ئەو کۆمپانیا ئێرانیانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ قۆناغی دووەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئامادەکردووە. ئەوان ترسیان لەوە هەیە پارەکانیان بلۆک بکرێ، بۆیە زۆر بە کەمی پارە لە بانکەکانی کوردستان دادەنێن.
لەدوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کە بە ڕێککەوتنی (5+1) ناسراوە، ئەمەریکا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئێران زیاتر گۆشەگیر بکات، ئەویش لە ڕێگەی گەمارۆی ئابووری کە قۆناغی یەکەمی لە شەشی ئابی ڕابردوو دەستیپێکردووە و گەمارۆ خراوەتە سەر کەرتی ئۆتۆمبیل و زێڕ و مادە کانزاییە بە بەهاکانی دیکە، قۆناغی دووەمیش کە بڕیارە لە 5/11/2018 دەستپێبکات، گەمارۆ دەخرێتە سەر کەرتی نەوت و بانکی ناوەندیی ئێران.
کاریگەریی قۆناغی یەکەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەر زوو دەرکەوت، دراوی ئێرانی بەهای خۆی بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەدەست دا، بە جۆرێک کۆتایی هەفتەی ڕابردوو نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی لە 20 هەزار تمەنی ئێرانی نزیک بووەوە.
ئیبراهیم مەحمود جەمالی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئاریانوپۆیا بۆ کاروباری بیناسازی، دەڵێت: هەرچەندە هێشتا عێراق و هەرێمی کوردستان بە فیعلی پابەندی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نەبوون، بەڵام گەمارۆکە لەئێستاوە کاریگەری لەسەر کارەکانی ئێمە هەبووە، خەڵک وەک پێشتر کارمان ناداتێ.
ترسی جەمالی لەو ڕۆژەیە کە عێراق پابەندی بڕیارەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران ببێ. جەمالی دەڵێت: ئەگەر عێراق بە قسەی ئەمریکا بکات، ئەوە لێرە کێشەی بانکیمان بۆ دروست دەبێ.
ئیبراهیم جەمالی و هاوکارەکانی حیسابیان بۆ ئەو ڕۆژە کردووە. ئەو دەڵێت: بەشێک لەو کۆمپانیا ئێرانیانەی لقیان لە هەرێمی کوردستان هەیە پارەکانیان نانێرنەوە ئێران. هەروەها لە ترسی بلۆککردنی حیسابەکانیان وەک پێشتر پارە لە بانکەکانی هەرێمی کوردستانیش دانانێن.
کۆمپانیاکەی ئیبراهیم جەمالی، باڵەخانە و کۆگای ساردکەرەوەی دەرمان دروست دەکات، جەمالی دەڵێت: بەهۆی دابەزینی نرخی تومەن و ئەو شڵەژانەی لە بازاڕەکانی ئێران دروستبووە، بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی ئێران هەوڵدەدەن لە دەرەوەی ئێران کار بدۆزنەوە، بەڵام زیاتر ڕوو لە کازاخستان و جۆرجیا و وڵاتانی دیکە دەکەن، زۆر کەم ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان باش نییە و کاریان دەستناکەوێ.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان، سێ هەزار و 213 کۆمپانیا و لقی کۆمپانیای بیانی لە هەرێمی کوردستان هەن، لەم ژمارەیەش 361 کۆمپانیایان ئێرانین.
بەپێی داتاکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، تا ساڵی 2009 تەنیا 129 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام لە 8 ساڵی ڕابردوودا 230 کۆمپانیای دیکە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ئەمساڵیش دوو کۆمپانیای دیکە تۆمار کراون.
شێخ ئاراس ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان بەوەکالەت لە #وەزارەتی بازرگانی# و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: دوای دابەزینی نرخی تومەن، ژمارەیەکی زۆر کرێکار، پیشەوەر، کارگە و کۆمپانیای ئێرانی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، تەنانەت ئەو کۆمپانیا ئێرانیانەی پێشتر کوردستانیان جێهێشتبوو گەڕاونەتەوە.
شێخ ئاراس بەدووری دەزانێ گەمارۆکانی ئێران کاریگەری لەسەر پەیوەندییە بارزگانییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران هەبێ. چونکە دەڵێ :ئەمریکا دەیەوێ عێراق لە بوارەکانی نەوت و کانزاکان و بەرهەمە نەوتییەکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران نەکات، بەڵام لەبەرئەوەی ئاڵوگۆری بازرگانیی ئێمە لەگەڵ ئێران زیاتر لە بواری خۆراکە، بەپێی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکانیش نابێت ڕێگری لە ئاڵوگۆڕی خۆراک بکرێ، بۆیە ئەگەر عێراق پابەندی بڕیارەکەی ئەمەریکاش بێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران هەر دەمێنێ.
بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی #داعش#ەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی کوردستانیان جێهێشت، بەڵام شێخ ئاراس دەڵێت ئەو کۆمپانیایانە وردە وردە دەگەڕێنەوە کوردستان، تەنانەت بەرنامەیان هەیە ژمارەیەک کارگەی گەورە لە بواری بیناسازی و خۆراک بهێننە کوردستان.
شێخ ئاراس گوتی: لەدوایین کۆبوونەوەمان لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ کونسوڵ و بەشی بازرگانیی کونسوڵخانەی ئێران لە #هەولێر#، ئێرانییەکان گوتیان دەمانەوێ لەداهاتوودا زیاتر لە بواری وەبەرهێنان کار بکەین، تەنانەت گوتیان توانای کۆمپانیاکانمان هیچیان کەمتر نییە لە کۆمپانیا تورکییەکان، بۆیە لەداهاتوودا هانی زیاتری کۆمپانیاکانمان دەدەین لە هەرێمی کوردستان کار بکەن.
لەکۆی 361 کۆمپانیای تۆمارکراوی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان 194 کۆمپانیایان لە هەولێر تۆمارکراون کە دەکاتە 53.7% تێکڕای ئەو کۆمپانیا ئێرانیانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
ئەو کۆمپانیا ئێرانیانەی لە هەولێر تۆمارکراون، زیاتر لە بواری بەڵێندەرایەتی، بیناسازی، ڕاوێژکاریی ئەندازیاری، بازرگانیی گشتی، خزمەتگوزاریی گواستنەوە و خۆراک کار دەکەن. تەنیا یەک کۆمپانیای ئێرانی لە هەولێر لەبواری نەوتدا کار دەکات.
پشتیوان مستەفا وەرتی، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر دەڵێت: بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە ئێران هەیە، ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی سەردانیان کردووین بۆ کردنەوەی لقی کۆمپانیاکانیان لە هەولێر، بەڵام زۆربەیان کارەکانیان ڕاگرتووە، چاوەڕێی کاردانەوەی بەشی دووەمی گەمارۆکانی ئەمەریکان بۆ سەر وڵاتەکەیان، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە لەگەڵ پابەندبوونی عێراق، مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی ئێرانیش لەکوردستان ڕابگیرێت.
پشتیوان وەرتی، گوتیشی: تائێستا هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ تۆماری کۆمپانیای ئێرانی و ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ ئێرانییەکان، بەڵام بێگومان دوای پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، هەندێ کۆمپانیا بەتایبەت ئەوانەی لەبواری نەوت و کانزا و بانک کار دەکەن گرفتیان بۆ دروست دەبێت.
پێشتر #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بۆ پابەندبوون بەگەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، لەچوارچێوەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق هەنگاو دەنێت و پابەندی بڕیارەکانی عێراق دەبێت.
دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەرچەندە ئامارێکی دروستمان نییە لەسەر قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەڵام بەگوتەی ئێرانییەکان ساڵانە بایی 6 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، بێگومان پابەندبوونی عێراق بەگەمارۆکانی ئەمەریکا کاریگەری لەسەر ئەم ئاڵوگۆڕە دەبێت، بەڵام پێمانوانییە زیانەکە زۆر بێت، چونکە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان زیاتر لە بواری خۆراکە.[1]
#04-10-2018#