نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا
ئارام سدیق
نالی یەکێک لە شاعیرە کلاسیکییە گرنگەکانی کورد و هاوکات یەکێک لە دامەزرێنەرانی قوتابخانەی شیعریی بابان، کە بە هاوکاری هەریەک لە سالم و کوردی لە سەردەمی میرنشینی باباندا لە شاری سلێمانی دایانمەزراند. تا هەنووکەش کە زیاتر لە سەدەیەک بەسەر لە دونیادەرچوونی ئەم شاعیرەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا جێگەی باس و لێکۆڵینەوەی توێژەرانی کوردە. ئەمەش یەکێکە لە سیفەتە هەرە دیارەکانی هەموو شاعیرێکی داهێنەر، کە شیعرەکانی سەدەکان دەبڕێت و زەمەن زەفەری پێ نابات.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا یەکێک لەو سەرچاوانەی لەسەر نالی شاعیر بەرچاوم کەوت و خوێندمەوە نامیلکەی نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا بوو کە توێژەر هێمن عومەر خۆشناو نووسیویەتی و ساغیکردوونەتەوە. کتێبەکە باسێکە لەسەر چەند بەڵگەنامەیەک و ساغکردنەوەی هەندێک تەمومژ لەسەر ژیانی نالی. ئەو شاعیرە گۆڕغەریبەی تا هەنووکەش نەتوانراوە گۆڕەکەی بهێنرێتەوە بۆ کوردستان. لەکاتێکدا ئەو یەکێک بووە لەو شاعیرە دەگمەنانەی خزمەتێکی زۆری زمانی کوردی و وشەی کوردی کردووە. نالی کە دامەزرێنەری ئەم دیالێکتیکەیە، کە من پێی دەنووسم. تا هەمووکەش وەکو پێویست ئاوڕی جیدی لە ژیان و شیعرەکانی نەدراوەتەوە. مەبەستم لە ئاوڕنەدانەوە لە نالی تەنها بوونی توێژینەوە و باس وتاری جۆراو جۆر نییە لە نێو کایەی ئەکادیمیدا. بەڵکو دەبوو نالی شاعیر وەکو سەرمەشقێکی شیعری کوردی و هاوکات وەکو دامەزرێنەری قوتابخانەی شیعری بابان ببیتە خاڵی وەرچەرخان بۆ برەودان بە زمانی کوردی و برەودانێکی زانستیانە بە بزاوتی وەرگێڕان و گەشەپێدانی زمان و شیعریی کوردی. واتە لەبەر ئەوەی نالی بەتەنها شاعیر نییە، بەڵکو دامەزرێنەری قوتابخانەیەکی شیعریی و زیندووکردنەوەی دیالێکتیکێکی زمانی کوردییە، کە هەنووکە بۆتە زمانێکی نیمچە ستاندار بۆ نووسین و ئاخاوتنی چەند میلۆن مرۆڤی کورد.
ئەم توێژینەوەیە کارکردنە لەسەر پێنج بەڵگەنامە، کە پەیوەستن بە ژیانی نالییەوە. لەم بەڵگەنامانەدا ئەوە ڕوون کراوەتەوە، کە نالی وەکو پێشتر خرابووە ڕوو لە ساڵی 1856دا کۆچی دوایی نەکردووە، بەڵکو نزیکەی بیست ساڵ دواتر کۆچی دوایی کردووە. هاوکات ئەوەش ساغکراوەتەوە کە نالی لە شاری مەککە ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و هاوسەرەکەی ناوی زەینەب بووە. ئەمە لە دوو بەڵگەنامەدا بە وردی ئاماژەی پێ دراوە. بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی کە نالی شاعیر منداڵی هەبووبێت. هاوکات لەبارەی شوێنی کۆچی دوایی نالیشەوە ئەوە سەلمێنراوەتەوە کە ئەم شاعیرە لە ئەستەنبووڵ کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ نێژراوە. توێژەر بە وردی تەواوی ئەم بەڵگەنامانەی لەگەڵ ئەو زانیاریانەی پێشووتر لە کتێبەکانی مێژووی ئەدەبی کوردی د. مارف خەزنەدار و هاوکات هەردوو کتێبەکەی مەسعود محەمەد لەسەر نالی کە ئەوانیش (دەستەودامانی نالی و چەپکێک لە گوڵزاری نالین) بەراورد کردوونەتەوە و کەموکوڕی ئەو سەرچاوانەی دەستنیشان کردووە. هاوکات لەگەڵ زانیاری نێو کتێبی ئەنجومەنی ئەدەیبانی کوردی ئەمین فەیزی بەگیش بەراوردی کردوونەتەوە.
هاوکات لە چەند جێگەی دیکەدا توێژەر بە وردەکارییەوە زانیارییەکانی پیشووتری نێو دیوانەکەی نالی کە مامۆستا مەلا عوبدولکەریمی مودەریس ساغی کردۆتەوە لەگەڵ ئەم بەڵگەنامانەدا بەراورد کردووە و دیسان کۆمەڵێک زانیاری پشتڕاستکراوەی بۆ خوێنەری کورد خستۆتەڕوو.
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا خوێنەر چەند خاڵێکی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئەوانیش ئەوەیە کە نالی بێجگە لە دیوانی شیعرەکانی و هاوکات کتێبی مناظر الانشاء خاوەنی بەرهەمێکی دیکەیە کە بە (هەندێک فەوائیدی عەقیلە و نەقیلە) ناوبراوە، کە بۆ وەسفی خەلافەتی عوسمانی نووسراوە. هاوکات نالی خاوەنی پلەوپایەیەکی بەرز بووە لەنێو دەوڵەتی عوسمانی و فەرمانبەر بووە و موچەی مانگانەی وەرگرتووە. هەر لەم تویژینەوەیەدا ئەوەش ساغکراوەتەوە کە ئەو بۆوونانەی پییانوابووە کە نالی هاوسەری نەبووە دوورن لە ڕاستییەوە نالی هاوسەردار بووە و هاوسەرەکەی ناوی زەینەب بووە. بەپێی بەڵگەنامەکان نالی لە 23ی تشرینی دووەمی 1877 لە ئەستەنبووڵ کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بەخاک سپێردراوە.
دەستخۆشی بۆ توێژەر هێمن عومەر خۆشناو و بەهیوای ئەوەی لە کارکردن لەسەر بەڵگەنامەی لەم چەشنە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی زۆر پەنهانی دیکەی ژیانی شاعیران کە تا هەنووکە پێی ئاشنا نین بگاتە بەرچاوی خوێنەرانی کورد و زۆر لایەنی تاریکی ژیانی شاعیرانمان ڕوونبێتەوە.