ژنانی نهۆمە بەرزەکان
#ئارام سدیق#
مانگێک زیاترە کۆمەڵە چیرۆکی ژنانی نهۆمە بەرزەکانی نووسەر و ڕۆماننوسی ڕۆژئاوای کوردستان حەلیم یوسفم خوێندۆتەوە، کە فەرهاد چۆمانی لە کورمانجییەوە کردوویەتی بە سۆرانی، لێ هێشتا سەرسامی بە دونیای چیرۆکەکانی لام ماوەتەوە و چەند جارێکیش دەمویست لەسەر ئەم کتێبە جوانە بنووسم، بەڵام هەر نەمدەتوانی. ئیتر دواجار بڕیارمدا لەسەر ئەو حاڵەتە بنووسم، کە بۆچی زۆرجار لە ئاستی هەندێک کتێبدا تەنها دەتوانین بێدەنگی بین و ناتوانین لەبارەیانەوە بنووسین و بدوێین.
هەندێک کتێب و تێکست هەن، کە هێندە پڕ و کامڵن کە هیچی ئەوتۆ بۆ خوێنەر ناهێڵنەوە تا قسەی لەسەر بکات. یان لەبارەیەوە بدوێت. هەندێک کتێبی دیکەش هەن ئەوەندە بۆش و بێ ناوەڕۆکن خوێنەر نازانێت دەست بە کوێیانەوە بگرێت و لە چ سووچێکییەوە دەست بە نووسینی خۆی بکات. ئەم کۆمەڵە چیرۆکی حەلیم یوسف لە جۆری ئەو کتێبانەیە کە بەهۆی پڕی و تۆکمەیی بونیادی گێڕاوەکانەوە خوێنەر نازانێت باسی کوێی چیرۆکەکان بکات و ئەمە بەسەر مندا هات لە ئاستی جوانی و کاریگەریی چیرۆکەکانی نێو ئەم کتێبە. ئەم کۆمەڵە چیرۆکە یەکێکە لەو کۆمەڵە چیرۆکانەی دەخوازم چەندجاری دیکە بیخوێنمەوە، چونکە هەر چیرۆکێکی کردنەوەی دەرگایەکی نوێیە لەسەر کێشەیەکی مرۆڤی ئەم سەردەمە. کێشەگەلێک کە تا ئێستا کەم چیرۆکنووسی دیکە بەم جورئەتەی حەلیمەوە لێی دواون..
نووسەر لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا لە خولقاندنی دونیایەکی سوریالیدا دەستێکی باڵای هەیە و ئەو ساتێک دەمانبانە نێو دونیایەکی سوریالی و ساتی دواتر دەمانگێڕێتەوە بۆ نێو ئەو واقیعە تاڵەی کە بەردەوامە لە هاڕینی مرۆڤ و بچووککردنەوەی تا ئاستی بە قالۆنچەبوون. کاتێکیش باسی پاشکەوتووییەکانۆ کۆمەڵگە دەکات ئەڤین دەکاتە نموونەیەکی باڵا و لە چیرۆکی ئەڤینی سەر کرمێ دەنووسێت: من نەمزانیبوو کە وڵاتێکی وا هەیە، کە بێجگە لە ژەهر هیچ شتێکی دیکە ناداتە ئەڤیندارەکانی خۆی.
حەلیم لەم کتێبەدا بە تەنها یەک جۆر تەکنیکەوە نەگیرساوەتەوە و دەتوانم بڵێم چەندین جۆر تەکنیکی گێڕانەوەی جودای بەکار هێناوە، بەڵام ئەوەی بۆ من لە زۆرێکیان سەرنجڕاکێش تر بوو لە چیرۆکی لە داردانی لوتێکدا بوو کە چیرۆکەکە بە تەکنیکی پۆلیفۆنی گێڕدراوەتەوە و خوێنەر لەم چیرۆکەدا لە چەند لایەکەوە بەر حیکایەتی کەریمی مێدی دەکەوێت. دەتوانم بڵێم کۆی چیرۆکەکانی نێو ئەم کتێبە چیرۆکی تایبەت و دنیای نوێ بوون بۆ من، دنیاگەلێک، کە پێشتر بەم شێوە هونەریی و قووڵە لەنێو چیرۆکی کوردیدا زۆر بە کەمی و مەگەر تەنها لە چەند ئەزموونێکی جیاوازدا بەری کەوتبێتم، کە دەوانم ناوی هەریەک لە عەتا محەمەد و ئارام کاکەی فەلاح بهێنم.
من تەنها توانیم چەند چەند ڕستەیە لەسەر ئەم کتێبە بنووسم و ئەم کتێبە لەو کتێبانەیە دەخوازم لە دەرفەتی دیکەدا توانای ئەوەم هەبێت لەسەر هەموو چیرۆکەکان و بنیادەکانیان هەڵوەستە بکەم. بەڵام ئێستا تەنها ئەم ڕستانەم بۆی هەبوو. ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە ئەم کتیبە لای من هێشتا ئەژی و ناوە ناوە گەشتێک بەنێو لاپەڕەکانیدا دەکەم و چیرۆکێکی لێ دەخوێنمەوە. ئەم کتێبە هێزی ئەوەی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە چەندجارێک بیخوێنینەوە و هەر جارێکیش بەر شتگەلی نوێ بکەوین.
دەستخۆشی بۆ فەرهاد چۆمانی کە لە کورمانجییەوە کردوویەتییە سۆرانی... زۆرجار هەستم دەکرد حەلیم ئەم چیرۆکانەی بە سۆرانی نووسیوە، پیرۆزبایی لە نووسەر و وەرگێڕی کتێبەکە دەکەم