاڵوگۆرانەی کەدوای 16 ئۆکتۆبەر ڕوویان داوە، کە بونەتە هۆی هەرچی زیاتر تێکدانی بارودۆخی سیاسی و ئابوری کوردستان، هەنگاوی عەمەلی دەستنیشان کراو بڕیاری پێویست لەبارەیەوە درا.
دواتر لە بەشی هەڵبژاردندا هەریەکە لە عوسمانی حاجی مارف وەکو سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و موحسین کەریم وەکو جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی، بە تێکڕای دەنگ هەڵبژێردرانەوە. هەروەها دەشتی جەمال و خەسرەو سایە و مەهدی ڕەسوڵ بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی وەکو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێدران.
پلنیۆم بە وتاری عوسمانی حاجی مارف و شۆروشەوقی هاورێیان و ئومێد بە گەشەی حزب، کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
پلنیۆمی(21)ی کۆمیتەی ناوەندی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
#22-09-2018#