ژن بووم بەگرێی چارۆگێ دەريانکردم
ئەم زاراوەيە لە زاری ژنانەوە گوتراوە و پياويش بەکاريدێنن لە بابەتێکدا بگونجێت دەڵێن(خۆ بەگرێی چارۆگێ دەرنەکراويت؟) کورد هەرچەندە شانازی بە موسڵمانبوونی خۆی دەکات بەڵام دوای چواردە سەدە هێشتا داب و نەريتە کلتورييەکان بەسەريدا زاڵن به و داب و نەريتە زاڵانەش دەڵێت(عەشايەری) کە ئەم زاراوەش لەگەڵ هاتنی موسلمانەکانەوە سەرچاوەی گرتووە دەنا وشەی(خێڵايەتی و هۆزايەتی) هەبووە لەبری عەشايەری، واتە کورد ئەوەی لەبەرژەوەندی نەبووە لە(شەرع) فەرامۆشی کردووە بەتايبەت(ميراتی زەوی و زار) و(سەروەت و سامان)ی ماڵە باب بدرێتە(کيژ و کەنيژک و کچان)، ئينجا وارێکەوتووە کچەخانەدانێ يان دەوڵەمەندێ کە بێ بەش کرابێ لە زەوی و زار و سەروەت و سامانی گەورە ماڵی باوکی بەکوڕازانەوە و حەسرەتەوە دەڵێت(ژن بووم بەگرێی چارۆگێ دەريانکردم) گرێی چارۆگ لەچيەوە هاتووە ئه و چوارشێوەی دوای هەموو جل و بەرگێک ئافرەت و ژنی کوردەواری بەشانيەوە بەدوو گرێ لێکی دەدەا و لەخۆی دەئاڵاند تا دەگاتە کەفەڵ و سمتی هەندێجار وەک جۆڕکە و تورەگە و هەگبە بەکاريدەهێنا بۆ هەڵگرتنی کەل و پەل و کارەکۆرپە و مناڵان و بارەدار، لە هونەری کورديش زۆر ئاوڕ لەچارۆگە دراوەتەوە بەتايبەت لە دەنگە ڕەیسەنەکانی وەک خاڵە تاهير تۆفيق شێخانی و حەسەن زيرەک کە پڕ بەگەروويان دەيانووت(چارۆگێ چارۆگێ...)ئينجا وەک ئيديۆم بۆ ئەوە بەکارهاتووە بوترێت بەکراسی بەرمەوە لەماڵی باوکم هاتمە دەرێی هيچم لەگەڵ خۆم نەهێنا و نەبرد و پێيان نەداوم.