هەوێ هەوێ جوان دەکات، هێوەرژن هێوەرژن خێرا دەکات
وتراویشە (هەوێ هەوێ جوان دەکات، هاوگیان هاوگیانی ئازا دەکات) حاجی گەورە شاعیر فەرمویەتی (دوو هەوێن دونیا و عوقبا) واتە دونیا و قیامەت وەک دوو هەوێن و ڕکابەری یەکترن، هەوێ-ش دوو ژن کە پیاوێکیان هەبێت یەکسەر پێیان دەوترێت (هەوێی یەکترن)، بە ژنی دووبراش بۆ یەکتری لە هەولێر و کۆیە دەوترێت (هاوگیان) و لە سلێمانی-ش دەوترێت (هێوەرژن).
ئینجا ئەم دەربڕین و زاراوە ئیدیۆمیە بەڕاستی لەچوارچێوەی ململانێ-وە هاتۆتە ئاراوە، هەوێدارەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنج و خۆشەویستی پیاوەکەیان خۆیان خاوێن ڕادەگرن و وەسمە و کل و کلچوک و کلدان و عەتر و مێخەک و قەنەفر و خەنەبەندان و بە هەر شێوەیەک بێت خۆیان دەڕازێنەوە تا سنووری ئەوەی خۆیان وا لێ دەکەن کە هەندێکجار نەیاناسیەوە ئەگەر مێردەکەیان لە دەرەوە بیانبینێ چاوی بۆیان بسووڕێنێت بۆ سنووری چاوباشقاڵی، هێوەرژن و هاوگیان-ەکانیش بۆ ڕاکێشانی سەرنج و خۆشەویستی خەڵک و کەسوکاری مێردەکانیان ئەم ململانێیە دەکەن تا بوترێت فڵانە بوک یان فڵانیان ئازا و کەیبانوو و پاک وخاوێن (خاوێن وباوێن)ە و بەڕێز و نابدە و دەست و دڵپاک و زمان شیرین و بەگفتولفتە، بۆیە کەخەڵک دیارە هەردوولا هێوەرژن و هاوگیان تاودەدەنە ئیش وکارەکان و خێراو گورج و ئازا خۆ دەنوێنن هەر بۆیە لە کوردەواری ئەگەر دوو ڕکابەر هەبێت لەسەر هەرشتێک یان کارێک یان هەڵوێستێک ئەوا دەوترێت (هەوێ هەوێ جوان دەکات، هێوەرژن هێوەرژن خێرا دەکات).