بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لە 30ی ئەیلوولی 2018 پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و بەبۆنەی سەرکەوتنی لیستی #پارتی دیموکراتی کوردستان# پیرۆزبایی لە جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگر و هەموو ئەندام و لایەنگر و کادیر و هەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم. جێگەی خۆشحاڵییە کە هاووڵاتیان لە پڕۆسەیەکی دیموکراسیدا دەنگیان داوە و باشترین ڕێگەیش بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات سندووقەکانی دەنگدانە.
سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستانە، هۆشیاریی سیاسیی خەڵک پێش دەخات و کاریگەریشی دەبێت لەسەر بەرزتربوونی پێگە و ناوبانگی هەرێمی کوردستان. داوایش لە هەموو خەڵکی کوردستان و بە تایبەت جەماوەری پارتی دەکەم کە لە دەربڕینی خۆشیدا پابەندی بنەماکانی یاسا و ئاسوودەیی هاووڵاتیان بن و خۆیان لە تەقەکردن و کردەی ناشارستانی بپارێزن.
ڕەنگە زۆر کەس و لایەنی سیاسیی هەرێم ڕەخنە و تانە و تێبینیان لەسەر هەبوونی پێشێلکاری و سەرپێچی و ساختەکاری هەبێت کە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ئەنجام دراون. هەر بۆیە داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی کوردستان دەکەم بەدواداچوونی ورد و جیددی بۆ سکاڵا و سەرپێچییەکان بکات و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێپەڕینی ساختەکاری و پێشێلکاری نەدرێت و ڕاستییەکان بخرێنەڕوو.
#مەسعود بارزانی#
#04-10-2018#