ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیێنێت، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستانیش 225 سندووق قردێلەی سووریان لێدراوە.
بەگوتەی هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بێت، دەبێت کاژێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3-10-2018 ئەنجامی بەرایی دەنگدانی 30ی ئەیلوول بڵاوبکرێنەوە.
سیامەند کەریم، پەیامنێری ڕووداو لە ئۆفیسیی #هەولێر#ی کۆمیسیۆن باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕایگەیاند، تەواوی فۆرمی ئەنجامەکان، کە فۆرمی ژمارە 53یە گەیشتوونەتە ئۆفیسی نیشتمانی، کە دەرئەنجامی بنکەکانی تێدایە، کارمەندانی کۆمیسیۆن هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ بەراوردکردنی زانیارییەکانی نێو ئەو فۆرمانە و داخڵکردنیان، بۆ ئەوەی لە کاژێر 6:00ی ئێوارە ئەنجامی بەرایی ڕابگەیێندرێت.
پەیامنێری ڕووداو ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 625 سکاڵا لەلایەن نوێنەری لایەنە سیاسییەکانەوە تۆمارکراون.
لە #سلێمانی# گوڕان و پارتی زۆرترین سکاڵایان تۆمارکردووە
لە ئەنجامی تۆمارکردنی سکاڵایەکی زۆر لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە لەسەر بنکەکانی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پێدەچێت 100 هەزار دەنگ بسووتێندرێت، گۆڕان و پارتیش لە سلێمانی زۆرترین سکاڵایان تۆمارکردووە.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری ڕووداو لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە سلێمانی لە دەنگدانی گشتی زیاتر لە 100 سکاڵا لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە تۆمارکراوە، زۆربەی سکاڵایەکانیش لەسەر #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# تۆمارکراون، یاخود لە سەر هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی ئەو سنوورە تۆمارکراون، یەکێتیش سکاڵای هەیە لە کۆمەڵێک ڕێگری چاودێری لایەنە سیاسییەکان و کارمەندانی کۆمیسیۆن.
پەیامنێری ڕووداو دەڵێت، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانەش، لیژنەیەکی باڵای دادوەری لە کۆمیسیۆن لە ڕۆژی دووشەممەوە لە سلێمانین، بە بڕیاری کۆمیسیۆن هەر بنکەیەکی دەنگدان داخرابێت، هێزی ئەمنی هەڵیکوتابێتە سەر، ڕێگە بە دەنگدان بە تەنیا بە ڕەگەزنامە درابێت، ئەنجامی ئەو بنکەو و وێستگانە پووچەڵ دەکرێتەوە.
پەیامنێری ڕووداو دەشڵێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 514 هەزار کەس دەنگیانداوە، ڕەنگە لە ئەنجامی ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون 100 هەزار دەنگ بسووتێندرێت، #بزووتنەوەی گۆڕان# زۆرترین سکاڵایان تۆمارکردووە، لەدوای ئەوانیش #پارتی دیموکراتی کوردستان# دێت.
لە #دهۆک# لایەنەکان 80 سکاڵایان تۆمارکردووە
زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لە پارێزگای دهۆک سکاڵایان تۆمارکردووە، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لیژنەی سکاڵا لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی چۆنییەتی پێداچوونەوە بەو سکاڵایانە.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕووداو لە دهۆک ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی دەست تۆڕی میدیایی ڕووداو کەوتووە، نزیکەی 80 سکاڵا تۆمارکراون.
ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون، لەلایەن نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە سنووری پارێزگاکە بووە، تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستان کە پارتی دەسەڵاتی دهۆکە سکاڵای لەسەر کۆمیسیۆن تۆمارکردووە، یەکێک لەوانە دابەشکردنی ئەندامانی خێزانێک لە چەند بنکەیەکی جیاوازی دەنگدان، ئەمەش بە هۆکارێک دەزانن لەوەی خەڵک لە دەنگدان سارد ببێتەوە.
هاوکات نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی دیکەش وەکو یەکێتی و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵایان تۆمارکردووە، زۆربەی سکاڵاکانیش خۆی دەبینێتەوە لەوەی ڕێگە بە بریکارەکانیان نەدراوە کاری خۆیان بە باشی بکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 3-10-2018 لیژنەی سکاڵا لەگەڵ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی چۆنییەتی پێداچوونەوە بە سکاڵاکان، بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو لە پارێزگای سلێمانی، 117 سندووق، لە پارێزگای هەولێر 57 سندووق و لە پارێزگای دهۆک 51 سندووق بەهۆی سکاڵاوە قردیلەی سووریان لێدراوە. کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە کە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو سندووقانە دەکەن.
رۆژی (30-9-2018) هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، تۆڕی میدیایی ڕووداو ئەنجامی جیاکردنەوەی لە 94%ی دەنگدانی گشتی بڵاوکردووەتەوە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند. کە ئەنجامی ڕێژەی بەشداری بەمشێوەیەیە:
پارێزگای هەولێر: 58.58%
پارێزگای سلێمانی: 54.90%
پارێزگای دهۆک: 61.87%
پارێزگای #هەڵەبجە#: 60.90%
کۆی گشتی: 59%
لە دەنگدانی تایبەت ڕێژەی بەشداری دەنگدەران گەیشتە 91%، کە پرۆسەی دەنگدان ڕۆژی هەینی ڕابردوو بەڕێوەچوو.[1]
#03-10-2018#