هاونیشتمانیانی خۆشەویست
لەم چرکە ساتە مێژوییەدا کە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی عێراقدا، ڕەچەی شکاندوە و سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، بە پێویستی دەزانم بە نوێنەرایەتی و هاوبەشیی لەگەڵ ئێوە، ئەم دوو سەرکەوتنە، پێشکەش بە ڕۆحی بەرزە فڕی مامی گەورەم، #مام جەلال# بکەین، کە ئەمڕۆ لە یەکەم ساڵیادی کۆچی دوایی ئه و زاتە ماندونەناسە مێژوییەدا، گەلەکەی و وڵاتەکەی، شایەتیی پاراستن و بەهێزکردنەوەی ئەمانەتییە پیرۆزەکەی دەدەن.
بیرمان نەچێت کە مامی هەموومان، لە پێناو خۆشگوزەرانیی گەلانی کوردستان و عێراقدا، بۆ ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنوسین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراند، گەشەی پێدا و ئەمڕۆش هەر لەسەر ئه و ڕێبازە، نەوەیەکی دڵسۆز و سەدان هەزار تێکۆشەر و ڕۆڵەی شەهید، پشتیوانیی لێ دەکەن.
بۆیە وێڕای پیرۆزباییم لە یەک بەیەکتان، دڵنیاتان دەکەم کە ئەم سەرکەوتنانەی ئەمڕۆمان، دەسکەوت و سەرکەوتنی هاوبەشی هەموو خەڵک و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانن و هیوادارین کە ببنە هەوێنی ئاشتەوایی و تەبایی و هاوکاریی زیاتری نێوانمان.
لە کۆتاییشدا داواکارم لە خوای گەورە یارمەتیمان بدات تا بتوانین پێکەوە، کۆتایی بە کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بهێنین و قۆناغێکی نوێ لە ئارامی و سەقامگیری و ژیانێکی باشتر بۆ گەلەکەمان لە هەرێم و عێراقدا، دەست پێبکەین.
#لاهور شێخ جەنگی#
#02-10-2018#