لەنێوان نووسەریی و دایکایەتیدا
ڕامانێک بەدیار شیری ڕەشی ئەلیف شەفەقەوە
#ئارام سدیق#
(1)
هەندێک نووسەر هەن هەر لە یەکەم کتێبەوە دەبیتە عاشقیان و هەندێکی دیکەش دوای چەند کتێبێک ئەوسا دەتوانن جێی خۆی لەنێو ئەزموونی خوێندنەوەی تۆدا بکەنەوە. بۆ من ئۆرهان پاموک و ئەلیف شەفەق لەو نووسەرانە بوون هەر لە یەکەم کتێبەوە ئیدی منیان گیرۆدەی خۆیان کرد و بوومە خوێنەریان. بە جۆرێک ئیدی لای من چوونە لیستی ئەو نووسەرانەی کە کات بۆ خوێندنەوەی هەموو کتێبەکانیان تەرخان بکەم. هەر بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆربەی کتێبەکانی پاموکم خوێندنەوە و هەندێکیانم دووجار خوێندەوە. ڕەنگە بۆ ئەلیف شەفەقی هاوزمانی پاموکیش هەمان ئەزموون دووبارە بکەمەوە، چونکە کتێبەکانی ئەم نووسەرەش لای من سەرنجڕاکێشن و کاتبەفیڕۆدەر نین، چونکە لە دونیادا زۆر نووسەر و کتێب هەن، کە خوێندنەوەیان تەنها کات بەفیڕۆدانە، بەڵام ئەم دوو نووسەرە تورکە لە ڕیزی ئەو نووسەرانەن بۆ من دەروازەی نوێ بوون بۆ ئاشنابوون بە چەند گۆشەیەکی دیکەی دونیا، بۆ ئاشنابوون بە مرۆڤ و تێگەیشتن لە کولتووری ئەو وڵاتە دراوسێیەی لە خەمەکانی ئێمە تێناگات و ناشیەوێت تێبگات.
بەر لە یادداشتەڕۆمانی شیری ڕەش چوار کتێبی دیکەی ئەلیف شەفەقم خوێندۆتەوە، یەکەم بەرکەوتنی من بۆ ئەم نووسەرە لە ڕێی کتێبی چل ڕێساکەی عەشقەوە بوو، ئەو ڕۆمانەی منی شەیدای شێوازی گێڕانەوە و تەکنیکی نووسینی ئەم نووسەرە کرد، دواتریش ڕۆمانی شەرەفم خوێندەوە، کە لەوێشدا هێز و وزەی زیاترم لەم نووسەرەدا بەدی کرد و دەسەڵاتی تەواوەتی ئەم نووسەرەم لە دنیای گێڕانەوەدا بۆ دەرکەوت. بەدوای ئەویشدا هەریەک لە گوڵی ساردۆنیا و زۆڵەکەی ئەستەمبوڵم خوێندەوە، کە هەر یەک لەم دوو کتێبەش توانای شاراوەی زیاتریان لەم نووسەرەدا بۆ کەشف کردم.
ئەلیف شەفەق نووسەرێکی بە ڕەگەز تورکە و لە 25ی تشرینی یەکەمی 1971 لە فەڕەنسا لەدایک بووە. تا ئێستا پازدە کتێبی بڵاو کردووەتەوە و دە کتێبیان ڕۆمانن. دوو ڕۆمانیشی بوونەتە پڕفرۆشترین کتیب لە تورکیا، کە ئەوانیش چل ڕێساکەی عەشق و زۆڵەکەی ئیستانبووڵن. یەکەم ڕۆمانیشی بە ناوی (پەنهان) چاپ بووە. خاوەن خەڵاتی ڕۆمییە و لە ساڵی 1998 وەریگرت، کتێبەکانی تریشی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانیی بردووەتەوە. ئەلیف لەو نووسەرانەیە کە بە زمانەکانی تورکی و ئینگلیزی دەنووسێت و خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بیرۆکەی کتێبەکە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات بە تورکی بینووسێت یان بە ئینگلیزی. ئەم نووسەرە لە زانکۆی تەکنیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی خوێندووە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لەبارەی جێندەر و ژنانەوە. هەروەها هەڵگری بڕوانامەی دوکتۆرایە لە زانستە سیاسییەکان. نوێترین کتیبی کە بڵاوی کردۆتەوە سێ کچەکەی حەوا بوو، کە ساڵی 2017 بڵاوکراوەتەوە و تا ئێستاش ئەم ڕۆمانانەی کراون بە کوردی، (چل ڕێساکەی عەشق، گوڵی ساردۆنیا، زۆڵەکەی ئەستانبوڵ، کوڕە شەیداکە و مامۆستاکە، شەرەف).
هەفتەی ڕابردوو کتێبێکی دیکەی بە زمانی کوردی بڵاوبوویەوە کە ئەویش شیری ڕەشە. ئەم کتێبە ڕۆمان نییە، بەڵام خاڵی نییە لە خەیاڵ و فەنتازیا، بۆیە ئەوەی کە لەسەر بەرگی چاپی کوردی کتیبەکە نووسراوە ڕۆمان، هەڵەیە، بەڵکو یادداشتەڕۆمان دەشێ پۆلێن بەندییەکی شیاو بێت بۆ ئەم تێکستە. ئەم کتێبە ڤیەننا سەلام کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس لە دوتوێی 375 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
(2)
ئەلیف شەفەق لە وتەی پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کتیبی شیری ڕەش لەو کتێبانەیەتی کە لەسەر مێزێک دانیشتووە تا لەبارەی خۆیەوە بنووسێت و توێکاری خودی خۆی بکات و کەموکوڕیی و لاوازییەکانی خۆی هەڵبداتەوە. ئەم کتیبە، کتێبێکە سەبارەت بە دایکایەتی و نووسەریی و پەیوەندی ئەم دووانە پێکەوە. پرسیاری سەرەکی کتێبەکەش ئەوەیە کە ئایا ژنان دەتوانن هەم نووسەر بن و هەم دایک؟ بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەر وا ئاسان نییە، بۆیە ئەلیف بە درێژایی کتێبەکە بەدوای وەڵامی جۆراوجۆردا گەڕاوە بۆی و ژیانی زۆر نووسەری ژنی پشکنیوە تا ئەوەی بۆ دەربکەوێت کە ئایا نووسەر دەتوانێت دایک بێت، یان نا؟
ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە زۆرجار نووسەران دەتوانن دایک بن، بەڵام زۆرجاریش لە دایکایەتی هەڵهاتوون و ژیانی نووسەرییان هەڵبژاردووە. بێگومان ئەلیف نموونەی هەردوو جۆرە نووسەرەکەی لە کتێبەکەدا خستۆتەڕوو و من دووبارە نووسینەوەی بە پێویست نازانم، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە خودی ئەلیف خۆیەتی ئایا خۆی هەم لە دایکایەتیدا و هەم لە نووسەریدا سەرکەوتوو بووە؟ ئەمەش پرسیارێکە ئێمە تەنها دەتوانین بەشێکی وەڵام بدەینەوە. ئەویش ئەو بەشەیەتی کە پەیوەندی بە نووسەرییەوە هەیە، چونکە وەکو لە ژیاننامەکەیدا دەردەکەوێت ئەلیف یەکێکە لە نووسەرە گرنگ و پڕ خوێنەرەکان و ئەو بەرهەمانەشی ئێمە وەکو خوێنەر خوێندومانەتەوە گەواهیدەری ئەوەن، کە بەردەوام خوێنەری بین. ئەو بەشەی دیکەی وەڵامی پرسیارەکە کە پەیوەندی بە دایکایەتیی ئەلیفەوە هەیە ئەوە دەبێت منداڵەکانی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، یان خودی ئەلیف لە بەرگێکی دیکەی شیری ڕەشدا دانپێدانانەکانی خۆی لەبارەی دایکایەتییەوە بڵاو بکاتەوە.
کاتێک باس لەوە دەکەم ئەلیف لە بەرگێکی دیکەی کتێبی شیری ڕەشدا دانپێدانانەکانی خۆی بڵاو بکاتەوە مەبەستم لەوەیە کە ئەلیف لەم کتێبەدا تەنها باسی دۆخی خۆی کردووە، کە لە دۆخی نووسەربوونەوە پەڕیوەتەوە بۆ دۆخی دایکایەتی، ئیدی باسی قۆناغی بەرکەوتنی خودی خۆی نەکردووە کاتێک دایکە و منداڵەکانی گەورە بوون، یان کاتێ گەورە دەبن هەستی چۆنە، بۆیە وەڵامی ئەو بەشەی پرسیارەکە کاتی زیاتری دەوێت و من لە خەیاڵی خۆمدا دامناوە ڕۆژێک دێت لە کتێبێکی دیکەدا لە چەشنی شیری ڕەش ئەلیف ئەوەش بنووسێتەوە.
(3)
نووسەرەکان هەمیشە چانسی ئەوەیان هەیە چەندین ژیان تاقی بکەنەوە، ئەمە ئەگەرچی زۆرجار هەموو ئەو ژیانانە لە نووسینەکانیاندا ڕەنگ نەداتەوە، بەڵام لەنێو ناخی خۆیاندا بۆ چەندین فیگۆری تایبەت دابەش دەبن. ئەلیف شەفەق لە لاپەڕە سەرەتاکانی شیری ڕەشدا، تێبینییەک بۆ خوێنەر جێدەهێڵێت، تێبینییەک کە گرنگی خۆی هەیە و لاموایە هێندەی کتێبەکە گرنگە ئەو تێبینییەش پەیوەندی بە دابەشبوونی ئەلیفەوە هەیە بۆ شەش فیگۆری جیاواز، یان چۆن فێرناندۆ پیسوا حەفتاو دوو سێبەری هەبوو، ئاوهاش ئەلیف خۆی دانبەوەدا دەنێت کە شەش سێبەری هەیە کە وەک خۆی دەڵێت ئەوانیش: من نووسەرم، من کۆچەریم، من جیهانیم، من عاشقی سۆفیگەراییم، من ئاشتیخوازم، من ڕووەکیم، لەهەمانکاتدا ژنم. بێگومان هەر یەک لەمانە دەشێت شیکردنەوەیان بۆ بکەین. خودی نووسەربوون، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان، ئەوەی کە ئەلیف خۆی دەیەوێت نووسەر بێت، کەواتە نووسین لای ئەو پڕۆژەیە، نەک چالاکییەکی نمایشی. نووسەربوون هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و کار و پرۆژە و داهێنانە، کە ئەلیف لەو چەند بەرهەمەی من خوێندومەتەوە ئەمانە ڕەنگدانەوەی هەبووە. دواتریش کە باس لە کۆچەرییبوون دەکات دەشێ ئەمە دوو واتا بدات. کۆچەرییبوون لەڕووی ئەوەی کە بێ شوێن و ماڵ بێت و هەر ماوەیەی لە جێگەیەک نیشتەجێ بێت، کە بەشێکی زۆری ژیانی ئەلیف لەمە پێکدێت. ئەگەر بە دیوەکەی دیکەشدا کۆچەرێتی لە ڕووی فیکرییەوە بێت، دیسان بەلای منەوە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. بەو پێیەی مرۆڤ دەشێت هەمیشە بەنێو فیکر و ئەدەبی جیهانیدا کۆچەری بێت و ڕێبوارێک بێت لە سایەی هەموو فیکرەکاندا پشوو بدات، بەڵام هیچیان نەکاتە ماڵی هەمیشەیی خۆی. بەو پێیەی هیچ ماڵێکی فیکریی و ئەدەبی هەمیشەیی نییە، بەڵکو بەردەوام فیکری نوێ و ماڵی نوێی ئەدەبی هەیە و دەشێ مرۆڤ سوود لە سایەی ئەوانیش وەربگرێت.
دواتر ئەلیف باس لە جیهانیبوون دەکات و دەڵێت من جیهانیم، لاموایە هەموو نووسەرێکی ڕاستەقینە خۆی بە نووسەری ناوچەیەکی دیاریکراو و گەل و زمانێکی دیاریکراو نازانێت. نووسەرە ڕاستەقینەکان جیهانین و بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەنووسن لە هەر شوێنێکی جیهان بێت. بۆیە جیهانیبوونی نووسەر خاڵێکە نووسەر لە لۆکاڵبوون و چەقبەستن لە جێگەیەک و لەنێو کولتوور و نەتەوەیەکی دیاریکراودا دەردەهێنێت. دواتر ئەلیف دەڵێت من عاشقی سۆفیگەرێتیم، بێگومان ئەم عاشقبوونەی ئەلیف لە ڕۆمانی چل ڕێساکەی عەشقدا ڕەنگدانەوەی هەیە. لەوێدا ئەلیف هێندە بە وردەکارییەوە باس لە ژیانی مەولانا و شەمسی تەبرێزی دەکات، کە خوێنەر سەرسام دەبێت بەو توانا گەورەیەی ئەلیف و ئەو شارەزاییە زۆری لەبارەی سۆفیگەریی و جیهانە تایبەتەکەی مەولانا و شەمسەوە. لە دواترشدا نووسەر دێتە سەر ئەوەی بنووسێت من ئاشتیخوازم، ڕەنگە خودی پەیامی نووسین ئاشتیخوازی بێت، بەڵام ئەم پێداگرییەی ئەلیف بایەخەکەی لەوەدایە کە ئەو کچی وڵاتێکە، کە بەردەوام شەڕ بەرهەم دەهێنێت و ئاشتی ڕەتدەکاتەوە. ئەگەر سەیری مێژووی تورکیا بکەین بە تایبەت لە چل ساڵی ڕابردوودا کە ئەلیف تێیدا ژیاوە، مێژوویەک بووە دوور لە ئاشتی و تژی لە جەنگ، مێژوویەک لەسەر چەوساندنەوەی بەشێکی زۆری مرۆڤەکانی درێژەی بە مانەوەی خۆی داوە. بۆیە ئەلیف لەو ئاشتیخوازبوونەیەوە دەیەوێت خۆی لەو جەنگ و بێ ماناییەی نێو ئێستا و ڕابردووی تورکیا بێ بەری بکات. لە دواجاریشدا ئەلیف ڕووەکیبوون و ژنبوونی پێکەوە نووسیوە. بێگومان ئەمەش دەشێ ئاماژە بێ بۆ دەگمەنی، چۆن ڕووەکخۆری دەگمەنییە لەنێو کۆمەڵگەدا. بەتایبەتیش لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، هاوکات ژنبوونیش جۆرێک لە ڕیسکە. بەو پێیەی تا هەنووکەش زۆرێک لە مێینەکان ناچارانە لە مێینەبوونی خۆیان هەڵدێن، بۆیە ئەم پێداگرییەی ئەلیف دیسان دەشێ پێداگرییەک بێت لەپێناو سەلماندنی بوونی خۆیدا وەک ژنێکی ڕۆماننووس.
وەک تێبینی دەکرێت ئەلیف بەتەنها شەش سێبەری هەیە، هەر بۆیە وەکو خۆی پاش ئەوەی هەستی کردووە دووگیانە دەڵێت: ئەو ڕۆژەی کە بۆم دەرکەوت دووگیانم، نووسەرەکەی ناوم تۆقی، ژنەکەی ناوم لە خۆشیدا نەیدەزانی چی بکات، ئاشتیخوازەکە بەبێ لایەنی مایەوە، کەسە جیهانییەکە بیری لە ناوی جیهانی بۆ منداڵ دەکردەوە، سۆفییەکە پێشوازی لە هەواڵەکان کرد، ڕووەکییەکە نیگەرانی ئەوە بوو کە ئیدی وا پێویست دەکات گۆشت بخۆم، ژنە کۆچەرییەکەی تەنها دەیویست گورج بکەوێتە سەر پێیەکانی خۆی تا دەتوانێت هەڵبێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە کاتی دووگیانیدا دەتوانی هەموو شت و هەموو کەس هەڵبێیت، وەلێ ناتوانی لەو گۆڕانکارییانە هەڵبێیت کە بەسەر جەستەتدا دێن.
(4)
شیری ڕەش هەڵکۆڵینی ناخی ژنێکە کە لە نووسەربوونەوە دەپەڕێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە دایک و ئەلیف ویستوویەتی هەستی خۆی لەو قوناغەدا بنووسێتەوە، بەمەش بە وردی تیشکی خستۆتە سەر ئەو قۆناغانە و ئەو ساتانەی نووسیوەتەوە، کە وەکو ژنێک، کە منداڵێک لە هەناویدایە دۆخی سایکۆلۆژی و جەستەیی چۆن بووە؟ هاوکات دۆخی ئەو وەکو نووسەر و خوێنەرێک کە تینووی ئەدەب و کتیبە چۆن بووە؟ بۆیە وەک چۆن ئەلیف خۆی لە جێگەیەکی کتێبەکەدا دەڵێت: هەموو کتێبێک گەشتێکە، دەشێت ئەم کتێبەش گەشتێک بێت بۆ وڵاتێک کە مرۆڤێک دەیەوێت لە قۆناغی نووسەربوونەوە بپەڕێتەوە بۆ دایکایەتی.
ئەلیف بۆ ئەوەی کتێبەکەی تەواوی ئامانجەکانی بپێکێت، ئاماژەی بە ژیانی دەیان نووسەری ژن کردووە و ئەزموونەکانیانی لە نێوان نووسەربوون و دایکایەتی نووسیوەتەوە، کە بەشێکیان ئەزموونگەلی سەرنجڕاکێش و بەشێکی دیکەشیان ئەزموونگەلی ئاسایین، بەڵام ئەلیف لە کۆی هەموو ئەم ئەزموونانە دەیەوێت پێمان بڵێت سەختە نووسەر بیت و دایکیش بیت، ئەوەی لە دوا لاپەڕەکانی ئەم کتێبەدا لام مایەوە ئەوە بوو، کە سەختە مرۆڤ هەم نووسەر بێت و هەم دایک.
پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە کەمێک لە ئەزموونی خۆم ڕامان وەکو باوکێک، ئایا ئەوانەی نووسەر بن دەتوانن ببنە باوک، بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارەش ئاسان نییە، ڕەنگە وەڵامەکەی زۆر لە وەڵامی ئەو پرسیارە دوور نەبێت کە ئەلیف لە پەیوەند بە نووسەربوون و دایکایەتی دەیکات. بەو پێیەی هیچ نووسەرێک ناتوانێ مافی تەواوی دایکایەتی و باوکایەتی بە منداڵەکانی بدات، بەڵام ئەلیف پێداگریی تەواوەتی لەسەر ئەوە دەکات کە ئەوە تەنها بۆ ژنان وایە و دەشێ بۆ پیاوان وەها نەبێت. بەڵام بەلای منەوە ئەمە لە بۆچوونەکانی ئەلیفدا کورتی هێناوە، بەو ئەزموونە کەمەی من لە بواری نووسیندا کە تەنها نزیکەی بیست ساڵە سەروکاری خوێندنەوە و نووسینم هەیە و زیاتر لە دە ساڵە خێزانم دروست کردووە. لاموایە نووسەری و باوکایەتیش هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لە نووسەر و دایکایەتی، چونکە لە هەردوو حاڵەتەکەدا مافی منداڵ لە لایەن (دایک-باوک)ی نووسەرەوە دەخورێت و ناتوانرێت ئەرکە هەمەلایەنییەکانی (دایکایەتی-باوکایەتی) جێبەجێ بکرێت. هەربۆیە ساڵانێکی زۆرە بیر لەوە دەکەمەوە کە نووسەران ئەو مەخلوقەن دەبێت لەدەرەوەی ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان بن و دووربن لە بوون بە (دایک-باوک). بەڵام ئەلیف لەگەڵ ئەو ترسەی لە بە دایکبوون هەیبوو، بەڵام بووە دایکی دوو منداڵ و ئیدی پاش ئەوەش بەردەوامبووم لە ژیانی وەکو نووسەرێک.
خوێندنەوەی ڕۆمانی شیری ڕەش دەشێ کۆمەکی خوێنەر بکات بۆ ئەوەی باشتر لە ژیانی نووسەر و پەیوەند بە دایکایەتی تێ بگات. هاوکات خویندنەوەی ئەم کتیبە بەم وەرگێڕانە کوردییە جێگەی دەستخۆشییە بۆ خاتوونی وەرگێڕ و من لێرەوە هیوای بەردەوامی بۆ دەخوزام.