وەرگێڕی منەتکار
چەند سەرنجێک سەبارەت بە وەرگێڕانی ژیانی حەقیقی بادیۆ
#ئارام سدیق#
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وەرگێڕان لەنێو فەزای ڕۆشنبیری کوردیدا برەوی زیاتری سەندووە و ئێستا زیادەڕەوی نییە ئەگەر بڵێین ژمارەی وەرگێڕکاران لە ژمارەی نووسەران زیاترن، بۆیە ئیدی کاتی ئەوەیە بە وردی سەرنج بخەینە سەر کارەکانیان و کار و پرۆژەکانیان هەڵبسەنگێنین. ئەوەی ئێستا کێشەی سەرەکییە لای ئێمەیە، ئەوەیە کە تا هەنووکەش زۆر کەمن ئەو وەرگێڕانەی کە خۆتەرخانکەری تەواون بۆ وەرگێڕان، بەڵکو بەشی هەرە زۆریان لەپاڵ کارێکی دیکەدا کاری وەرگێران دەکەن، کە بێگومان ئەمەش هۆکاری تایبەتی هەیە و من لێرەدا ناچمە سەر وردەکارییەکانی.
ئەوەی مەبەستی سەرەکی ئەم نوووسینەیە قسەکردنە لەسەر جۆرێک لە وەرگێڕ، کە بە منەتەوە کاری وەرگێڕان دەکات و وەکو ئەوەی ئەگەر بەڕێزیان ئەو ئەرکە نەگرنە ئەستۆ ئەوا ئیدی کۆمەڵگە پەکی دەکەوێت و لەبری هەنگاوێک دەیان هەنگاو دێتە دواوە. وەرگێری منەتکار، ڕەنگە ناوێکی شیاو بێت بۆ ئەو جۆرە لە وەرگێڕ، کە لە پێشەکی هەر کتێبێکیدا باس لەوە دەکات کاری ئەو وەرگێڕان نییە، بەڵام پێویستی کۆمەڵگە (یان نەخوێندەواری و پاشکەوتوویی کۆمەڵگەکەی) وایکردووە، کە ئەو کتێبە وەربگێڕێت تا هاوزمانەکانی لێی بێبەش نەبن. بێگومان ئەمە لە ڕوانینێکی سەرپێیدا نیەتێکی چاکە و جێگەی دەستخۆشییە. بەڵام کاتێک بە وردی سەرنجی دەدەین جۆرێک لە منەت و خۆبەگەورە زانین دەبینین لەم دەربڕینەدا دەشێت وا لێکبدرێتەوە کە وەرگێڕ بڵێت ئەگەر من نەبم و ئەم کتێبە نەکەمە کوردی ئەوە ئێوەی خوێنەر دەرفەتی خوێندنەوەی ئەم شاکارەتان نابێت و لە نەخوێندەواری و پاشکەوتوویی ڕزگارتان نابێت. ڕەنگە ئەمەش تاڕادەیەک ئاسایی بێت بۆ وەرگێڕێک کە بانگەشەی گەورەی نەبێت. بەڵام ئەوکاتە دەبێتە کێشە کە وەرگێڕەکە خۆی بە نەرتی چەپ و چەپگەراییدا هەڵواسیبێت و چەند کتێبێکی سەبارەت بە چەپە نوێکان و فیکریی چەپ وەرگێڕا بێت و لە گۆڤارێکی نیمچە چەپگەراشدا لە دەستەی بەڕێوەبەر بێت. بێگومان لێرەدا ئەم جۆرە لە منەتکردنە بەسەر خوێنەردا ئاسایی نییە و دەبێت هەڵوێست لە بەرامبەریدا وەربگرین.
ئەگەر وەرگێڕێک سەر بە نەریتی چەپ و چەپگەراکان بێت و ئەوا هەرگیز وەرگێڕێکی منەتکار و خۆبەشتزان نییە و لە کاتی وەرگێڕانی نامیکەیەکی 130 لاپەڕەییدا نانووسێت ئەمە بەرهەمی سەدان سەعات کاری بەردەوامە، چونکە ڕەنگە وەرگێڕانی سەرمایەی کارڵ مارکس، کە چوار بەرگی گەورەیە سەدان سەعات کاری بوێت، نەک نامیلکەیەکی لە چەشنی ژیانی حەقیقی ئالان بادیۆ، کە تەنها 130 لاپەڕەیە. ئەم جۆرە لە وەرگێڕ کە لە کەسێکی وەکو مەنسوور تەیفوریدا خۆی مانیفێست دەکات هەر بەوەوە ناوەستێت، کە منەت بەسەر خوێنەردا بکات و بنووسێت ئەم وەرگێڕانە بەرهەمی سەدان کاتژمێر کار و چەند ساڵ هاتوچۆی سیمینارەکانی بەدیوویە. ئەم ڕستانە لە پێشەکی کتێبی ناوبراودا نووسراون و خوێنەر دەتوانێت بچێتەوە سەریان. بەڵکو ئەم وەرگێڕکارە لە هەوڵی ئەوەشدایە کە ناوی تایبەت بۆ فەیلەسووف و بیرمەندان دابتاشێت، کە کتێبەکانیان وەردەگێڕێت. تا لەوێوە بیسەلمێنێت کە ئەم جیاکارە و دوا هەقیقەت لای ئەوە. هەر بۆ نموونە ناوی فەیلەسووفێکی وەکو ئالان بادیۆ، کە نزیکەی پازدە ساڵە بەم شێوەیە جێکەوتووە. ئەو دێت و جارێک دەیکات بە ئالێن بەدیۆ(1) و جارێکی دیکە ڤێرژنێکی دیکە پێشکەشی خوێنەر کورد دەکات و دەیکات بە ئەلەن بەدیوو(2).
لیرەدا چەند پرسیارێک سەر هەڵدەدات ئایا گرنگ نییە وەرگێڕ (ئەگەر خاوەنی پڕۆژەی ڕوونی وەرگێڕان بێت) هەر لەسەرەتاوە خۆی لەسەر بەکارهێنانی ناوی بیرمەند و فەیلەسووفەکان یەکلا بکاتەوە و باوترین و ئاسانترینیان بۆ زمانەکەی خۆی لە کاتی گۆکردندا بەکار بهێنێت. نەک لە دوو کتێبی جیاوازی خۆیدا بە دوو شێوەی جیاواز بەکاریان بهێنێت، کە هیچیان بۆ گۆکردن بە زمانی کوردی ئاسان نین. هاوکات ئایا نەریتی چەپ و چەپگەرایی دوور نییە لەو منەت و منەتکارییەی کە مەنسوور و هاوشێوەکانی بەسەر خوێنەردا دەیکەن. ئایا ئەلف و بێی چەپ و چەپگەرایی ئەوە نییە کار بۆ خزمەتی ئایدیاکانمان بکەین و وزە و کاتی خۆمان بۆ خزمەتی ئەو ئایدیایانە بخەینەگەڕ، نەک ببینە وەرگێڕێ منەتکار و کارە نیوەناچڵ و ناکامڵەکانمان بە منەت بە خوێنەر بفرۆشینەوە.
بێگومان کە من باس لە کاری نیوەناچڵ و ناکامڵ دەکەم، ئەمە تەنها قسە فڕێدان نییە، بەڵکو ئەگەر خوێنەر لە وەرگێڕان هەردوو کتێبی مامۆستای نەزانی ڕانسەر و ژیانی حەقیقی ئالان بادیۆ وردبێتەوە لە وەرگێڕانی مەنسوور تەیفووری ئەوەی بەتەواوی بۆ دەردەکەوێت کە چ وەرگێڕانێکی وشە بە وشە و هاوکات پڕ لە هەڵەن، کە من لێرەدا دەرفەتی ئەوەم نییە بچمە سەر وردەکاریی ئەو دوو کتێبە و ئەوە بۆ کەسانی شارەزایی ئەو بوارە بەجێدەهێڵم. بەڵام خودی ئەو لیستەی ناوەندی غەزەلنووس(3) سەبارەت بە هەڵەکانی نامیلکەی ژیانی حەقیقی ئالان بادیۆ بڵاوی کردەوە ئەمە نموونەی هەرە دیار و بەرچاوە کە ئەم نامیلەکەیەی وەرگێری منەتکار بەرهەمی سەدان کاتژمێر کار نییە، چونکە نامیلکەیەک سەدان کاتژمێر کاتی بۆ تەرخان بکرێت بە لێشاوێک لە هەڵەوە چاپ و بڵاوناکرێتەوە.
کورتەی قسەی من ئەوەیە کە کارە وەرگێڕدراوەکانی مەنسوور جێگەی دەستخۆشی و ڕێزلێنانە، بەڵام دەبێت لە ئاستی کەموکوڕیی و ئەو منەتکردنانەی کە بەسەر خوێنەریدا دەکات بێدەنگ نەبین، چونکە ئەگەر بڕیارە ئەم وەرگێڕە سەر بە نەریتی چەپ بێت ئەوە ئەم نەریتە دوورە لە هەموو منەتکردن و پۆزلێدانێک بەسەر خوێنەردا، بەڵکو ئامانجی سەرەکی ئەو خزمەتکردنە بە نەریتەکەی خۆی و فراوانکردنی دونیابینی تاکەکانە بۆ وشیارکردنەوەیان لەو نادادییەی دەگوزەرێت.
پەراوێز:
(1) لە کتێبی نەرێکاردا مەنسووری تەیفووری ناوی ئالێن بەدیۆ ی بەکارهێناوە. بڕوانە نەرێکار، کۆمەڵە وتاری فەلسەفی و دەروونشیکاری، لە بوکراوەکانی مەکتەبی ڕێکخرلوە دیموکراتییەکانی کتێبی بیست و شەشەم، سلێمانی 2008.
(2) خوێنەردەتوانێت بڕوانێتە کتێبی ژیانی حەقیقی، کە وەرگێڕ ئالەن بەدیوو ی بەکار هێناوە، چاپی ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی 2018.
(3) پاش چاپبوونی کتێبی ژیانی حەقیقی بادیۆ، بە چەند هەفتەیەک ناوەندی غەزەلنووس لیستێکی بڵاوکردەوە کە چەند هەڵەیەکی زەق و دیاری لە کتێبەکە دەستنیشان کردووە و داوای لە خوێنەر کردووە بەر لەوەی کتیبەکە بخوێنێتەوە ئەو هەڵانە لای خۆی چاک بکات.